فاینشناڵ تایمز دەڵێ هێزە دهریاییهکانی ئێران لە عهمهلیاتێکدا لە كەنداوی فارس دەستیان بەسەر پاپۆڕێكی بارهەڵگر داگرتووە كە ئاڵای “كەنارەكانی مارشاڵ”ی پێوە بووەو، ئەم هەوڵەی كۆماری ئیسلامی بە ئەگەری زۆر گرژییە نێودەوڵەتییەكان لە ناوچەی هەستیاری كەنداوی فارسدا چڕتر دەكا.
بەپێی ڕاپۆرتی پێنتاگۆن، پاپۆڕی تایگریس لە كاتی تێپەڕین له تهنگهی هورموز بەرەو كەنداوی فارس، لە لایەن چەند پاپۆڕی گەشتیی هێزی دەریایی ئێرانەوە ڕێی پێ گیراوهو لە حاڵێكدا كە تەقەی وریاكردنەوەی لێ كراوە، بەرەو بەندەری لارك لە نزیك قێشم ڕاگوێزراوە.
بهپێی ئهو ڕاپۆرته پاپۆڕی “یوو ئێس ئێس فاراگوت”ی هێزی دەریای ئامریكا، ئەم بارودۆخەی لە ژێر چاوەدێری گرتووە، بەڵام هیچ كام لە سەرنشینانی ئەم پاپۆڕە ڕاگیراوە سەر بە هێزی دەریایی ئامریكا نین.
جێری هێندریكس، دهریاسالاری خانەنشینكراوی هێزی دەریایی ئامریكا لە ناوەندی “نیوو ئەمریكێن سیكیۆریتی” لە واشینگتۆن، لە بابەت ئەم ڕووداوە دهڵێ بە سەرنجدان بە گەرەنتییە ئەمنیەتییەكانی ئامریكا بە كەنارەكانی مارشاڵ، ڕاگرتنی ئەم پاپۆڕە “ململانێیەكی ڕاستەوخۆ دەبێ” بۆ ئامریكا.
بەقسەی ناوبراو، ئەنجامی هەوڵەكانی ئێران لاواز كردنی ئیعتیباری ئامریكاو بەهێز كردنی ئیعتیباری كۆماری ئیسلامی لە كەنداوی فارسەو؛ دەوڵەتی ئۆباما دەبی بەپهلهو لێبڕاوانە هەوڵی ئازاد كردنی ئەم پاپۆڕە بدا.