کۆڵبەرێکی دیکهی کورد کە بۆ دابین کردنی بژیوی ژیان و وەدەستهێنانی پاروویەک نان ڕووی لە ناوچە سنوورییەکانی پاوە کردبوو، بە هۆی بەربوونەوە لە بەرزایی گیانی لە دەست دا.
سهرله بەیانی ڕۆژی رابردوو، کۆڵبەرێکی دیکهی کورد به ناوی نەزیر ئەدراک” تەمەن ٢٠ ساڵ لە گەردەنەی “تەتە” هەڵکەوتوو لە ناوچەی مەریوان بە هۆی بەربوونەوە لە هەڵدێر گیانی لە دەستدا.
بە پێی زانیارییهکان ئەو لاوە تەمەن ٢٠ ساڵهیه خەڵکی گوندی “ژیوار” سەر بە شاری مەریوان بووە کە بۆ دابینکردنی بژیوی ژیانی ڕووی کۆڵبەری کردبوو و بهداخهوه له چیا ههڵدهدێردرێ و گیانی لهدهست دهدا و ئێستا تەرمی ئەو کۆڵبەره لە ساردخانەی شاری مەریواندا ڕاگیراوه.
لە دەسپێکی ساڵی نوێ تا ئێستا نەتەنیا گرفتی کۆڵبەران چارەسەر نەکراوە بەڵکوو هێزە چەکدارەکانی رێژیم وەکوو ساڵانی پێشوو کۆڵبەرانی بێدەرەتان دەکەن بە ئامانجی تەقەی ڕاستەوخۆ.
هەر لە چەندرۆژی ڕابردوودا لە ناوچەی سەردەشت دوای راودۆنانی کۆڵبەران وکاسبکاران لە نێو سنوورەکانی هەرێمی کوردستان بە فیشەک وتەقەی هێزەچەکدارەکانی رێژیم ٤ کۆڵبەر گیانیان لەدەست دەدەن وو ١١کەسی دیکەش بەتوندی بریندار دەبن. هەر ئەمەش لە میدیاکان و بەتایبەتی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان دەنگدانەوە و تووڕەبوونی خەڵکی لێکەوتەوە.
کێشەو گرفتی کۆڵبەری و پێشلکردنی مافی کۆڵبەران ئەگەرچی گەیشتووتە ئاستی کارەساتێکی کۆمەڵایەتی و سیاسی بەڵام سەرەڕای وادەوبەڵێنیەکانی ناوەندە پێوەندیدارەکان تاکوو ئێستا وەک خۆی ماوەتەوە.
بە گوتەی کارناسانی کۆمەڵایەتی کۆڵبەری نەتەنیا وەکوو پیشەو کار بە ئەژمار نایەت، بەڵکوو نمادی هەڵاواردنی چینایەتی مرۆڤی کوردە لە سیستەمی کۆماری ئیسلامیدا.