بەداخەوە ئاگادارکراینەوە کە یەکێک لە یارانی بەوەفای کۆماری کوردستان بە ناوی محەممەد قەزاق ناسراو بە ممی خانی قەزاق لە ناوچەی مەهاباد دڵە پڕ لە ئاواتەکەی لە لێدان ڕاوەستا.
محەممەد قەزاق دوستی بە ئەمەگی پێشەوا و بنەماڵەی بەرێزی پێشەوا و لە دۆستان و هۆگرانی کۆماری مەزنی کوردستان دوای تەمەنێک سەرفەرازانە لە یەکەم رۆژانی بەهاری ٩٦ی هەتاوی بۆ هەمیشە سەری نایەوە.
ممی خانی قەزاق، پیاوێکی ڕەزا سووک و خەمخۆری گەل و نیشتمانەکەی بوو، هەتا دوا چرکەی تەمەنی یەکێک لە وەفادارانی رێبازی پێشەوا قازی محەممەد بوو.
ناوبراو سەر بە خێڵی ناوداری قەزاقەکان بوو، کە لە هەمەدانەوە هاتوونەتە ناوچەکانی کوردستان، کە دوای نیشتەجێی بوونیان لە مەهاباد دەبنە دۆستی هەرە نزیکی بنەماڵەی قازی.
ممی خان لە دایکبووی ١٣٠٣ی هەتاوی لە شاری مەهابادبوو کە بە هۆی تێکڵاوی لە گەڵ ماڵباتی قازی عەلی ،دەبێتە هۆگری ئازادیخوازانی گەلی کورد و، لە هەڕەتی لاویەتیشدا دەچێتە ریزی کۆماریخوازەکانەوە.
حاج محەممەد قەزاق دوای تەمەنێک ژیان بە ڕووسووریی، لە شاری مەهاباد کۆچی دوایی کردو، هەر لە گۆڕستانی بداغ سوڵتان بەخاک سپێردرا.











