کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ماوهی یهک ساڵی زایینیی ڕابردوودا ٥٣٠ کهسی له ئێران ئێعدام کردوە و هەروەها لە ساڵی ٢٠١٧ لانیکەم ١٤٠ کەس یانی لە ماوەی ئەم چوار مانگەدا ئێعدام کراون.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا ڕایگهیاند که دادگاکانی شۆڕش لە ئێران حوکمی ئێعدامی بهسهر ٥٣٠ هاووڵاتیی ئێرانی داسهپاندوه و ئەو حوکمە جێبەجێ کردوە.
بەپێی ڕاپۆرتی ساڵانەی ئەو ڕێکخراوە مرۆییە، هەرچەند ڕێژەی ئێعدامەکان لە ئێران بەبەراورد لەگەڵ ساڵانی پێشوو بەشێوەی ڕێژەیی کەمی کردوە، بەڵام بە شێوەی نێوەنجی لە هەر ڕۆژێک دا، لە ئێران کهسێک ئێعدام کراوه.
هەروەها ئەو ڕاپۆرتە ئەوەشی ئاشکرا کردوه کە هەتا ئێستا هیچ ئاڵوگۆڕێک لە سیاسەت و بیرۆکەی کۆماری ئیسلامیی ئێران سەبارەت بە سزای ئێعدامەکان دا نهبینراوه.
تەنیا لە چوار مانگی سەرەتای ساڵی ٢٠١٧، لانیکەم ١٤٠ کەسی دیکە ئێعدام کراون.
دادگایی کردنی سەرەتایی لە ماوەی ١٥ خولەکدا، ئیزن نەدان بۆ هەڵبژاردنی پارێزەر و بڕینەوەی حوکم بە پێی دانپێدانانی زۆرەملی لە ژێر ئازار و ئەشکەنجەدا لە تایبەتمەندییە بەرچاوەکانی دادگاکانی شۆڕشی کۆماری ئیسلامیی ئێرانن.
“ڕافائێل چنوێل ئازان” بەرێوەبەری گشتیی ڕێکخراوی فەرانسەوییەکان بە دژی ئێعدام لەو بارەوە گوتی، ئێمە داوا لەو وڵاتانه دهکهین کە پەیوەندیی دیپلۆماتیکیان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران دا هەیە بە شێوەی جیددی بۆ کەمکردنەوەی ئێعدامەکان فشار بخەنە سەر ئێران.