لە کۆبوونەوەو دانیشتنی هەیئەتێکی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لەگەڵ هەیئەتێکی ڕێبەریی حیزبی دێموکڕاتی کوردستاندا پرسی هەڵبژاردنەکانی دادێی سەرۆک کۆماریو شووڕاکانی شارودێ لە ئێران، دۆخی خەباتی کورد لە ئێرانو گۆڕانکارییەکانی ناوچە ئاڵوگۆڕی بیروڕایان لەسەر کرا.
ڕۆژی شهممه، ١٢ی خاکهلێوهی ١٣٩٦ی ههتاوی ههیئهتێکی کۆمهڵهی زهحمهتکێشانی کوردستان به سهرپهرستیی عومهر ئیلخانیزاده، سکرتێری کۆمهڵه سهردانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی کردو لهلایهن ههیئهتێکی ڕێبهریی حیزب به سهرپهرستیی مستهفا مهولوودی، سکرتێری گشتیی حیزبهوه پێشوازییان لێکرا.
لەو کۆبوونەوەیەدا دوولایەن وێڕای هەڵسەنگاندنی گۆڕانکارییەکان لە ئێران، کوردستان و ناوچە باسیان لە کۆمەڵە پرسێکی گرێدراو بە دۆخی سیاسیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرد.
سیاسەتی قەیرانخوڵقێنیی کۆماری ئیسلامی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، گۆڕانکاریی نوێ لە سیاسەتی ئەمریکاو خوێندنەوە بۆ پاشەکشەپێکردن بە ئێران لە دەستێوەردانی دەرەکیی لە وڵاتانی ناوچە، هەڵبژاردنەکانی مانگی جۆزەردان لە ئێرانو پێویستی خوێندنەوەی تایبەت بۆ ئەو هەڵبژاردنانەو گرتنەبەری سیاسەتێکی یەکگرتووانە لەلایەن حیزبو هێزە کوردییەکان چەند بابەتێک بوون کە دوو لایەن قسەو ئاڵوگۆڕی بیروڕایان لەسەر کردن.
لەو دانیشتنەدا دوولایەن کۆک بوون لەسەر ئەوەی سیاسەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی کە سەرچاوەی بەشی هەرە زۆری کێشەو قەیرانەکان لە نێوخۆی ئێرانو هەروەها دەرەوەی سنوورەکانی ئەو وڵاتەشە؛ بووەتە هۆی ئەوەی کاردانەوەکان بە دژی کۆماری ئیسلامی بەرەو ئاقارێکی دیکەدا بڕواو ئەوەش هەم دەرفەت بۆ پرسی کورد لە ئێران و هێزە سیاسییەکانی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دروست دەکاو هەم دەتوانێ بە هەڕەشەو مەترسییەک دابندرێ کە لە هەر دوو حاڵەتدا کورد کاتێک دەتوانێ دەرفەتەکان لە خزمەتی ئامانجەکانیدا بقۆزێتەوە یان بە سەر هەڕەشەکاندا زاڵ بێ کە یەکگرتوو بێ.
هەر لەو پێوەندییەدا باس لەوەش کرا کە ئهگهری ئهوهش ههیه کۆماری ئیسلامی بۆ پاراستنی خۆی وەک چۆن له دۆسییهی ئهتومیدا جامه ژههرهکهی خواردهوه، له دۆسییهکانی دیکهشدا بیهوێ به سازان لهگهڵ زلهێزهکان خۆی له ههڕهشهو مەترسییەکانی سەرخۆی دوور خاتەوە، بۆیە ئۆپۆزیسیۆنی کوردی ئێران دەبێ خۆیان بۆ ئەو دۆخەش ئامادە کردبێو پلان و بهرنامهیان بۆی هەبێ.
لە بڕگەیەکی دیکەی ئەو دانیشتنەدا دوولایەن پێوەندیو کاری هاوبەشی حیزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ساڵی ڕابردوویان بە باشو شایانی بایەخپێدان هەڵسەنگاند، بەڵام پێیان لەسەر ئەوەش داگرت کە ئەوە ناتوانێ تەواو وەڵامدەر بێو پێویستە لە ساڵی نوێدا ئەو هەنگاوانە قایمتر بەرەو پێشێ هەڵبگیرێنو ئەو پێوەندییە باشانە بخرێنە خانەی کارو پڕۆژەی بەکردەوەو مەیدانی لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا.