پێشنیوەڕۆی رۆژی ١٩ی خاکەلێوە ی ٩٦ی هەتاوی بە ئامادەبوونی بەشێکی بەرچاو لە کادر وپێشمەرگەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستان ، لە یەکێک لە سالۆنەکانی بنکە دەفتەری سیاسیی حیزبی دیموکراتی کوردستان سیمینارێکی زانستی سەبارەت بە پرسی ناسیونالیزمیی ئێرانی بەڕێوەچوو.
کۆمیسیۆنی لێکۆڵینەوە و ئامووزشی حیزبی دیموکراتی کوردستان سیمینارێکی بۆ دکتور سەعید شەمس کەسایەتی ئاکادمێک و مامۆستای زانکۆ لە ژێرناوی روخسارە تازەکانی ناسیونالیزمیی ئێرانی پێکهێنا.
ئەو سیمینارە دوای ڕاوەستان وڕاگرتنی خولەکێک بێ دەنگی بۆ رێزلێنان لە گیانی پاکی سەرجەم شەهیدانی ڕێگەی ئازادو سەربەستی کوردستان دەستی پێکردو، سەرەتا بەڕێوەبەری سیمینارەکە سامان فەقیـهـ نەبی پێشکەیەکی کورتی لەسەر شکڵگیری ناسیونالیزمی ئێرانی باس کرد.
دواتر کۆڕگێڕ بەڕێز سەعید شەمس بە ئاودانەوەیەک لە مێژووی هاوچەرخی دەوڵەتاکانی دەسەڵاتدار لە ئێران شێوەی روانینی ئەو دەوڵەتانەی بۆ سەر گەلانی دیکە نێو جوغرافیای ئێران بەتایبەتی پرسی نەتەوەیی کوردی باس کرد و گوتی ؛ بە خوێندنەوەی شێوەی سیاسەت و ڕاونگەی دەوڵەتانی دەسەڵاتدار لە ئێران ، روانینی ئەوان بۆ سەر پرسی نەتەوەیی کورد هەمیشە نیگایەک ئەمنیەتی بووە، هەتا فەرهەنگی وسیاسی.
دواتر بە خستنەڕووی شكڵ ومۆدێلی ناسیونالیزمەکان لە جیهان ، شێوەی ناسیونالیزمی ئێرانی لە دەسپێکەوە بە وردی بۆ ئامادەبووان باس کرد.
ناوبراو بە شیکردنەوەی لایەنی مێژوویی و قوناخەکانی ناسیونالیزمی ئێرانی لە دەوڵەت و دەسەڵاتە جیاجیاکان لەسەر ئەو باوەڕە بوو کە دوای قاجاریەوە تا دوای بەسەر کار هاتنی رەزا شا دوو دەستە کاریگەرییان هەبوو لە سەر جێخستنی ناسیونالیزم لە ئێران، یەکەم گرووپی خەڵکی کە بریتیە لە نووسەران وشاعیران، دەستەی دوویەم کە دەسەڵاتدار و سیاسەتمەداران بوون کە سەرەڕای جیاوازی ئەو دوو گرووپە خاڵی هاوبەشیان هەمان ناسیونالیزمی ئیرانییە.
لە بەشێکی دیکە لە سیمینارەدا سەعید شەمس بە خستنە بەرباسی بەشێک لە نامیلکەی حەمید رەزا جەلایی پوور فەرمانداری شارەکانی نەغەدە و مەهاباد لە دەیەی ٦٠ی هەتاوی کە سەبارەت بە کوردستان و ناسیونالیزمی ئێرانی نووسیویەتی ، بە پشت بەستن بە بەڵگە و فاکتی مێژوویی وزانستی هەڵەکانی ئەو نامیلکەیەی راست کردەوە.
دواتر بە هەڵسەنگاندنی جێگەو پێگەی کورد لە مێژووی کورد لە ئێران و رووبەروو بوونەوەی کورد بە وێژمان و گوتاری سیاسی خۆی، لە گەڵ ناسیونالیزمیی ئێرانی کۆمەڵکێک خاڵی جێگەی سەرەنجی خستە بەرباس و شرۆڤەی بۆ کرد.
د. سەعید شەمس بە چەخت کردن لە قوناخی نوێ و ڕەهەندەکانی ناسیونالیزمی ئیرانی و هەڵسوکەوتی کوردی لە باری گوتاری سیاسی و فەرهەنگییەوە بە پێویست زانی و لەوبارەوە ڕاوبۆچوونی خۆی خستەڕوو.
بەریزیان بە گرینگی دان بە دۆخی ئێستاکەی کورد لە ئێران و پێگەی سیاسەتی کوردیی بە گشتی و بە تایبەتی لە کوردستانی ئێران، باسی لە گرینگی وێژمانی سیاسی و کەلتووریی پێویست کرد بۆ رووبەروو بوونەوە لە گەڵ مەترسییەکانی ناسیونالیزمی ئێرانی کە لە مێژە هەڕەشەیە بەسەر پرسی نەتەوەیی کورد لە کوردستانی ئێران.
لە کۆتایی ئەوڕێورەسمەدا بەشێک لە ئامادەبووان تێبینی و پرسیاری خویان لەو بارەوە باس کرد، کە دواتر لە لایەن دکتور سەعید شەمس”ەوە وڵام درانەوە.