عەبدوڵلا حەکیمزادە، ناسراو بە مێرزا عەبدوڵڵا مامۆستایەکی نیشتماندۆست و بەهەڵوێست، دوای تەمەنێک سەرفەرازانە، رۆژی ٢١ی خاکەلێوە ماڵاوایی لە ژیان کرد.
بە پێی هەواڵی گەیشتوو لە شاری سەردەشت مێرزا عەبدوڵڵا حەکیمزادە، مامۆستایەکی دەروەست بە گەل ونەتەوەکەی و، هەڵکەوتوو لە بنەماڵەیەکی خۆشناو و خەباتکار بە هۆی نەخۆشییەوە کۆچی دوایی کرد.
ناوبراو یەکێک بووە لە هاوکارانی تێکۆشەرانی ساڵی ٤٧ی هەتاوی و بە هۆی یارمەتیدان بە شەهید مەلا ئەحمەد هەمەوەندی و، شەهید مەلا ئاوارە، بۆ ماوەیەک دەکەوێتە زیندان و، بۆ ماوەی دووساڵیش کاری مامۆستای لێ دەستێننەوە.
مێرزا عەبدوڵڵا کە لەساڵی ١٣٣٦هەتاوی تا ساڵی ١٣٦٧ی هەتاوی لە قوتابخانەکانی ناوچەی سەردەشت خزمتی کردو، لە ساڵی٦٧ی هەتاوی خانەنشین کرا.
ناوبراو وەکوو تێکۆشەر و مامۆستایەک، خۆشەویستی خەڵکی ناوچەکە بوو، هەر بۆیە لە ناو ئاپۆڕای خەڵکی ناوچەی سەردەشت بە خاک سپێردرا.
راگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان وێڕای پرسە وسەرەخۆشی کردن لە سەرجەم خەڵکی ناوچەی سەردەشت ، بەتایبەتی بنەماڵەی بەرێزی حەکیمزادەکان، خۆی لە خەمیان بەشدار و، شەریک دەزانێ.