سپای پاسداران ٤ کۆڵبەری دیکەی کوشتو زیاتر لە ٥ کۆڵبەریش بریندارن بەهۆی تەقەی راستەوخۆی سپای پاسدارانی ئێران لە کۆمەلێک خەڵکی کاسبکار و کۆڵبەری ناوچەی سەردەشت ژمارەیەک لەوان گیانیان لەدەستدا و چەند کەسێکیش بریندار بوون. هێزەکانی سپای پاسدارن لە ناوچەی هێرۆ لە نێو خاكی باشوری کوردستان کۆمەڵێک کاسبکار و کۆڵبەریان داوەتە بەر تەقەی راستەوخۆ و، زانیاریەکان باس لەوە دەکەن تا ئێستا ٤ کۆڵبەر گیانیان لەدەست داوەو ١١ کەسی دیکەش بریندار بوون. “ئەحمەد مام قادری” خەڵکی گوندی”بێوران” ی سەردەشت ناوی یەکێک لە برینداربووانە، ئەو پەلامارەی هێزە چەکدارەکانی سپای پاسداران بۆ سەر کاسبکارانە. رائید حەسەن خدر، بەڕێوەبەری پۆلیسی قەلادزێ بە تۆڕی میدیایی “ڕووداو”ی راگەیاندوە: لەسەر سنووری نێوان رۆژهەڵات و باشووری كوردستان ژمارەیەك كۆڵبەر بە تەقەی پاسدارانی ئێران برینداربوون. رائید حەسەن دەڵێ سەرجەم کۆڵبەرەکان خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانن و لە نزیک ناوچەی هێرۆیانی سەر سنووری باشوور و رۆژهەڵات دراونەتە بەر دەستڕێژی هێزە چەکدارەکانی ئێران.
بە پێی هەواڵی گەیشتوو لە ناوچەی سەردەشت دوابەدوای تەق کردن و کوژرانی ئەفسەرێکی هێزەکانی ئەینتیزامی بە دەستی چەند چەکدارێکی نەناسراو، هێزەکانی ئینیتزامی لە ناوچەی پیرانشارو سەردەشت لە حاڵەتی ئامادەباش دان.
ئەفسەری کوژراو، بە ناوی مەهدی سەلماسی بەرپرسی ئیدارەی بەربەرەکانی لەگەڵ قاچاخ دەستێکی باڵای هەبووە لە ئازارو ئەزیەتی کاسبکاران و کۆڵبەرانی کورد لە سەر سنووری سەردەشت وپیرانشار.