عەلیرەزا رەحیمی
بۆنه‌کانی نه‌ورۆزی ئه‌مساڵ به شێوه‌یه‌کی تایبه‌ت و شکۆمه‌ند له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان به‌ڕێوه‌چوو.
ئه‌گه‌رچی سه‌دان ساڵه نه‌روز وه‌کوو بۆنه‌یه‌کی مێژوویی له نیو کۆمه‌ڵگه‌ی کورده‌واریدا، جێگه‌یه‌کی گشتگیر‌و تایبه‌تی هه‌یه ومیراتی هاوبه‌شی هه‌رچوار پارچه‌ی کوردستانه.
له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان بهروپیلی بههارچوون و به‌رێوه‌بردنی بۆنه‌کانی نه‌ورۆز، چه‌ند ساڵێکه گڕ وتینی جیاوازتری له ساڵانی پێشوو وه‌خۆ گرتووه، به‌تایبه‌تی گه‌شه‌ی ئه‌نجومه‌نه ئەدەبی و فه‌رهه‌نگی و ژینگه‌پارێزییه‌کان له ڕێکخستن و هێنانه مه‌یدانی چین وتوێژه‌کان کاریگه‌ریی پوزه‌تیڤی داناوه.
ئهگهرلهسهر به‌ڕێوه‌چوونی رێوڕه‌سمه‌کانی نه‌ورۆز له چه‌ند ساڵی ڕابردوودا به خێرایی ئاوڕێک بده‌ینه‌وه بۆمان ده‌رده‌که‌وێ که به‌ره‌به‌ره نه‌ورۆز له یه‌کخستن و یه‌کریزی به‌خشین به خه‌ڵک ده‌وری به‌رچاو و پڕ بایەخی هه‌بووه، له نه‌ریتێکی مێژوویی به‌ره‌و بۆنێکی بان مێژوویی ده‌رکه‌وتووه.
به دڵنیاییه‌وه ده‌توانین بڵێین که چه‌ند ساڵێکه نه‌ورۆز بۆته ده‌رفه‌تێکی به‌رین بۆ ده‌ربڕینی هه‌ست و سۆزی کوردانه‌و به‌رزکردنەوەی ده‌نگی شوناسخوازانه‌ی گه‌لی کورد له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان.
به پێی ئه‌و ئاوڕدانه‌وه خاوه‌نداریه‌تی کردن له رێوڕه‌سمه‌کانی نه‌ورۆز یه‌کێکه له ئه‌رکه نه‌ته‌وه‌یییه‌کان که ده‌بێ هه‌موو لایه‌نه سیاسییه نه‌ته‌وه‌خوازه‌کان و سینف وگرووپه مه‌ده‌نییه‌کان وه ئه‌ستۆی بگرن هه‌تا ده‌نگدانه‌وه‌کانی دوای رێوره‌سمی نه‌ورۆز له خودی به‌ڕێوه‌چوونی ڕیورهسمهکان زیاتر بێ.
مه‌به‌ست له ده‌نگدانه‌وه‌ش ئه‌وه‌یه که به ڕه‌چاوکردنی شێوه‌ی به‌شداریی کردنی خه‌ڵک به به‌ربڵاوی ویهکریزییهوه بێ گومان ده‌بێ له‌سه‌ر گوتاری هاوبه‌شی سیاسی و به مێتودی رۆژهه‌ڵات ته‌وه‌ری ئاراسته‌یه‌کی نوێ ببه‌خشێ.
به شیکردنه‌وه‌ی گوتاری رۆژهه‌ڵات ته‌وه‌ری که به‌رهه‌می سیاسه‌تی ژیرانه‌ی نه‌ته‌وه‌خوازییه و ته‌رکیزخستنه سه‌ر پارچه‌یه‌ک که له خه‌باتی مافخوازنه‌ی به شێوازی جۆراوجۆر پشکی شێری وه‌به‌رکه‌وتووه، به‌ڵام هێشتا له به‌ستێنی سیاسی و نه‌ته‌وه‌ییدا زیاترین له‌مپه‌ری له‌به‌ردایه،ده‌توانێ گرێ کوێره‌کانی بکاته‌وه‌و رێگهچارەیهکی موممکین وگونجاو بێ.
به‌م پێشه‌کییه‌وه با سەرهنجێکی زیاتر بدەینه ڕێوره‌سمه نه‌ورۆزییه‌کانی ساڵی ٢٧١٧ی کوردی که ده‌توانین به خاڵێکی وه‌رچه‌خان ناودێر بکرێ به‌چه‌ند هۆکار.
– شکڵ گرتنی خه‌باتی مه‌ده‌نی
چه‌ندین ساڵه ڕێکخراوه سێنفی وناحکوومییهکان هه‌ر له‌چوارچێوه‌ی به‌ربه‌سته‌کانی ده‌سه‌ڵات، له بواره جیاجیاکان خه‌ریکی چالاکین. بێ شک هه‌ر هه‌نگاوێک که نوێ وتازه بێ له گه‌ڵ دوو جۆر کۆسپ رووبه‌ڕوو ده‌بێته‌وه. یه‌کەم، کۆسپی یاسایی وحکوومی ئه‌ویش له‌و چوارچێوه داخراو و چهقبهستووەی وه‌کوو سیستمی کۆماری ئیسلامیی ئێران به‌تایبه‌تی له جوغرافیای کوردستان
دووهه‌م، فه‌رهه‌نگ وعورفی خه‌ڵک، به‌ڵام ئه‌مڕۆکه ده‌بینین به هه‌وڵ وماندووبوونی خه‌باتکارانی مه‌ده‌نی لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا، ئه‌و شێوه خه‌باته به‌شی هه‌ره‌زۆری کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی له ئێران تهنیوەتەوە، به‌جۆرێک نیشانیان داوه که دەکرێ لە جیاتی بێتەفاوەتبوون، به چالاکیی و وشیاری به‌خشین و به‌رۆژه‌ڤ کردنی پرسه‌کانی پێوەندیدار بە ژیانی خەڵکی کوردستانەوە به‌ره‌نگاری ده‌سه‌ڵات ببیته‌وه به تێچووی که‌متره‌وه.
سه‌رکه‌وتنی ئه‌نجومه‌نه ئه‌ده‌بی و فه‌رهه‌نگییه‌کان و ڕێکخراوه‌کانی ژینگه‌پارێزی نموونه‌ی باڵان له‌و پێوه‌ندییه‌دا.
– نزیکبوونه‌وه‌ی گوتاری شاخ وشار له کوردستان
یه‌کێک له خه‌ساره‌کانی سه‌رنه‌که‌وتنی بزاڤی کوردی له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان جیا له‌په‌رته‌وازه‌یی لایه‌نه سیاسییه‌کان و نەبوونیان له فه‌زای واقیعی سیاسیی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان، که‌مته‌رخه‌میی لایه‌نه سیاسییه‌کانه له دووره‌په‌ریزی وههوڵنهدان بۆ نزیکبوونه‌وه له گه‌ڵ کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی به‌هه‌موو ده‌ستکورتی و کهموکۆڕییهکانیهوه.
جێگای خۆیه‌تی کە ئاماژە بە سیاسەتی حیزبی دیموکراتی کوردستان بکەین کە چه‌ند ساڵه به پێی توانا‌و ئیمکان به‌ڕه‌چاوکردنی مه‌نتقی سیاسی بۆ که‌مکردنه‌وه تا سڕینه‌وه‌ی بۆشایی نێوان دیالۆگی خۆی و ویستی نێوخۆی رۆژهه‌ڵات چ له‌سیاسه‌ته‌کانی و چ له ڕاگه‌یاندنیدا، بۆ ئەم مەبەستە هه‌وڵی جیددی داوه و زیاتریش ده‌خوازێ.
– نواندنی روحی یه‌کریزی و پێکه‌وه‌بوون
بۆنه‌کانی نه‌ورۆزی ئه‌مساڵ به هۆی هاودەنگی لایه‌نه سیاسییه‌کان له‌گه‌ڵ یه‌کدی و له‌پێش چاوگرتنی پوتانسیه‌لی نه‌ورۆز و جموجۆڵه مه‌ده‌نییه‌کان، له گه‌ڵ ساڵانی پێشووتر جیاوازیه‌کی تایبه‌ت وبه‌رچاوی هه‌بوو. له‌هه‌موو گرینگتر ده‌نگدانه‌وه‌ی نه‌ورۆزی جامانه‌کان ئاوی پاکی بەدهست مه‌زنیخوازی هێندیک لایه‌نی سیاسی‌دا کرد، که ویستیان ئه‌وه‌بوو خۆیان له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان به خاوه‌نی یه‌ک ڕه‌هه‌ند بزانن، هەچەند ڕێفرێنسی خه‌ڵکی رۆژهه‌ڵاتی له بۆنه‌کانی نه‌ورۆزی 96ی هه‌تاویدا هه‌ڵگری چه‌ند په‌یامی مێژوویی و سیاسی بوو.
زانیارییەکان باس لەوە دەکەن، ئەمساڵ لە ملکردنی جامانە لە بۆنەکانی نەورۆز بوو بە ڕەمز و پەیامی یەکگرتوویی چالاکانی مەدەنی و سیاسی و لە لایەکی دیکەش هاتنە مەیدانی خەڵک بە بەرفەراوانیەوە، باس لەوە دەکا هەرچەشنە تەبایی لایەنە سیاسی و مەدەنییەکان لەسەر یەکریزی وپێکەوەبوونی خەڵک کاریگەریی ئەرینی دادەنێ.
بۆنه‌کانی نه‌ورۆزی ئه‌مساڵ هه‌ر به‌جامانه له ملکردن ده‌ستی پێکردو هه‌ر به جامانه له ملکردن له سیانزه به‌ده‌ر کۆتایی هات. ئه‌وه که وه‌کوو ئه‌رکێک ماوه‌ته‌وه گرینگی دان و بیرکردنەوە له‌وه‌یه که ئه‌گه‌رچی هیچ به‌یاننامه‌یه‌کی هاوبه‌ش له نێوان لایه‌نه سیاسییه‌کان له‌و باره‌وه واژۆ نه‌کرا به‌ڵام لانیکه‌م دژایه‌تی نه‌کردن له پلانە پێوێست و موممکینهکان ده‌توانێ له به‌هێزکردنی گوتاری هاوبه‌شی سیاسی ومه‌ده‌نی رۆڵی هه‌بێ.
راسته خه‌ڵکی رۆژهه‌ڵات هەمیشە سه‌لماندوویانە ئاماده‌ی هاتنه مه‌یدانن به‌ڵام نابێ له‌بیری بکه‌ین که هاوئاهانگی و نزیکبوونه‌وه‌ی لایه‌نه‌کان دڵگه‌رمی و یه‌کدڵی ده‌خاته نێو کۆمه‌ڵگه‌و بزاوت وره‌وتی خه‌بات خێراتر ده‌کا.
ئه‌گه‌رچی ناوه‌نده ئه‌منیی و حکوومییه‌کان رێگه‌یان به به‌ڕێوه‌چوونی رێوره‌سمی به‌ربڵاوی نه‌ورۆزیی له‌شاره کان نه‌دا، به‌ڵام شاردێ و ئاوایییهکان وه‌کوو ناوه‌ندنی پاراستنی که‌له‌پوور وکولتووری کورده‌واری پێشوازییان له خه‌ڵکی شار کرد و خه‌ڵکی شاره‌کانی کوردستانیش به هه‌ڵسوکه‌وتێکی ژیرانه به‌به‌شداری کردنیان له ڕێوره‌سمه‌کانی نه‌ورۆز له گوند و شارۆچکه‌کان به‌ربڵاویی وشکۆی زیاتریان به‌و رێوره‌سمانه به‌خشی و چیتر ئاگری نه‌ورۆز هه‌ر له‌سه‌ر بانی ماڵان وچه‌ند گه‌ڕه‌کێک هه‌ڵنه‌گیرسا به‌ڵکوو، نه‌ورۆز بوو به گۆڕه‌پان و کارناڤاڵی نه‌ته‌وه‌یی و شوناسخوازی.
که‌واته جێگه‌ی خۆیه‌تی هه‌موو لایه‌نه سیاسییه‌کان به مهسئولیهتهوە و بهمهشوورخواردنی زیاتر هه‌وڵ بده‌ن خه‌ڵکی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان له به‌رده‌وامییان له خه‌بات وچالاکی دڵگەرمتر بکەن.
بۆ نموونه نه‌ورۆزی ته‌نگیسه‌ر که کوردانی هه‌رچوار پارێزگای رۆژهه‌ڵاتی کوردستانی، له ده‌ور ئاگری نه‌ورۆز کۆ کرده‌وه ، سه‌لماندی که پێکه‌وه‌بوونی ئێمه‌ی کورد وه‌کوو گه‌لانی دیکه، خه‌ونێکی شاعیرانه نیه و ده‌توانین به زۆر ویست وخواستی دوورە ده‌ستیش بگه‌ین، ئه‌گه‌ر خۆمان زیاتر ماندووبکه‌ین و به‌دوور له‌هه‌رچه‌شنه ده‌مارگرژی سه‌رنجی واقعیه‌تی کۆمه‌ڵگه بده‌ین.
کۆتا قسه پێشوازی و هاتنه مه‌یدانی خه‌ڵکی رۆژهه‌ڵات کوردستان و وڵام دانه‌وه‌یان به بانگه‌شه‌و داواکاری چالاکانی نێوخۆ و پشگیری یەکدەنگی لایه‌نه سیاسییەکانی رۆژهەڵات لەو داواکارییە ده‌رخه‌ری ئه‌وه‌یه که نه‌ورۆزی ٩٦ ئه‌گه‌ر خوێندنه‌وه‌ی سیاسی و مه‌نتقی بۆ بکرێ بۆ بۆنه‌کانی دیکه ده‌توانێ وه‌ک خاڵێکی وه‌رچه‌رخان له مێژووی خه‌باتی ره‌وای گه‌لی کورد له‌و پارچه له کوردستان ناودێر بکرێ.
سەرچاوە: ڕۆژنامەی کوردستان ژمارە ٧٠١.