بەشێکی بەرچاو لە دوکانداران و کاسبکارانی شاری سنە رۆژی ڕابردوو ٢٣ی خاکەلێوە بە نیشانی نارەزایەتی دەربڕین بەرانبەر بە کەمتەرخەمیی بەرپرسانی ئەوشارە ، دوکان و پاساژ و بازاریان داخست.
یەکێک لە مانگرتووان بە ناوەندی هەواڵی کوردستان وکورد ڕایگەیاند؛ سەرەڕای ئەوە کە شارەداری و ناوەندەکانی دیکە پارەیەکی زۆر لە ئێمە وەردەگرن بە بیانووی جۆراجۆر، بەڵام دیسان کاسبکاران ودوکاندارانی شاری سنە لەگەڵ گرفت وکێشەی زۆر رووبەڕوون، بۆ نموونە شارەداری بڕیاری داوە کە کێشەی دەسفروشانی سەرشەقام چارەسەر بکا، بەڵام ئەو کێشانە وەک خۆی ماوەتەوە، لە لایەک دیکەش رۆژ بەرۆژ نرخی عەوارز و ماڵیات بە بێ هیچ خزمەتگوزارییەک دەچێتە سەر، هەر ئەمەش بۆ هۆی مانگرتنی کاسبکاران و داخستنی دوکان وبازاڕی شاری سنە.
شایانی باسە ساڵی رابردوو شارەداری شاری سنە بە هاوکاری هێزە ئینتیزامییەکان هێرشیان کردە سەر دەسفرۆشانی سەرشەقام ، بە هۆی لێدان و تاڵان کردنی کەلوپەلی دەسفرۆشانی سەر شەقام نارەزایەتی و شەڕ وتێکهەڵچوون هاتە ئاراوە.
دوای ئەوە بڕیار بوو شارەداری شاری سنە لە زووترین کات کێشەی دەسفرۆشانی سەرشەقام چارەسەر بکا، بەڵام تاکوو ئێستا هیچ هەنگاوێکی بە کردەوەی هەڵنەهێناوە.
جێیئاماژەیە دەسفرۆشی، رێگەیەکە بۆ دابینکردنی بژیوی ژیان ئەویش بە ناچاریی، کە بەهۆی نەبوونی دەرفەتی کاری باشتر و دەسکورتی خەڵك،بەشێک لە خەڵکی شارەکانی کورستان رووی تێدەکەن و کێشەو گرفتی تایبەت بە خۆی هەیە.