عەلی ڕەبیعی، وەزیری تەعاون، كارو خۆشبژیویی كۆمەڵایەتی لە یەكەمین ڕۆژی كۆبوونەوەی دوو ڕۆژەی میللیی كار لە تاران، دانی بەمە دانا كە پێكهێنانی هەلی كار لە ئێراندا پێویستیی بە هاوكاریو وێكهەڵكردنی وڵاتانی جیهان هەیە؛ لەبەر ئەوەی كە سەرمایە، تكنۆلۆژیی نوێ لە بازاڕەكانی ڕۆژاوا دایە.
عەلی ڕەبیعی پاشان پشتڕاستی كردەوە كە ئەگەر ئێران هاوكاریی وڵاتانی بیانی نەكاو لهگهڵیان ساغ نهبێتهوه، ناتوانێ گیروگرفتی بێكاریش چارەسەر بكا.
وەزیری كاری دەوڵەتی یازدەیەم لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا پشتڕاستی كردەوە كە بۆ بەرەنگاربوونەوەی قەیرانی بێكاری دەبێ ساڵانە ٨٠٠ هەزار ههلی کاری لە ئێراندا پێك بهێندرێ تا ڕێژەی ئەو كەسانەی كاریان هەیە تا ساڵی١٤٠٤ بۆ ٣٥ میلیون كەس بگا. ناوبراو گوتی وەدیهاتنی ئەم ئامانجە ئابوورییهت ئێران پێویستیی بە گەشەی ٧ لە سەدی هەیە، ئهوهش له حاڵیک دایه که سەرەڕای داهاتی زۆر و زەوەندی دوو دەوڵەتی پێشووی ئهحمهدی نژاد بههۆی ناڕوونیی سیاسەتی پێكهێنانی ههلی کاری؛ گەشەی ئابووری بە توندی دابەزیوە.
ئیسحاق جیهانگیری، جێگری یەكەمی سەركۆماری ئێرانیش لە قسەكانی خۆی لە هەمان كۆبوونەوە لە تاران بۆ جارێكی دیكەش جەختی كردەوە كە زۆربەی بێكارانی ئەمڕۆی ئێران ئهو کهسانهن که خوێندنی زانكۆیان تەواو كردووە. ناوبراویش وێڕای ڕەخنە لە سیاسەتی ئابووریی دەوڵەتی ئەحمەدی نژاد که پڕداهاتترین سەردەمی مێژووی نەوت و ئابووریی ئێران بوو، گوتی ئەگەر سیاسەتی ڕوونی ئابووریمان ههبا ، ئەمڕۆ پاشەكەوتی دراویی ئێران دەبا لە ١٧٠ میلیارد دۆلار زیاتر بایەو ئەگەر وەها پارەیەك ئێستا لەبەر دەستی دەوڵەتدا بایە، بە دڵنیاییەوە گەمارۆ نێودەوڵەتییەكان هیچ كاریگەرییان لەسەر ئابووریی ئێران نەدەبوو.