پاش تێپەڕبوونی ٥ ساڵ لە ڕاگرتنی گۆڤاری كوردی فارسیی “سروە” لە ناوچهکانی كوردستان، ئیزنی بڵاوكردنەوەی ئهو گۆڤاره لە شاری گێلانی ڕۆژاوا به چالاکانی فهرههنگیی ئهو شاره نەدرا.
بەپێی ڕاپۆرتی ماف نیوز، لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا، کۆمهڵێک چالاكی مەدەنی بە هاوكاریی كۆمەڵێك لە نووسەرانو شاعیرانی كەڵهور لە شاری گێلانی ڕۆژاوا لە پارێزگای كرماشان، بەدوای وەرگرتنی مۆڵەتی بڵاوكردنەوەی بڵاڤۆكی سروە دابوون كە پێشتر لە لایەن ناوەندی فەرهەنگو ئەدەبی كوردی لە دوو شاری سنەو ورمێ چاپ دەكرا، بەڵام لە لایەن ئیدارەی فەرهەنگو ئیرشادی ئیسلامیی پارێزگای كرماشان دژایەتیی ئهو داوایه كرا.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە پاش ڕاگەیاندنی ڕەزامەندی لە لایەن ناوەندی فەرهەنگ و ئەدەبی كوردی سەبارەت بە پێدانی مۆڵەت بە شاری كرماشان، بەڵام بە هۆی بڕینی بوودجە بەبیانووی ئهوهی وەك “بڵاو كردنەوەی بیرۆكەی ناسیۆنالیستی” ناویان هێناوه، ئیدارەی فەرهەنگ و ئیرشادی ئیسلامیی كرماشان لە پێدانی مۆڵەتی چاپ بەم گۆڤارە خۆی بواردووە.
ئیدارەی فەرهەنگ و ئیرشادی ئیسلامیی كرماشان ڕایگەیاندووە، تەنیا لە كاتێكدا دەتوانن گۆڤاری سروە لەم شارەدا چاپ بكەن كە ههر بە زمانی فارسی بێ و جگه لهوه ههر له چوارچێوەی پارێزگای كرماشاندا بڵاو بێتهوهو بۆ شوێنی دیکه نهچێ.
سروە، گۆڤارێكی كۆمەڵایەتی، فەرهەنگی و ئەدەبی بووە كە بە دوو زمانی كوردی و فارسی لە لایەن ناوەندی بڵاو كردنەوەی فەرهەنگ و ئەدەبی كوردیی سهلاحهددین ئهیوبی سەرەتا لە ورمێ و پاشان لە سنە چاپ دەكرا. نووسەرانی كورد، گۆڤاری سروە بە یادگارییەك لە شاعێری بەناوبانگی كورد “مامۆستا هێمنی موكریانی” دەزانن كە لە سەرەتای دامەزرانییەوە تا ژمارەی ٥، سەرنووسەری ئەم گۆڤارە بووە.