بۆ جارێکی دیکەش کۆڵبەرێکی دیکەی کورد بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەت لە ناوچەی سنووری شاری سەردەشت برینداربوو.
بەپێی سەرچاوە هەواڵدەرییەکان، شەوی ١٩ی خاکەلێوە، کۆڵبەرێکی کورد لە ئەنجامی دەستڕیژ و تەقەی هێزە ئەمنیەتییەکان بە سەختی بریندار بوو.
هێزە ئینتزامییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران پاش نانەوەی کەمین لە سەر ڕێگای کاسبکاران و کاروانچیەکان لە دەوروبەری گوندی بێتووشی شاری سەردەشت، ڕاستەوخۆ تەقە لە کاسبکارانی خەڵکی ئەو ناوچەیە دەکەن کۆڵبەرێک بە ناوی ڕزگار خەڵکی ئاوایی کۆڵەسە بە سەختی برینداربوو.
هەروەها لە ئەنجامی ئەو دەستڕیژەی هێزەکانی کۆماری ئیسلامیدا، ٧ سەر ئەسپ و وڵاغی کاروانچیەکان کوژران و تەواوی کەلوپەلی کاروانچیەکان لە لایەن هێزە ئینتزامییەکانەوە بە تاڵان بردرا.
شایانی باسە لە سەرەتای ساڵی نوێی هەتاوییەوە تا ئێستا، ٧ کۆڵبەری کورد کە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران برینداربوون.











