کوردستان وکورد: ڕۆژی پێنج شەمە ٦ی ئاوریلی٢٠١٧، ئاوریلی ، (١٧ی خاکەلێوەی١٣٩٦) نوێنەرانی ٦حیزب و ڕێکخراوی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە بنکەی سەرەکیی( کۆمەڵە) ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمونیستی ئێڕان بۆ باس لە هەڵسەنگاندن و خوێندنەوەی خۆیان لە بارەی هەڵبژاردنەکانی ڕۆژی 29ی بانەمەڕی ئەمساڵ، کۆ بوونەوە.
ئەو ٦ لایەنە بریتی بوون لە حیزبی دیموکراتی کوردستان، حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئیران، ( کۆمەڵە) ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمونیستی ئێڕان ، کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران ، کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان و سازمانی خەباتی کوردستانی ئیران.
لەم کۆبوونەوە یە دا نوێنەرانی هەر کام لە لایەنەکانی بەشدار، وێرای ئاماژە بە ناتەبایی سیستەمی کۆماری ئیسلامی لە گەڵ هەڵبژاردنی ئازاد و، ناوبردنی کۆسپ و ئاستەنگەکانی بەر دەم هەلبژێران و هەڵبژاردنی ئازاد لەو ڕێژیمە دا هەر کامیان لە ڕوانگەی خۆیانەوە کەشوهەوای سیاسیی ئەم دەورەیە و تایبەتمەندیی ململانێیەکان لە هەر دوو هەڵبژاردنی سەرکۆماری و شووراکانیان دا شی کردەوە. بە بڕوای بەشدارانی کۆبوونەوە هاوبەشەکە، کۆماری ئیسلامی ئەم جاریش هەوڵ دەدا ژمارەیەکی زیاتر لە خەڵک بێنێتە سەر سندوقەکانی دەنگدان بێ ئەوەی ڕێگا بدا کەمترین داوا و چاوەروانیەکانی خەڵک لە ڕێگای بەشداری لە هەڵبژاردن دا، بێتە دی. هەر بۆیە ئەوەی بە ناوی هەڵبژاردن بەڕێوە دەچێ، شانۆسازییەکە لە بەرژەوەندەی کۆماری ئیسلامی. لایەنەکانی بەشدار لەم کۆبوونەوە هاوبەشە دا وێڕای ڕیزگرتن لە وشیاریی سیاسیی خەڵکی کوردستان و یەکگرتوویی و هاودەنگیی ئەوان کە دواجار لە نەورۆزی ئەم ساڵ دا خۆی نواندەوە، لە سەر پێویستیی هاوخەباتی و یەکهەڵوێستی و یەکگرتوویی لە نێو حیزب و رێکخراوە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش لە بواری جۆراوجۆرو بە تایبەتی لە ڕووبەروو بوونەوە لە گەڵ شانۆسازیی هەڵبژاردنی 29ی بانەمەڕی داهاتوو دا تەئکیدیان کردەوە. واش ساغ بوونەوە کە لە داهاتوویەکی نزیک دا جارێکی دیکە بۆ یەکخستنی هەوڵەکانیان و راگەیاندنی هەڵویستی هاوبەش و ڕووبەڕووبوونەوەیەکی کاریگەر لە گەڵ شانۆسازیی هەڵبژاردن، لێک کۆببنەوە.