لە رێورەسمێکدا یادی ٧٤ساڵەی دامەزراندنی ڕێکخراوی یەکیەتیی لاوانی دیموکراتی رۆژهەڵاتی کوردستان لە بنکەی دەفتەری سیاسیی حیزبی دیموکراتی کوردستان کرایەوە.
پاشنیوەڕۆی رۆژی سێشەممە ٢٢ی خاکەلێوەی ٩٦ی هەتاوی لە یەکێک لە سالۆنەکانی بنکەی سەرەکیی حیزبی دیموکراتی کوردستان بە بۆنەی ساڵرۆژی دامەزرانی ڕێکخراوی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی رۆژهەڵاتی کوردستان رێورەسمێک بەڕێوەچوو.
ئەو رێورەسمە بە ئامادەبوونی بەشێک لە کادرو پێشمەرگەو ئەندامانی حیزبی و چەند کەس لە مێوانانی خەڵکی باشووری کوردستان بە ماڕش وسروودی نەتەوەیی ئەی ڕەقیب و ڕاگرتنی خولەکێک بێ دەنگی، بۆ ڕێزلێنان لە سەرجەم شەهیدانی سوورخەڵاتی کوردستان بەتایبەتی شەهیدانی لاو، دەستیپێکرد.
دواتر شەونم هەمزەیی بەڕێوەبەری ئەو کۆڕیادە وێڕای بەخێرهاتن کردنی مێوانان و ئامادەبووان ، کورتەیەک لە مێژووی دامەزارندنی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی رۆژهەڵاتی کوردستانی خوێندەوە.
دواتر پەیامی دەفتەری سیاسیی حدک، لەلایەن سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان هاوڕێ مستەفا مەولوودی پێشکەش بە بەشدرابووان کرا.
سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە نوێنەرایەتی دەفتەری سیاسی وڕێبەرایەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە، چەند وتەیەکی بەبۆنەی ساڵرۆژی دامەزرانی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی رۆژهەڵاتی کوردستانی باس کرد.
بەڕێزیان بە باس کردن لە گرینگی قوناخی لاویەتیی بەتایبەتی لە بواری بەڕێوەبەرایەتی وئیدارەی کاروباری سیاسی وفەرهەنگی ومەدەنی، لەوبارەوە بۆ ئامادەبووان دوا.
ناوبراو بە وەبیرهێنانەوەی دەورو ڕۆڵی لاوانی کورد لە دامەزراندن و ئاراستە بەخشین بە دەوڵەتی جمهوری کوردستان لەو پێوەندییەدا گوتی: لاوانی کورد لە سەردەمی کۆمارەوە، وێڕای کاریگەرییان لەسەر کۆماری کوردستان و، دامەزراندنی ڕێکخراوەی تایبەت بە خۆیان لە درێژەپێدان بە ئامانجەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان هەردەم لە مەیدانی خەباتدا دەورونەخشی بەرچاویان هەبووە، لە زیندووکردنەوەی بزووتنەوەی کورد لە ساڵانی ٤٦و ٤٧ی هەتاویڕابگرە ، هەتاکوو قوناخە جیاجیاکانی خەباتی مافخوازانەی گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان.
ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا وتی: کە سەیری ئارشیڤی وێنە وناوونیشانی شەهیدانی گەلەکەمان دەکەین تێدەگەین نزیک لە سەتا ٨٠ی فیداکاران و خەباتکارانی گەل، لە هەڕەتی لاویەتیدا ئازایەتییان لەخۆیان نیشان داوە و، بۆ سەرخەستن وسەربەستی وڵاتەکەیان لە هیچ جۆرە تێکۆشانێک دەریغییان نەکردووە.
لە لایەک دیکەشەوە لاوانی خوێنگەرم و هزرمەند، لە بوارەکانی دیکەدا کاریگەریی ئەرینی و، بەرچاویان هەیە ودەتوانن زیاتر رێگەخۆشکەری سەرکەوتنی گەلەکەیان بن.
بەڕێز مستەفا مەولوودی سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە باس کردن لە دەرفەت وبەستێنی ئاوەڵەی حیزبی دێموکراتی کوردستان و لێهاتوویی ڕێکخراوی یەکیەتیی لاوانی دیموکراتی رۆژهەڵاتی کوردستان ،باسی لە پێوەندی نێوان حیزب و ڕێکخراوی یەکیەتیی لاوان کرد.
پاشان هاوڕێ پێشەوا عەلیپوور سکرتێری گشتیی یەکیەتیی لاوانی رۆژهەڵاتی کوردستان، بەو بۆنەیەوە پەیامێکی پێشکەش کرد.
ناوبراو سەرەتا بە باس کردن لە مەبەست وئامانجی دامەزراندنی ڕێکخراوی یەکیەتیی لاوان لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە سەروبەندی <کۆمەڵەی ژێکاف> چەند خالێکی لەوبارەوە خستەبەرباس.
پێشەوا عەلیپوور، بە ئاماژەدان بە چالاکیی لاوانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە شارو ناوچە جیاجیاکانی کوردستان کە لەساڵیادی دامەزراندنی یەکیەتیی لاوان بە چالاکیی خۆیان دەنگی لاوانی دیموکراتی کوردستانیان بە گوێ خەڵک ڕاگەیاند، هەروەها بە دەستخۆشی کرد لە چالاکیی لاوانی دەروەی کوردستان کە لە هەوڵدان دەنگی مافخوازانەی گەلی کورد بە کۆڕوکۆبوونەوە نێونەتەوەییەکان بگەێنن، سپاس ودەسخۆشی لێیان کرد.
سکرتێری گشتیی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی رۆژهەڵاتی کوردستان، لە درێژەی قسەکانیدا بە خستنەرووی هەلومەرجی رۆژهەڵاتی کوردستان، هاتنەمەیدانی لاوانی رۆژهەڵاتی لە بۆنە نەتەوەییەکاندا ، وەکوو نەورۆزی ٩٦ی هەتاوی بەرز نرخاند.
لە بڕگەیەکی دیکەدا بە هاوکاری دوو هونەرمەندی نێو ریزەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستان رێبوارحەسەنی و ئارام ئیزەدپەنا گۆرانییەک پێشکەش کرا.
لە بەشێکی دیکەی ئەو رێورەسمەدا یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان وێڕای پێشکەش کردنی چەپکە گوڵێک پەیامێکیان بەو بۆنەوە خوێندەوە.
لە پەیامەکەی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستاندا، کە هاوڕێ سروشت موساپوور خوێندیەوە، وێڕای پیرۆزبایی کردنی ٧٤ ساڵەیی دامەزرانی یەکیەتیی لاوانی دیموکراتی رۆژهەڵاتی کوردستان، بە خستنەبەرباسی رەوشی ئێران ورۆژهەڵاتی کوردستان و، هەلومەرجی سیاسی وفەرهەنگی نێوخۆی وڵات و، زەبر وگوشاری حکوومەتی ناوەندی، بەسەر لاوانی چالاک و تێکۆشەر،بەڕێزەوە باسی لە هەرچەشنە جمۆجۆڵی نێوخۆی رۆژهەڵاتی کوردستانی کرد کە لەسەر دەستی لاوانی بەئەمەگ وخوێنگەرمی کورد دێنە ئاراوە.
دواتر شێعرێک کە لە رۆژهەڵاتی کوردستانەوە کە پێشکەش بەو کۆڕەیادە کرابوو، لە لایەن هاوڕێ پێشمەرگە هیوا ڕاعی خوێندرایەوە.
پاشان شانۆی تەوساویی ، پردی سەرات، بەرهەمی کۆری هونەریی حیزبی دێموکراتی کوردستان، بزە وپێکەنینی خستە سەر لێوی ئامادەبووان.
گۆرانی شیرینخانم بە دەنگی ئەمین مەفاخری و، دواتر هەڵپەرکێی کیژوکوڕانی لاوی دیموکرات و نواندنی چەند تابلۆ لە هەڵپەرکێی کوردیی دوو بەڵگەی دیکەی ئەو رێورەسمە بوون.
ئەو رێورەسمە دوای چەند کاتژمێر بە هەڵپەرکێی گشتی کۆتایی پێهات.