بە گوێرەی هەواڵێک کە لە سکرتاریای حیزبی دیموکراتی کوردستان گەیشتوە، ڕۆژی یەکشەمە ٩ی ئاوریلی٢٠١٧ (٢٠ی خاکەلیوەی ١٣٩٦)، بەڕیز بابە عەلی مێهرپەروەر تێکۆشەری دێرینی دیموکرات، بە هاوڕێیەتی کاک سەلاح مێهرپەروەر، سەردانی سکرتاریای حیزبی دیموکراتی کوردستانی کرد و لە لایەن بەڕێز مستەفا مەولوودی سکرتێری گشتی و ژمارەیەک لە سیما ناسراوەکانی دیموکرات و ئەندامانی دەفتەری سیاسیی حیزب، پێشوازیی لێ کرا.
لەم دیدارە دۆستانەیە دا، بەڕێز کاک بابە عەلی خۆشحاڵیی خۆی لە دیتنەوەی دووبارەی تێکۆشەرانی دیموکرات و هاوسەنگەرانی لەمێژینەی خۆی ڕاگەیاند. کاک بابە عەلی بۆ جارێکی دیکەش هاوخەمی و بە داخبوونی خۆی لە کۆچی دوایی ژمارەیەک لە یاران و هاوخەباتانی خۆی کە لە ماوەی یەکساڵی ڕابردوو دا لە ژیان دا نەماون و چوونە ڕیزی کاروانی نەمران، دووپات کردەوە. سکرتێری گشتی و هاوڕێیانی ئامادەبوو لەم دیدارە دا ، وێڕای بە خێرهاتنی گەرم و دەربڕینی خۆشحاڵی لە دیدار نوێکردنەوە لە گەڵ بەڕیز کاک بابە عەلی، بە پێزانینەوە باسیان لە هەڵوێستی دڵسۆزانەی ناوبراو لە ئاست هاوڕێیانی لە مێژینەی خۆی لە ڕێزی دیموکراتەکان دا کرد و هەوڵەدڵسۆزانەکانی ئەویان لە پێناوی لێک نزیکبوونەوە و یەکگرتنەوەی دیموکراتەکاندا بەرز نرخاند. هەر لەو دیدارو دانیشتنە دۆستانەیە دا، ئامادەبووان کۆمەڵێک پرس و بابەتی پیوەندیدار بە دیموکراتەکان و بزووتنەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیان هێنایە بەرباس و ڕاوبۆچوونی خۆیان لە بارەیانەوە خستە ڕوو.
بەڕێز مێهرپەروەر لە درێژەی ئەم سەردانەی دا بۆ سکرتاریای حیزبی دیموکراتی کوردستان، سەردانی مەزارگەی شەهیدان و نەمرانی دیموکراتی کرد و وەفا و پێزانینی خۆی لە ئاستی خزمەتەکانیان بە حیزبی دیموکرات و بزووتنەوەی نەتەوەیی و ئازادیخوازی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دووپات کردەوە.
شایانی وەبیرهێنانەوەیە کە بەڕێز بابە عەلی مێهرپەروەر لە یەکەم هەڵبژاردنی مەجلیسی شوورای میللی دوای هاتنە سەر کاری ڕێژیمی تازە، بووە کاندیدای نوێنەرایەتیی ئەو مەجلیسە لە حەوزەی مەریوان و لە لایەن حیزبی دیموکراتەوە پشتیوانی لێ کرا.دوایە لە ڕێزەکانی حیزبی دیموکراتدا، تێکۆشانی سیاسی و خەباتگێرانەی دەست پێ کرد. بەڕێز مێهرپەروەر لە کۆنگرەی پێنجەمی حیزبەوە هەتا لەتبوونی حیزبی دیموکرات لە دوای کۆنگرەی سێزدەهەم، وەک ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و بۆماوەی پنج دەورەش وەک ئەندامی دەفتەری سیاسی، ئەرک و بەرپرسایەتیی لە ڕێبەریی حیزب دا گرتە ئەستۆ. دوای لەتبوونی حیزب دەستی لە بەرپرسایەتی و تێکۆشان لە نێو هەر یەک لە دوو دیموکراتەکاندا کێشایەوە ولە وڵاتی سوئێد گیرسایەوە، بەڵام هیچ کات دڵ و بیری لە حیزبی دیموکرات و چارەنووسەکەی دانەبڕاوە. هەر چەندی بۆشی کرابێ، لە ڕاستای لێک نزیک کردنەوە و یەکگرتنەوەی دیموکراتەکان، درێغی نەکردوە.