دەنگدانەوەی نەورۆزی کەم وێنەی ئەمساڵ بۆ بە هۆی وەدەنگ هاتن و هەڕەشە کردنی بەرپرسانی باڵای سپای پاسداران لە چالاکان و تێکۆشەرانی کوردستانی.
ناوەندە حکوومییەکان و بەتایبەتی ناوەندە ئەمنییەکان کە بەرەبەری خۆ ئامادە کردن و پێشوازی کردنی خەڵکی کوردستان بە شێوازی جۆراجۆر ویستیان خەڵک لە بەڕێوەبردنی نەورۆزی ئەمساڵ دڵساد بکەنەوە، بەڵام بە پێچەوانەی پیلان و ویستی ئەوان بۆنەکانی نەورۆزی ٩٦ی هەتاوی بۆ بە وێستگەی یەکگرتوویی و پێکەوەبوونی خەڵکی کوردستان و،
هەر ئەمەش بۆتە هۆی وەدەنگ هاتن و هەڕەشە کردنی بەرپرسانی سپای پاسداران لە بەڕێوەبەارنی نەورۆزی ئەمساڵ.
لە تازەترین لێدوانی سەردار محەممەد حسێن رەجەبی بە ڕاشکاوی باس لە تووڕەیی ناوەندە ئەمنییەکان دەکاو تەنانەت لە بەڕێوەبەران و ڕێکخەرانی بۆنەکانی نەورۆزی ئەمساڵ، کە بە نەورۆزی جامانەکان ناسراوە، هەڕەشەی کردووە.
فەرماندەی قەرارگای شەهرامفەر لە پارێزگای سنە کە ناوەندێکی ئەمنیەتی بەهێزە لەو پارێزگایە، بە خستنەبەرباسی نەورۆزی ٩٦ی هەتاوی و،دووپات کردنەوەی کۆمەڵێک تانەوتوانجی سواو، نێگەرانی خۆی و سپای پاسدارانی لەوبارەوە دەربڕی.
بەرپرسی سپای “بیت المقدس”ی پارێزگای سنە بە وەبیرهێنانەوەی ڕووداوەکانی دەی ٦٠ی هەتاوی لە شارەکانی کوردستان دیسانەکە ترس و دڵەڕاوکێی ناوەندە ئەمنییەکانی سەبارەت بە بەشداریی بەربڵاوی خەڵک لە نەورۆزی جامانەکان باس دەکات و بەڕێوەبەران و ڕێکخەرانی بۆنە نەورەۆزییەکان بە تێکدەر ناو دەبا.
سەردار محەممەد حسێن رەجەبی، لە درێژەی لێدوانەکەیدا کە رۆژی ٢١ی خاکەلێوە لە ماڵپەری “سپای بیت المقدس” بڵاوکراوەتەوە هەوڵی داوە خەڵک و کۆمەڵگای کوردستان لە چالاکانی فەرهەنگی و مەدەنی وسیاسیی کورد جیابکاتەوەو خەمخۆران و دڵسۆزانی خەڵکی کوردستان بە دوژمن و تێکدەری ئاسایشی نەتەوەیی ناوزەد بکا.
ئەمە لە کاتێکدایە خەڵکی کوردستان بە هەموو چین وتوێژەکانەوە بە لەبەرچاوگرتنی داواکاریی وئامووژگاریی لایەنە سیاسی و مەدەنییەکانی خۆیان، ئەمساڵ بە گەرم وگۆڕی پێشوازییان لە بۆنەکانی نەورۆز کردو ، سەلماندییان هەردەم داواکاریی ماف و ویستی نەتەوەیی خۆیانن.
شایانی باسە ناوەندە ئەمنیەکان چ وەکوو بانگهێشت کردنی ڕێکخەران و چ وەکوو ڕیگەنەدان بۆ بەڕێوەچوونی نەورۆزی بەربڵاو لە شارەکانی کوردستان لە هەوڵدا بوون هاوتەریبی ویەکدەنگی چالاکانی مەدەنی وسیاسی تێک بشکێنن، بەڵام وەکوو بینیمان نەورۆزێکی بێ وێنەو مێژوویی لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستان بەڕێوەچوو کە دەنگدانەوەی بەربڵاوی میدیایی لێکەوتەوە.











