لە بەرەبەری هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماری و شووڕای شارو گوندەکان لە ئێران، بەرپرسانی باڵای دەزگای قەزایی بە هەڕەشە کردن لەو کەسانەی بیانهەوێت کەشی هەڵبژاردنەکان تێکبدەن، ڕووداوەکانی ساڵی ٨٨ ی هەتاوییان وەبیرهێناوە.
محەممەد جەعفەر مونتەزێری دادستانی گشتیی کۆماری ئیسلامی ئێران نیگەرانی خۆی لە دووپاتبوونەوەی ناڕەزایەتییەکانی ساڵی ٨٨ی هەتاوی دەربڕی و، لەو کەسانەی کە بەوتەی ناوبرا تێکدەر و دژ بە نیزامن بە توندی هەڕەشەی کرد.
محەممەد جەعفەر مونتەزێری بە خستنەبەرباسی کاریگەریی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان،
ناوەندە ئەمنیییەکانی وریا کردەوە و، بە چالاکانی بواری راگەیاندنیش هوشداری دا کە ئەزموونی ساڵی ٨٨ی هەتاوی دووپات نەبێتەوە و رایشیگەیاند کە ئەو ماڵپەڕانەی کە مەترسی بن بەسەر ئەمنیەتی هەڵبژاردنەکان فیلتەر دەکرێن.
ناوبراو رۆژی دووشەممە ١٤ی خاکەلێوە بە ڕاشکاوی نیگەرانی خۆی و دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامیی سەبارەت بە ئەگەری دووپات بوونەوەی رووداو و نارەزایەتییەکانی ساڵی ٨٨ لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا دەربڕی.
هەر لەو پێوەندییەدا بەرپرسی دەزگای قەزایی سادق لاریجانی بە ئاماژەدان بە خۆپێشاندان و نارەزایەتییەکانی خولی پێشووی هەڵبژرادنەکانی سەرۆککۆماری لە ئێران بە توندی هەڕەشە لە نەیاران و جیابیران کرد.
لاریجانی رۆژی ١٤ی خاکەلێوە وێڕای مەحکووم کردنی لێدوانی “نیکی هێلی” نوێنەری ئەمریکا لە ڕێکخراوی نێونەتەوەیی کە ڕایگەیاندبوو؛ بە لەبەرچاو گرتنی رووداوەکانی ساڵی ٨٨ی هەتاوی لە ئێران نابێ کەمتەرخەم بین و ڕێگەنەدەین خوینی نارازییان بە ئاکامی هەڵبژاردنەکان بە فێرو بچێ و دەبێ هەموومان دەنگی ندا ئاقاسوڵتانی بین.
هەڵوێستی نیکی هێلی، تووڕەیی سادق لاریجانی لێکەوتەوەو ئەمریکای بە دەستێوەردان لە کاروباری ئێران و، بەتایبەتی لە هەڵبژاردنەکاندا مەحکووم کرد.
شایانی باسە ندا ئاقا سوڵتانی لە رۆژانی نارەزایەتی دەربڕینی خەڵکی تاران لە هەمبەر ئاکامی هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماری لە ساڵی ٨٨ی هەتاوی بە فیشەکی راستەوخۆی هێزە ئەمنییەکان لەسەر شەقام خوێنی ڕژا و، دەنگدانەوەی زۆری لێکەوتەوە.
لە لایەک دیکەش بە هاتنە مەیدانی ئیبرایم رەئیسی بەڕیوەبەری ناوەندی مەزهەبی ئاستان قوودس ڕەزەوی لە مەشهەد وەکوو رەکەبەرێک بەرانبەر بە روحانی ئەگەری ململانێ باڵەکانی نیزامی لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا زیادتر کردووە.