پرۆمتێئۆس خوای ئاگر و کوڕی یاپێتۆس و کلیمێنێ بووە. خواوەند زێئۆس لەدوای شەڕی ئەستێرەکان ئەو کوڕەی خۆشویستووە و هەربۆیە ڕایسپاردووە چی پێداویستی مرۆڤ هەیە، دابینی بکا، تەنیا ئاگر نەبێ. پرۆمتێئۆس بە قسەی خواوەند زێئۆسی کرد و زۆربەی گرفتەکانی مرۆڤ چارەسەربوون. ئەو مرۆڤەکانی خۆشدەویست و هیچکات حەزینەدەکرد تووشی ناڕەحەتی و ئازار ببن. ڕۆژێکیان دوور لە چاوی زێئۆس بڵێسەیەک ئاگری لە قامیشدا شاردەوە و دایە دەست مرۆڤ. لەو کاتەوە کە ئینسان ئاگری کەوتە دەست، ژیانی گۆڕا. وەختێک خواوەند زێئۆس بەو کارەی پرۆمتێئۆسی زانی، سزای دا. پرۆمتێئۆسی لەسەر دوندی چیای قاف، لە قەفقاز چوارپەل بەستەوە. گشت ڕۆژێ هەڵۆیەک دەهات و جەرگی پرۆمتێئۆسی دەخوارد، بەڵام کە شەو دادەهات ئەو جەرگە دوبارە نوێ دەبوەوە. ئەو کاتە بوو کە پرۆمتێئۆس بە خواوەند زێئۆسی گوت: ڕۆژێک دادێ کە دەسەڵاتی پاشایەتیت بەسەر جیهاندا تەواودەبێ و کەسێکیتر لە شوێنی تۆ دادەنیشێ. زێئۆس باوەڕی بە پێشگۆییەکانی پرۆمتێئۆس هەبوو. ناوبراو نیگەران لە داهاتووی دەسەڵاتەکەی، بەدوای ئەوەدا دەگەڕا کە بزانێ کێ جێگای ئەو دەگرێتەوە. لە کۆتاییدا ئیراکلیس، پاڵەوان و خوای هێز، هەڵۆکەی کوشت و پرۆمتێئۆسی ڕزگارکرد. پرۆمتێئۆس وەکوو پاداشی چاکە، ئیراکلیسی فێرکرد چۆن دەستی بە سێوەزێڕینەکان ڕابگا.
شەڕی هەسارەکان بووە و لە میتۆلۆژی یونانیدا ئاگر بەو جۆرە ڕەنگی داوەتەوە و کەوتووەتە دەست مرۆڤ. نەتەوەکانی دیکەش هەرکام بە نۆرە، خۆی لە دۆزینەوەی ئاگر بەساحێب کردووە. فیردەوسی پارس دەیباتەوە بۆ هوشەنگ پاشای پیشدادی، کاتێک ویستوویەتی مارێک بکوژێ و بەرد لە بەرد دەدا و پڕیشکی لێهەڵدەستێ و گڕ دەگژوگیا بەردەبێ. بەدڵنیاییەوە پێش ئەو پاشایەش بەرد وەبەردی کەوتوون و ئاگریش هەبووە، چیا بورکانییەکانیش تەقیونەوە.
میسرییەکان خۆریان وەکوو خوا پەرەستووە و حورمەتی ئاگریان گرتووە، بۆخاتری ڕۆشنایی و گەرمی ڕێزیان لێناوە و جێژن و بۆنەیان ڕێکخستووە. هیندییەکان لە کتێبی پیرۆزیاندا ئاگریان وەک خوا سەیرکردووە. چینییەکان خوای ئاگریان بەناوی تسێئووانگ بانگکردوە و پەیکەر و هێمایان لێدروستکردوە. ڕۆمییەکان باوەڕیان بە وێستا هەبووە، ئەو خوایەی هاوتای ئیستیا، خوای پارێزەری ئاگری نێوماڵ و مەعبەدی یونانییەکان و خوشکی خواوەند زێئۆس بووە. لە کلیسای کاتۆلیکدا هەمیشە پێویست بووە چرایەک داگیرساو بێ. جوولەکە شەمدانی حەوت چڵ دادەنێن و لە جێژن و بۆنەکانیاندا دەبێ مۆمەکانیان ڕۆشنبن. لەنێو هەموو نەتەوەکانی خۆرهەڵاتی نێوەڕاست، بە کوردیشەوە، ئاگر پیرۆزایەتی خۆی هەیە، سوێندی پێدەخۆن و هۆی گەرمی و ڕووناکی بنەماڵەیە. لە زۆربەی ماڵەکان پێویستە چرایەک تا بەیان داگیرساوبێ. لەکاتی ژنمارەکردن و بووک گواستنەوە، لەدایکبوونی منداڵ و لەسەر گۆڕی مردوو، بڵێسەیەک پێویستە بۆ ئەوەی سەرچاوەی ڕووناکی و گەرمی بێ. گزنفۆن، هێرۆدۆت، ستراڤۆن و زۆر مێژوونووسی دیکە کاتێک باسی نەتەوەکانی خۆرهەڵاتی نێوەڕاست دەکەن، دەڵێن ئاگر لای ئەو گەلانە وەکوو هێزێکی خودایی سەیرکراوە، سووتاندنی جەستەی مردوو بە ئاگر تاوانێکی گەورەیە و پێشێلی پیرۆزایەتییە و نفرەتی لێکراوە. نابێ فوو لە ئاگر بکرێ و هەناسەی پیسی مرۆڤ تێکەڵ بە ڕووناکی و گەرمی و پاکی ئەو بێ. ئەوان لەو باوەڕەدان خۆر و ئاگر سەرچاوەی گەرمی، ڕووناکی و خۆشەویستین. بڵێسەی ئاگر لە دێر و کەنشتەکان، وەک ئەوەیە پۆلێک پەپوولەن کە دوعاکان بەرەو ئاسمان دەبەن.
ئاگر بناخە و هەوێنی ژیان و بوون بووە. مرۆڤی سەردەمی کۆن پێیوابووە پێوەندییەک لەنێوان ڕۆح و ئاگردا هەیە، چونکە ئاگر سەرچاوەی وزەیە. هەرکات کەسێک مردووە، بەتایبەت ئەگەر گەورەی خانەدان بووە، لەماڵ بە خاکیان ئەسپاردوە و ئاگریان بەردەوام لە ژوور سەری داگیرساندووە. چونکە باوەڕیان بەوە بووە کە ئەو ئاگرە ڕۆحی کەسی مردووە و پارێزگاریی لەوان کردوە. وەچەکانی دواتریش، مردوویان بۆ گۆڕستان ڕاگواستوە و لەژێر کێلی قەبر قەندیلیان ڕۆشن کردوە.
دەکرێ بڵێین گرینگترین دەسکەوتی مرۆڤ ئاگر بووە. ئەو دۆزینەوەیە نەخشی لە پێشکەوتن و گەشەی شارستانیەتدا هەبوە. ئێمەی کوردیش جیا لەوەی خاوەن مێژوویەکی کۆنین سەبارەت بە ڕێزلێنان و پیرۆزایەتی بەخشین بە ئاگر، لە هەمان کاتدا بۆ پێشوەچوونی ژیان کەڵکمان لێوەرگرتوە و ئاوێتەی ژیانمان کردوە. ڕەنگە سەیر نەبێ کە لە سەردەمی ئیمپراتۆری ئەرمەنیدا، ئەوەی تیگرانی مەزنی ناوە، بەناوبانگترین ئاسنگرانی ئەو سەردەم کورد بوونە و سرنجی ئەو دەسەڵاتدارەیان بۆلای خۆیان ڕاکێشاوە.
ئاگر ئەگەر هۆی پێشکەوتنی شارستانیەت و ژیانی مرۆڤ بووە، بەدرێژایی مێژووی هەست و ئیحساسیش، ئاوێتەی شێعر و نووسین بووە. تەنیا بۆ بڵێسەی ئاگر باڵای پەنجا ناوی لە زمانی کوردیدا هەیە. جیا لە گەرمی بەخشێن و ڕووناکی هەمیشە مەشخەڵی دەستی لاوانی کورد بووە. وەکوو ڕاسپاردەی پەیامی نەورۆز و نوێبوونەوەی سروشت لە دوندی چیاکان داگیرساوە. هەوێنی گۆرانی و بەیت و سروودەی سەرزاری پێشمەرگە و خۆبەختکەرانی ڕێگای ئازادی و سەربەستی بووە. کاتێک کیژۆڵەی جوانی کورد مەشخەڵی نەورۆزی بە دەستیەوە گرتووە، لای من ئەو قارەمانەیە کە ئاگری پیرۆزی لە مەعبەدەکانی دێلفووسی یونانەوە بەڕاکردن بۆ کێبەرکێی ئۆلێمپیک بۆ سەرتاسەری جیهان بردووە. مەشخەڵێک بۆ دەستپێکی کێبەرکێیەکانی ڕۆحی و جەستەیی، مەشخەڵێک بۆ ڕووناکی بەخشین بە ڕێگەی سەرکەوتن. هیچ شاعیرێک لە شێعری پڕ لە سۆزیدا، خۆی لە بڵیسە و ڕووناکی و خۆشەویستی نەپاراستووە.
لەپاڵ ئەو گشتە پیرۆزایەتییە، لەبەرچاوی هەموو هەسارەکان، خۆر و مانگ و ئەستێرەکان، لەبەر ڕۆشنایی قەندیل و مۆم و چرا ڕۆشنەکان، هەستێکی گڵاویش خۆی مەڵاسداوە. هەر ئەو مرۆڤەی ئاگری بەلاوە پیرۆز بووە، لەلایەکیترەوە کردوویە بە بۆمب و گوللـە و جەستەی سروشت و بوونەوەری پێکونکون کردوە. دەکرێ بڵێم ئەوەی خواوەند زێئۆس لێینیگەران بوو. ئەو بۆیە ئاگری لە پرۆمتێئۆس شاردەوە، نەک لەبەر لەدەستدانی دەسەڵاتی پاشایەتی خۆی بێ، بەڵکوو لەبەر سووتمان و زەڕ بوو. کورد چ جارێک کایەی بە ئاگر نەکرد، نەیکردە خوڵقێنەری سووتمان، بەڵکوو ئاسنی پێتواندەوە و زێڕی پێ قاڵکردەوە. ماڵ و گۆڕ و دێرەکانی پێ گەرم و ڕووناک کرد و کۆتایی بە تاریکی و شەوەزەنگ هێنا. ئاگری دایە دەست گەنجان تا موژدەی نەورۆز و نوێبوونەوەی سروشت و ژیان بە گەلان ببەخشن. ئەوە نییە گەنجی کورد، مەشخەڵ بەدەست وەکوو پرۆمتێئۆس گەرەکییەتی ڕووناکی بەدیاری بێنێ. لاوی کورد، وەکوو خۆشەویستی خواوەند زێئۆس ویستی مرۆڤەکان گەرمییان لە دەروون، لە هەست، لە ماڵ و باوەشیان گەڕێ و ڕووناکی داگیریان بکا. بەڵام مەخابن زۆر بوون مرۆڤی هەناو گڵاو ئاگرەیان کردە چەکێکی باو، بۆ کوشتن و سووتمان، بۆ ڕەشەکوژی هەست و سۆز، بۆ فەوتانی ئینسان. بەپێچەوانەی ئەو کۆمەڵە بەرژەوەندیخوازە، من کاتێک لاوی کورد دەبینم نەورۆز و مەشخەڵ و ڕووناکی، تریفەی مانگ و گزینگی خۆر و بڵێسەی مۆم لەگەڵ هەستی مرۆڤایەتی تێکەڵدەکا و دەیکا بە ئاگرێک کە ناوی هاوارە بۆ ئازادی و سەربەستی، پیرۆزایەتی ئاگر لای من پتر دەبێ. بێگومان دەڵێم ئەو لاوانە خودایانی شەڕ و سووتمان و زەڕ نین، ئەوانە پرۆمتێئۆسی سەردەمن. ئەوانە بەگژ تاریکیدا دەچنەوە، ڕۆن گەرچەکی قەندیل و نەوتی گردسۆزەکانیان تەنیا بۆ ڕووناکی زەین و هەناوی مرۆڤەکان گەرەکە. بڵێسەی مەشغەڵی دەستیان پەیامی دەستپێکی کێبەرکێی ئاشتیی و مرۆڤدۆستییە و ڕاکردنیان بەرەو بەرزایی بۆ بانگی مافخوازیی و ژیانی پڕ لە ئازادی و سەربەستییە.
سەرچاوە: ڕۆژنامەی کوردستان ژمارە ٧٠١.