به پێی بانکی زانیاریی ناوه‌ندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان له ماوەی ئه‌م ساڵ‌دا هێزه‌کانی کۆماری ئیسلامی له کوردستان لانیکەم ٥٢ کۆڵبەر و کاسبکاری کوردیان بە تەقەی ڕاستەوخۆ کوشتووە. هه‌ر به‌هۆی ڕاوه‌دوونانی هێزه چه‌کداره‌کانی کۆماری ئیسلامی ١٤ کۆڵبه‌ری دیکه‌ی کورد به‌هۆی به‌ربوونه‌وه له به‌رزایی، سه‌کته‌ی دڵ، سەرمابردوویی و کەوتنە ژێر ڕنوو گیانیان له‌ده‌ست داوه.
لەو هێڕش و کۆمەڵکوژییەی کۆڵبەران و کاسبکارانی ناوچە سنوورییەکان‌دا ٣٦ که‌سیش بریندار بوون و وێرای کوشتنی ژمارەیەکی زۆر وڵاغی کاسبکاران،هێزەکانی کۆماری ئیسلامی دەستیان بەسەر سەدان میلیۆن تمەن باری کاسبکاران داگرتوە.
لە ماوەی ئەمساڵ‌دا ٦٢ زیندانیی کورد له زیندانه‌کانی ئێران‌دا له سێداره دراون کە وه‌ک ناوه‌نده ڕه‌سمییه‌کانی کۆماری ئیسلامی باسیان کردوه ئه‌و که‌سانه به تۆمه‌تی کڕین و فرۆشتنی ماده‌ی هۆشبه‌ر له‌دار دراون، هەروەها یەک لەوان بە ناوی محەممەد عەبدوڵڵاهی بە تاوانی ئەندامەتیی حیزبێکی کوردیی دژبەری کۆماری ئیسلامی لە دار درا. هەر لە ماوەی ئەمساڵ‌دا ٣ زیندانی لە بەندیخانەکان‌دا بە شێوەی گوماناوی گیانیان لە دەست داوە.
تەقینەوەی مینی چێندراو لەلایەن کۆماری ئیسلامی لە ماوەی ئەمساڵیش‌دا لانیکه‌م ٢٦ قوربانیی لێکەوتەوە. بە هۆی ئەو تەقینەوانە هەر نەبێ٦ کەس گیانیان لە دەست داوە و٢٠ کەسیش بریندار بوون.
ده‌زگا ئه‌منیه‌تییه‌کانی کۆماری ئیسلامیش له کوردستان له ماوه‌ی ئەم ساڵ‌دا ئه‌وه‌نده‌ی زاندراوە، لانیکه‌م ٢٨٨ که‌سیان به تۆمه‌تی چالاکیی سیاسی و هاوکاریکردنی حیزبه کوردستانییه‌کان قۆڵبه‌ست کردوه. ژماره‌یه‌ک له‌و گیراوانه تا کاتی دادگایی کردنیان به بارمته‌ی قورس ئازاد کراون و لانیکه‌م ٨٥ که‌س له‌وانه دوای به ناو دادگایی کرانیان سزای لە ٣ مانگ زیندان‌ڕا تا ٢٥ ساڵ زیندانیان به سه‌ر دا سه‌پاوه و سەرجەم ئەو ٨٥ کەسە بە ٥٨٥٢ مانگ زیندان مەحکووم کراون. هەروەها دوو زیندانیی سیاسیی کورد که هه‌ر کام زیاتر له ١٠ ساڵه له زیندان دا، یه‌کیان به تاوانی نامه نووسین بۆ ئه‌حمه‌د شه‌هید سزای 5 ساڵ و ئه‌وی دیکه‌یان به‌هۆی دروستکردنی په‌روه‌نده‌یه‌کی ئه‌منیه‌تی دیکه له دژی سزای ١٠ ساڵ و سه‌رجه‌م ١٥ ساڵ سزای زیاده‌یان به‌سه‌ردا سه‌پاوه.ده‌زگای دادی کۆماری ئیسلامی هه‌روه‌ها دوو زیندانیی سیاسیی به تۆمه‌تی چالاکیی ئه‌منیه‌تی دادگایی کردوە و سزای ئێعدامی به‌سه‌ردا سه‌پاندوون.
لە چەند ڕووداو و لەچەند شوێنی جیاوازدا لە کاتێکدا پێشمه‌رگه‌کانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان و حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران بۆ کاری ڕێکخراوه‌یی و گرتنی کۆڕ و کۆبوونه‌وه له‌گه‌ڵ خه‌ڵک لە نێو خۆی وڵات‌دا جووڵەیان بووە، له‌لایه‌ن هێزه چه‌کداره‌کانی کۆماری ئیسلامی هێرشیان کرایه سه‌ر و خراونەتە کەمینەوە.هەروەها دەستی ڕەشی تێرۆری کۆماری ئیسلامی لە شەوی یەڵدا، ( ٢١ی دێسامبری ٢٠١٦) دا گەیشتە بنکەیەکی حیزبی دێموکڕات و لەوزنجیرە ڕووداوەدا 21 پێشمەرگە و تێکۆشەری کورد بوونە قوربانیی سیاسەتی تێرۆری کۆماری ئیسلامی.
شایانی باسه ئه‌و ئامارانه ته‌نیا به پێی ئه‌و هه‌واڵ و زانیارییانه ئاماده کراوه که به ده‌ستی ناوه‌ندی مافی مرۆڤ گه‌یشتوون و ناو و نیشانیان به روونی ئاشکرا کراون، ئه‌گینا به دڵنیاییه‌وه قوربانیانی سیاسه‌تی توند‌و تیژی و پێشێلکاریی مافی مرۆڤ له کوردستان زۆر له‌وه زیاترن که لێره دا ناویان هاتوه و ئاماژه‌یان پێ کراوه.