هێزە ئەمنی و ئینتیزامییەکان کۆماری ئیسلامیی ئێران بە بیانووی ٢٩ی خاکەلێوە کە بە ناوی رۆژی ئەرتەش لە کۆماری ئیسلامیدا ناوزەد کراوە، مانۆڕێکی بەربڵاوی نیزامییان لە شاری مەریوان بەڕێوەبرد.
بە پێی هەواڵی گەیشتوو لە شاری مەریوان پێشنیوەڕۆی رۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ٢٩ی خاکەلێوە بە ئامادەبوونی بەشێکی بەرچاو لە هیزەکانی ئەرتەش وسپا و هێزە ئینتیزامییەکان مانۆرێکی بەربڵاو بۆ چاوترساندنی خەڵک بەڕێوەچوو.
پێش دەسپێکی مانۆرەکە چەند کەس لە دەمڕاستەکانی نیزام بە باس کردن لە هەڕەشەکان بەسەر کۆماری ئیسلامیی ئێران بەتایبەتی لە سنوورەکانی کوردستان باسیان لە بردنە سەری ڕادەی ئەمنی کردنی کوردستان کرد.
لەو رێورەسمەدا سەرتیپ حیدەر ئەمیری فەرماندەی ئەرتەشی مەریوان لە قسەکانیدا دیسانەکە هەڕەشە لە حیزبە رۆژهەڵاتەتییەکان کرد و ڕایگەیاند هەر لایەنێک کە بیهەوێ ببێتە مەترسی بۆ سەر ئیسلامیی ئێران، لە هەر کوێ جیهان بن بە توندی وڵامیان دەدەیینەوە.
بە گوتەی شاهید حاڵێک رێورەسمی رۆژی ئەرتەش بەهۆی گوشاری سەرکۆماری ئیسلامی و بەتایبەتی بەرەبەری هەڵبژاردنەکان بەشیوەی بەربڵاو ، بە هێنانی هێزێکی زۆر بە چەکی قورس و سووکەوە لە شاری مەریوان بەڕێوەچوو.
شایانی باسە ناوەندە ئەمنییەکان هەموو ساڵێک بۆنەکانی وەکوو حەوتووی بەسیج و رۆژی ئەرتەش و حەوتەی هێزە ئینتیزامی، دەکاتە بیانوویەک بۆ بە ئەمنیەتیتر کردنی شار وناوچەکانی کوردستان و هەڕەشە کردن لە حیزبە بەرهەڵستکارانی رێژیم و لە لایەک دیکەش چاوترساندنی خەڵک.











