کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان کۆبوونەوەیەکی بۆ باسو تاوتوێی هەڵبژاردنەکانی دادێی سەرۆککۆماریو شوڕای ئیسلامیی شارو گوندەکان لە ئێران پێکهێنا.
لەو کۆبوونەوەیەدا کە ڕۆژی شەممە، ٢٦ی خاکەلێوەی ١٣٩٦ ( ١٥ی ئاوریلی٢٠١٧) بە بەشداریی ئەندامانی ڕێبەریی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانو کۆمەڵێک کەسایەتیو تێکۆشەری ئەو حیزبە بەڕێوەچوو، کۆمەڵێک پرسی سیاسی و تەشکیلاتی خرانە دەستووری کارەوە کە هەڵبژاردنەکانی مانگی جۆزەردان لە ئێران گرنگترینی ئەو باسانە بوو.
کۆبوونەوەی مەشوەرەتیی کۆمیتەی ناوەندی بە ڕاوەستان بۆ ڕێزگرتن لە یادو بیرەوەریی شەهیدانی کوردستان دەستی پێکردو کاک مستەفا مەلوودی، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکڕات لەگەڵ خستنەبەرباسی دەستووری کاری کۆبوونەوە، دەرگای باسو ڕاوێژی بۆ بەشدارانی کۆبوونەوەکە کردەوە.
لەبەشی باس لە هەڵبژاردنەکاندا بهشدارانی پلینۆم باسێكی چڕ و دهوڵهمهندیان لە سەر بارودۆخی سیاسیی ئێستای ئێرانو کوردستانو بەستێنەکانی بەڕێوەچوونی ئەو هەڵبژاردنانە کرد کە بڕیارە لە ٢٩ی بانەمەڕ دا بەڕێوە بچن.
بەشدارانی کۆبوونەکەوە بە ئاماژە بەو هۆکارانهی دهرهتانی بهڕێوهچوونی ههڵبژاردنێكی ئازادو دێموکڕاتیکیان له ئێراندا لە نێو بردوەو بە کردەوە ئاڵوگۆڕی دەسەڵاتو گۆڕانکاری لە شێوەی ئیدارەو بەڕێوەبەریی وڵاتیان لە مانای خۆی بەتاڵ کردۆتەوە؛ لێکدانەوەیەکی چڕو پڕیان بۆ کارنامەی ٤ ساڵ سەرکۆماریی حەسەن ڕوحانی کرد کە پێش هەڵبژێرانی زۆرترین وادەو بەڵێنیی بە خەڵکی کوردستانداو؛ کەمترینی ئەوانیشی نەبردە سەر.
بەشدارانی کۆبوونەوە بە تیشکخستنە سەر ئەوەی هەڵبژاردنەکان لە ئێران هەموو کاتێک بۆ حیزبی دێموکڕاتی کوردستان گرینگیی خۆی بووەو سەرەڕای مکانیزمە داسپاو و نادێموکراتیکەکان لەو پڕۆسەیەداو هەروەها دەستێوەردانی ناوەندی سەرەکیی بڕیار لە ئێران واتە بەیتی رێبەریو ناوەندە ئەمنیەتییەکان لە مهەندیسیکردنی هەڵبژاردنەکانو یەکلاکردنەوەی دەرەنجامەکانی؛ بەو حاڵەش وەک بەستێنیک بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتیو هاندانی خەڵک بۆ هێنانە بەرباسی مافو داواکانیان سەیری کردوە.
بەشدارانی کۆبوونەوەی کۆمیتەی ناوەندی لە باسەکانیاندا بە ئاماژە بە هەڵویستو خوێندنەوەی دروستو واقعبینانەی حیزبی دێموکراتی کوردستان بۆ پرسی هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماری لە ئێران لە ڕابردوودا؛ کە ئەگەر دەرفەتێکی بۆ پاشهکشهکردن به سیستهمی سیاسیی وڵاتو جێبهجێبوونی مافی خهڵک تێدا دیوە گەمەی چالاکانەی تێدا کردوەو ئەگەر تروسکایییەکی لە پێوەندی لەگەڵ هاتنە ئارای مافو داواکانی خەڵکدا نەدیبێ بایکۆتی کردوە؛ تیشکیان خستەسەر ئهو فاکتۆرانەی هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماری ئەمجارەیان لە هەموو زهرفییهتەکانی بەتاڵ کردۆتەوە.
هەر لەو چوارچێوەیەدا کۆبوونەوەی کۆمیتەی ناوەندی بە بەرزنرخاندنی ئەو هەوڵانەی لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەو ماوەیەدا بۆ دروستکردنی هاودەنگیو هەڵویستی هاوبەش لە پێوەندی لەگەڵ هەڵبژاردنەکاندا داویانە، دهفتهری سیاسیی راسپارد کە بۆ ئەو مەبەستە درێژە بە دانیشتنەکان لەگەڵ ئەو لایەنانە بدا.
له بەشێکی دیکەی کاری ئەو کۆبوونەوەیەدا پرسی هەڵبژاردنەکانی شورای ئیسلامیی شارو دێیەکانو جیاکاریو تایبەتمەندییەکانی ئەو هەڵبژاردنەش کەوتە بەرباسێکی فرەرەهەندیی بەشدارانو ئەو بابەتە لە گۆشەنیگای جۆراوجۆرەوە هەڵسەنگێندرا.
پرسی چەندیو چۆنیی پێوەندیی هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانو چەند بابەتێکی تەشکیلاتی لهپێوهندی لهگهڵ باشتر بهڕێوەچوونی کاروباری حیزب چەند مژارێکی دیکەی باسو خواسەکانی ئەو کۆبوونەوەیە بوون کە بڕیاری پێویستیان بۆ وەرگیرا.