ساڵانە بە دەیان کەس لە کۆڵبەران و کاسبکارانی ناوچە سنوورییەکان لایەن هێزە سەرکوتکەرە ئەمنیەتییەکانی رێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە گیانیان لێ دەستێندرێ و بە سەدان کەسیش بە هۆی پەلامارو تەقە لێکردنەوە بریندارو زیان لێکەوتوو دەبن. بەڵام ئەوەی لەم نێوەدا جێی سەرنج و ئاوڕلێدانەوەیە، بێهەڵوێستی خودی کاسبکاران بە تایبەتی و خەڵکی کوردستانە بە گشتی بەرانبەر بە هێرش و پەلامارو سەرکوتکارییەکانی هێزەکانی رێژیم! با چیدیکە پاساو بۆ بێهەڵوێستی خەڵک لەم پێوەندییەدا نەهێنینەوەو ئازایانە وێڕای رەخنەگرتن لە بێتەفاوەتی و خەمساردیی خەڵک بەرانبەر بەو هەمووە پێشێلکاری و زوڵم و زۆریانەی دەرحەقیان دەکرێ، “دەرزییەکیش لە چاوی خۆماندا ببینین”. هیچ قسەی تێدا نیە کە رێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران رێژیمێکی دژی گەلی و دڕندەیەو هێزە ئەمنیەتییەکانی ئەم رێژیمە جیا لە کوشتن و بڕین و سەرکوت و داپڵۆسین و جەنایەت هیچی دیکەیان نە لە دەست دێ و نە جیا لەم کردەوانەیش وەزیفەیەکیان بۆ دیاری کراوە. بەڵام پێویستە دان بەو راستێهیەش دا بنێین کە ئەوەی زیاتر لە هەمیشە ئەم رێژیمەو هێزە سەرکوتکەرەکانی بۆ بەجێگەیاندنی ئەم کردەوەو ئەرکە دژی ئینسانیانە هان داوەو لێی ناپرینگێنەوە، بێتەفاوەتی و بێهەڵوێستی خودی خەڵکە!! بەداخەوە خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان تووشی دیاردەیەکی پڕمەترسیدار بوون کە ئەوەیش عادەتکردن بە قبووڵکردنی زوڵم و زۆرییە. ئەگەر بە هێنانەوەی نموونە زیاتر باس لە بێتەفاوەتیی خەڵک بەرانبەر بە کردەوەکانی رێژیم و هێزە سەرکوتکەرەکانی و عادەت پێکردنیان بە سەرکوت و کوشتن و برێن بکەین، هیچ پێویست بە خۆماندووکردنێکی زۆر ناکات؛ هەر لە ماوەی یەکساڵی رابردوو نزیک بە ٢٠ کەس لە کۆڵبەران و کاسبکارانی ناوچە سنوورییەکانی سەردەشت، مەریوان، بانە، رەبەت، پیرانشارو شنۆ، ورمێ و سەڵماس بە تەقەو دەسرێژی چەکی هێزە سەرکوتکەرەکانی رێژیم گیانیان لێ ئەستێندراوەو بە دەیان کەسیش بریندار بوون. بەڵام هەر لە ماوەی یەکساڵی رابردوودا جیا لە هێندێک هات و هاواری بێ ئاکامی سەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، هیچ نارەزایەتی و دەنگ هەڵبڕێنێک بەرانبەر بەم جەنایەت و سەرکوتکاریانە نەهاتە ئاراوە. نەتەنیا کۆمەڵگای مەدەنیی کوردستان و چین و توێژەکانی دیکەی کۆمەڵگاو کاربەدەستانی کورد؛ لە نوێنەرانی پارلمانەوە بگرە تا شووراکان بێدەنگ و بێتەفاوەتن، بەڵکوو تەنانەت هەر ئەو چینە کاسبکارو زەحمەتکێشەیش بە خۆیان و بنەماڵەکانیانەوە کە بە دەیانهەزار کەس دەبن، چووکەترین هەڵوێستی نارەزایەتییان دەرحەق بە تەواوی ئەو کوشتارو سەرکووت و جەنایەتانە نەبوو. لێرەدا نامانهەوێ باس لە هۆکارەکانی ئەم بێتەفاوەتی و بێهەڵوێستییەی کۆمەڵگای کوردستان بکەین کە بێگومان ئەگەر بە شەهامەتەوە باسیان بکەین بەشێکی هەر بۆ خۆمان دەگەڕێتەوە. بەڵام ئەوەی لێرەدا و لە کۆتاییدا دەمانهەوێ باسی لێوە بکەین، شوێنەواری ئەم بێدەنگی و بێتەفاوەتیانەیە لە سەر سیاسەتی سەرکووت و داپڵۆسینی رێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران. رێژیم و هێزە سەرکوتکەرەکانی ئەگەر بەرانبەر بە ئەم سەرکوت و جەنایەت و کوشتارانەیان هەست بە هیچ بەرهەڵستارییەکی جەماوەری و نارەزایەتییەکی خەڵکی و گەلی نەکەن، گومانی تێدانیە رۆژ لە گەڵ رۆژ هارتر لە رابردوو دەستیان لە کوشتن و سەرکوت و داپلۆسین دا ئاوەڵاتر دەبێتەوە. بۆیە پێویستە کۆمەڵگا بە هەموو چین و توێژەکانیەوە لەو بێتەفاوەتییە بێتەدەر و کۆتایی بەو بێدەنگییە بێنن. ئەرکی کۆمەڵگای مەدەنیی کوردستانە کە بە رێکخستنی خەڵک و بە شێوەی هێمنانە لە سەر شەقامەکان داوای لێپرسینەوە لە دامودەزگا داپڵۆسێنەرانە بکەن، نوێنەرانی پارلمان ئەگەر خۆیان بە نوێنەری ئەم خەڵکە دەزانن، یەکگرتووانە دەنگی نارەزایەتی خۆیان رووبە پارلمان بکەنەوەو و خەڵک بە گشتی بەدواداچوون بۆ کێشەکان بکەن و هەوڵ بدەن پاشەکشە بەم سیاسەت و کردەوەی کوشتن و سەرکوتی رێژیم و هێزەکانی بکەن، دەنا نابێ چاوەڕوان بن خەڵک وەک نوێنەری خۆیان چاویان لێبکەن، تەنیا لەبەر ئەوەی دەنگیان هێناوەتەوە. دەنگهەڵبڕینی هێندێک نوێنەری مەجلیس ئەگەر بۆ خۆ دەرخستن نەبێ، دەبێ ئاسەواری کردەیی لێببینرێ.