کافە کتێبی ئەندێشە لە درێژەی کار و چالاکییەکانی خۆیدا، ڕۆژی هەینی 25خاکەلێوە لە شاری پیرانشار ، کۆڕێکی ڕێزگرتنی بۆ بەڕێزان ” سەلاح پایانیانی” و ” لەیلا نوورانی” ڕێکخست.
لەم ڕێوڕەسمەدا کە کۆمەڵێک شاعیر و ئەدیب و نووسەر لە شارەکانی بۆکان، سەردەشت، شنۆ، مەهاباد، نەغدە و پیرانشار تێیدا ئامادەبوون، ستایشی هەوڵ و چالاکیی چەندین ساڵەی “کاک سەلاح و خاتوو لەیلا ” کرا کە لە پێناو تۆمارکردن و پاراستنی کلتوور و چاندی کوردەواریی ماندوویینەناسانە هەنگاویان ناوە.
لە سەرەتای ڕێوڕەسمەکەدا له لایەن “فاڕوق بوداقی”ـیەوە پەیامی دەستەی بەڕێوبەرایەتی بنکەی مەدەنی ئەندێشە پێشکەش کرا.
لەو پەیامەدا بەڕێوەبەرایتەی کافە وێڕای ستایشی تەمەنێک تێکۆشانی بێ وچانی سەلاح پایانیانی ، پڕۆژەی فەرهەنگنووسی موکریانی بە دەستپێکی کارێکی مەزن زانی کە دەتوانێ پارێزەری بەشێکی بەرچاو لە زمان، داب، نەریت و فۆلکۆری کوردی لە کوردستان بێت.
لە درێژەی ڕێوڕەسمەکە دا “سەلاح پایانیانی”، نووسەری فەرهەنگی زارەکی موکریان، لە قەوارەی وتارێکدا، سپاسی هەموو ئەو کەسانەی کرد کە لە مێژووی چالاکییەکانی دا یارمەتیان داوە. هەروەها لە درێژەی باسەکەی دا، سەرەڕای جەخت کردنەوە لەسەر ئاستەنگییەکانی نووسینەوەی فەرهەنگ لە کوردستان و بە زمانی کوردی، هاوکات سەبارەت بە زەروورەتی پڕۆژەی فەرهەنگنووسی دوا و، ئاواتی خواست کە نووسەرانی تازە پێگەیشتوو، لەم ڕیبازەدا هەنگاو بنێن و کتیبخانەی فەرهەنگنووسیی کوردی دەوڵەمەند تر بکەن.
هەروەها خاتوون “لەیلا نوورانی”، لە چوارچێوەی وتارێک دا، چۆنییەتی نووسینی پەرتووکی “فەرهەنگی ژنانی موکریان” بۆ ئامادەبووان شی کردەوە و هۆکارە سەرەکییەکانی نووسینی ئەم فەرهەنگەی بۆ ئەو دوو خاڵەی خوارێ گەڕاندەوە:
١.ناساندنی جیاوازییە کلتورییەکانی ناوچە جۆربەجۆرەکانی هەرێمی موکریان، سەبارەت بە شێوازی داب و نەریتەکانیان.
٢. تیشک خستنە سەر کێشەی ژنانی کۆمەڵگا و بەسەر هاتەکانی ژنانی موکریان لە مێژوودا.
لە بەشێکی تری ڕێوڕەسمەکەدا، “ئەحمەد بەحری” وتارێکی تایبەت بە بەرهەمەکانی ئەو دوو فەرهەنگنووسە خوێندەوە.
هەروەها ڕەهبەر مەحموودزادە سەبارەت بە بەرهەمەکانی ئەم نووسەرانە گوتارێکی پیشکەش کرد.
لە میانەی رێوڕەسمەکەدا, ئەحمەد ئەحمەدیان, وتارێکی پێشکەش بە بەشداربووان کرد و تێیدا جەختی لەسەر گرینگی کارەکانی پایانیانی کرد و ئەم کارەی وەک ژێدەرێکی پڕبەها بۆ توێژینەوەکانی هەموو بوارەکانی زانستی مرۆیی ناو برد.
پاشان یونس ڕەزایی لە کۆتایی ڕێوڕەسمەکەی دا وتاری خۆی پێشکەش بە بەشداربووانی کۆڕەکە کرد و تێیدا ئاماژەی بە گرینگی بەرهەمەکانی پایانیانی کرد کە دەکرێ وەک سەرچاوەیەکی فرەرەهەند چاویان لێ بکرێ.
لە کۆتایی رێورەسمەکە، ئامادەبوان پرسیارەکانی خۆیان ئاراستەی نووسەرانی ناوبراو کرد.