115 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر، له 11ی بانه‌مه‌ڕی 1279ی هه‌تاوی، قازی محه‌ممه‌د چاوی به دنیا هه‌ڵێنا. ئه‌و وه‌ک هه‌ر مرۆڤێکی ئاسایی له دایک بوو و له ته‌مه‌نی 47 ساڵی دا به شه‌هید بوونی، وەک سەرکۆماری یەکەم دەسەڵاتی کوردی، ماڵئاوایی له ژیان کرد.
ئه‌وه‌ی که قازی محه‌ممه‌د له مرۆڤی ئاسایی جیا ده‌کاته‌وه ئه‌وه‌یه که ئه‌و له دایک بوونه، ده‌بێته سه‌ره‌تای شکڵ گرتنی قازی محه‌ممه‌دێک له منداڵدانی مێژوودا، که به ژانی سێداره، له دایک ده‌بێته‌وه و، وه‌ک ئه‌فلاتون ده‌ڵێ: ده‌چێته‌وه دنیای هه‌رمانی نموونه به‌رزه‌کان. ئه‌و نموونه به‌رزانه‌ی که ده‌بنه سه‌رمه‌شق و پێوانه بۆ له مه‌حه‌ک دانی مرۆڤگه‌لی ئاسایی. ئه‌و نموونه به‌رزانه‌ی که له که‌سایه‌تیی خۆیاندا، نوێنه‌رایه‌تیی مرۆڤی ئه‌سیل و راسته‌قینه ده‌که‌ن.
ئه‌گه‌ر به شێوه‌یه‌کی رواڵه‌تی و، له چاویلکه‌ی وه‌همی دوژمنه‌وه، سه‌یری رووداوه‌که بکه‌ین، له دایک بوونی سرووشتیی قازی محه‌ممه‌د له 115 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر، به مه‌رگی ئه‌و له ته‌مه‌نی 47 ساڵی دا کۆتایی دێ. روانینێک که له قوڵایی هزری و فه‌لسه‌فی به‌دووره و، تا ئاستێکی وه‌رسکه‌ر رووکه‌شیانه‌یه.
له سایه‌ی هه‌وڵدانێکی زۆر و، به ریازهتێکی زه‌ینی و رۆحی و، به خۆپهرورده کردنی هزری، توانا شاراوه‌کانی قازی محه‌ممه‌د لە درێژایی رەوتی ژیانی دا ده‌پشکوێ و ده‌بێته ئه‌و پێشه‌وایه‌ی، که به که‌ڵک وه‌رگرتن له هه‌لێکی مێژوویی، وه‌رچه‌رخانێک له مێژووی کورد دا دروست ده‌کا و مۆرکی خۆی له مێژوو ده‌دا.
لێره‌دا نامانه‌وێ بچینه سه‌ر کارانه‌ی که قازی محه‌ممه‌د له ماوه‌ی ژیانی دا کردوونی و، ئه‌و ده‌سکه‌وتانه‌ی که له ژێر ئاراسته‌ی هزری ستراتیژیکی ئه‌ودا، به ده‌ست هاتوون. به‌ڵکوو ده‌مانه‌وێ به‌راوردێکی سوقرات ئاسای قازی محه‌ممه‌د له بێدادگای شادا بکه‌ین. ئه‌و رووداوه‌ی که ده‌بێته لوتکه‌ی کامڵ بوونی پرۆسه‌ی بیچم گرتن و دروست بوونی پێشه‌وا، به مانای راسته‌قینه‌ی وشه. ئه‌و رووداوه‌ی که ده‌بێته ژانی له دایک بوونێکی دیکه و، به‌م شێوه‌یه له دنیای رواڵه‌ت و سێبه‌ر و فانی یه‌وه، ده‌چێته نێو دنیای هه‌رمان و ئه‌سیله‌وه.
قازی محه‌ممه‌د دۆخی ئارایی که له سه‌ر بنه‌مای بیروباوه‌ڕی کۆن و هه‌ستی ناوشیاری کۆمه‌ڵگه بنیات نرابوو، به شێوه‌یه‌کی عه‌قڵانی ده‌برده ژێر پرسیار و ره‌خنه‌ی لێ ده‌گرت. ئه‌و مه‌رگی به هیچ داده‌نا و، هه‌ر بۆیه‌ش به‌و چه‌شنه دیفاعی ده‌کرد و رووبه‌ڕووی بێدادگای شا ده‌بۆوه. گرینگ بۆ ئه‌و حه‌قیقه‌ت و راستی بوو. ئه‌و له مه‌رگ نه‌ده‌ترسا و پرسی ئه‌و، مه‌رگ و ژیانی خۆی نه‌بوو.
قازی محه‌ممه‌د هه‌موو هه‌وڵ و تێکۆشانی خۆی له پێناو هه‌ستانه‌وه و ئیراده به‌خشین به که‌سایه‌تیی که‌وتووی مرۆڤی کورد دا ته‌رخان کرد. ئه‌و مرۆڤه‌ی که حه‌قیقه‌تی بوونی خۆی، لێ شێوێندرابوو. قازی محه‌ممه‌د پێشه‌وای خۆناسین و رێنسانسی کورد بوو. له راستیدا ئه‌و، مرۆڤی کوردی به بیری پێشکه‌وتووی ئازادیخوازی گۆش کرد و خستییه‌وه سه‌ر لاق، تا له نه‌مانی فیزیکی ئه‌ویش دا، بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی که‌رامه‌تی له ده‌ست چووی، هه‌نگاو هه‌ڵگرێ. ده‌سه‌ڵاتدارانی سته‌مکار نه‌یانزانی که به له سێداره‌دانی، نه ته‌نیا ناتوانن پێش به‌م ره‌وته بگرن، به‌ڵکوو به‌و کاره‌یان، پێشه‌وایان کرده سه‌رمه‌شق و بزوێنه‌ری نه‌وه‌کانی داهاتوو.
قازی بۆ سه‌لماندنی حه‌قیقه‌ت خه‌باتی کرد و له بێدادگای شاش دا، له‌م پێناوه‌دا هه‌وڵی دا و هه‌رگیز حه‌قیقه‌تی فیدای مه‌سڵه‌حه‌ته شه‌خسییه‌کانی نه‌کرد. کارێک که سوقراتیش له یونانی کۆن دا کردی و، هه‌ر به‌م هۆیه‌ش به “مامۆستای حه‌قیقه‌ت” ناسرا. نازناوێک که پڕ به باڵای پێشه‌وای کوردانیشه. مخابن ده‌سه‌ڵاتی زاڵ له هه‌ر دوو سه‌رده‌م دا، به روانینێکی کورت بینانه‌وه، سه‌لماندنی ئه‌و حه‌قیقه‌ته‌ی، وه‌ک مه‌ترسییه‌ک بۆ سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی خۆی بینی و یه‌کیان به قاپی ژه‌هر و ئه‌وی دیکه‌ش به سێداره، رۆحیان له جه‌سته‌یان جیا کردنه‌وه. ئه‌وان ویستیان چرای رۆح و زه‌ینی قازی و سوقرات، به هێزی سته‌م بکوژێننه‌وه، به‌ڵام به‌و ئاواته‌یان نه‌گه‌یشتن و ناگه‌ن. ئه‌و مشتومڕه زه‌ینی و هزرییه‌ی که سوقرات ده‌ستی پێ‌کرد و، ئه‌و رێچکه‌یه‌ی که قازی ره‌نگرێژی کرد بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ستی به‌رپرسایه‌تی له مرۆڤ دا دروست بکه‌ن، کۆتایی نایێ.
وێکچوونێکی دیکه که له نێوان سوقرات و قازی محه‌ممه‌د دا به ته‌واوه‌تی بوونی هه‌یه، ئه‌وه‌یه که کاتێک سوقرات ده‌گیرێ، دۆستانی سوقرات ناوبراو بۆ هه‌ڵاتن له زیندان هان ده‌ده‌ن، به‌ڵام ئه‌و قبووڵی نه‌کرد. رێک به‌و شێوه‌یه له سه‌رده‌م و شوێنێکی زۆر دواتردا، پێش گه‌یشتنی سوپای شا، دۆستانی قازی، ئه‌ویان بۆ به‌جێ هێشتنی مهاباد هان دا، به‌ڵام ئه‌ویش سوقرات ئاسا قبووڵی نه‌کرد. ئه‌وان مانه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی که بێدادگاکانیان محاکمه بکه‌ن. لێره‌دا سوقرات و قازین که موددهعین و له به‌رامبه‌ر دادگا دا سکاڵای خۆیان ده‌خه‌نه‌روو. ئه‌وان له جیاتی پاڕانه‌وه بۆ داشکانی سزاکه‌یان، هێرش ده‌که‌ن. ئه‌وان به مه‌رگی خۆیان به‌رپرسیارێتی و ئه‌رکه‌که‌یان به ته‌واوی به جێ گه‌یاند. ئه‌وه‌یه ره‌مزی هه‌رمانیان و، به‌م جۆره مه‌رگی جه‌سته‌یی و رواڵه‌تییان، ده‌بێته له دایک بوونه‌وه‌یه‌ک، که ئه‌به‌دییه و به مه‌رگ دوایی نایێ.