هێزە ئەمنیەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە کوردستان لەماوەی ١٠ ڕۆژی ڕابردوودا بە دەیان چالاکی مەدەنییان بانگ کرد، دەسبەسەر و بۆ شوێنی نادیار گواستووەتەوە.
بەپێی هەواڵی سەرچاوە نێوخۆییەکان، سەرلە بەیانیی ڕۆژی ڕابردوو، دوو کەس لە بەڕێوەبەرانی جێژنی نەورۆزی جامانە بە ناوی”ڕامین ساڵحی” و “جەلال خوداکەرەمی” لە سنە لەلایەن “هێزی ڕێکخراوی حێفازەتی ئیتلاعاتی ناجا دەسبەسەرکران.
ڕێوڕەسمی نەورۆزی ٩٦ بڕیاربوو لە گوندی “حەسەن ئاوای” نزیک سنە بەڕێوە بچێ.
بەپێی قسەی شایەتحاڵانی ئەو ناوچەیە، کەرەستە و ئامادەکارییەکانی جێژنەکە لەلایەن هێزی تایبەتی حەفازەتەوە دەستی بەسەردا گیراوە و ڕێوڕەسمەکە هەڵوەشاوەتەوە.
هەروەها لە شاری کامیاران و سنە دوو چالاکی مەدەنیی دیکە بە ناوەکانی “سەعید یووزی” و “ساڵح ئەمانی” لە کۆتاییەکانی ساڵی ڕابردوودا لەلایەن لیباس شەخسییەکانەوە دەسبەسەرکراون و چارەنووسی ئەو دوو هاووڵاتییە هیچ زانیاریی ورد لەبەردەستدا نییە.
کۆتایی ئەو حەوتوویەش یەکێک لە ئەندامانی کۆمیتەی هاوئاهەنگی بۆ یارمەتی بە پێکهێنانی ڕێکخستنە کرێکارییەکان لە سنە بۆ حەفازەت ئیتلاعاتی هێزی ئینتیزامی بانگهێشت کراوە.
“خالید حوسەینی” لەپاش بانگهێشتی بەنووسراوە، کەسانی ئەمنیەتی لێپرسینەوەیان لەگەڵ کردووە.
هەروەها هەندێ سەرچاوەی دیکە باس لەوە دەکەن کە؛ دوابەدوای بەڕێوەچوونی جەژنی نەورۆزی سەقز لە گوندی “ئایچی”، لانیکەم ١٠ کەس لە بەڕێوەبەرانی ئەو ڕێوڕەسمە کۆنەی کوردەواری بۆ ناوەندە ئەمنییەکان بانگهێشت کراون کە ئاژانسی کوردپا ناتوانێ ڕاستیی ئەو گرتنە پشتڕاست بکاتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی سەرچاوە نێوخۆییەکان شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە بەرەبەری نەورۆزی ئەمساڵدا و لە ڕۆژەکانی پاش نەورۆزدا، لانیکەم ٢٧ هاووڵاتیی کورد لە پەیوەندیی لەگەڵ بەڕێوەچوونی جێژنی کۆنی نەورۆز و کەڵکوەرگرتن لە “جامانە”، لەلایەن مەئموورانی ئەمنیەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر کراون.
شایانی باسە لە ساڵی ڕابردوو، ٥٦٤ کەس لە هاووڵاتییانی کورد بەهۆی چالاکیی سیاسی، مەدەنی، وێبلاگنووسی و ژینگەپارێزی دەسبەسەر کراون کە بۆ ١١٩ کەسیان حوکمی زیندانیان بەسەردا سەپاوە.