ناوەندەئەمنییەکانی شاری سنە چیتر شەماڵە ی ئاگری سووری نەورۆزیان تەحمووڵ نەکردو بە هێرش کردن بەسەر رێورەسمی پێشوازی کردن لە بەهار، لە شارەدێی حەسەنئاوا وبە دەستداگرتن بەسەر کەلوپەلی ئەو رێورەسمە و دەسبەسەرکردنی ڕێکخەرانی تووڕەیی خۆیانیان لە گەشاوەیی نەورۆزی کوردەواریی دەربڕی.
بە پێی هەواڵی گەیشتوو لە شارەدێی حەسەنئاوا کە بڕیار بوو رۆژی ڕابردوو رێکەوتی ٦ی خاکەلێوە لەو شارەدێییە کە بەهۆی کەش وهەوای بارانییەوە رێورەسمی نەورۆز وەداوخرابوو ، بەڕێوە بچێ ، کە هێزە ئەمنییەکان لە چرکەساتی دەسپێکی مەراسمەکە هێرش دەکەن سەر ئەو رێورەسمەو بە تێکدان و دەرکردنی خەڵک و داگیرکردنی کەلوپەلی رێورەسمەکە رێگە نادەن خەڵک بەدەوری ئاگری نەورۆز ، داب ونەریتی مێژوویی خۆیان بەڕێوە ببەن. هەروەها هەموو ڕێکخەرانی ئەو رێورەسمە دەستبەسەرو تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە دوو کەس لە گیراوەکان لە گرتنگە ئیتلاعاتی سنە ڕاگیراون.
زانیارییەکان باس لەوەدەکەن ناوەندە ئەمنییەکان هەر لە کۆتایی رۆژانی زستان لەهەوڵدا بوون کە بە شێوازی جۆراجۆر ڕێگربن لە بەڕێوەچوونی ڕیورەسمی بەربڵاو .بەڵام چەند ساڵێکە خەڵکی کورد بۆنەکانی نەورۆزیان کردوتە دەرفەتێکی پان وبەرین بۆ دەربڕینی هەست وسۆزی نەتەوەیی، بەتایبەتی لە نەورۆزی ئەمساڵ کە هاوشانی وپاڵپشتی چالاکانی مەدەنی و ڕێکخراوە سیاسییە نەتەوەییەکانی پێوە دیار بوو، خەڵک بە گەرم وگۆڕتر هاتنە مەیدان و بەدەور ئاگری نەورۆز، زستانی داگیرکەرانیان توقاند.
دەنگدانەوەی نەورۆزی جامانەکان بۆتە هۆکارێک کە ناوەندە ئەمنییەکان هەرجار بەبیانوویەک لەو شوێنانە کە هێشتا رێورەسمییان بەڕێوە نەبردوە کۆسپ بخەنە سەرڕییان و رێگرییان لێبکەن.
شیاوی باسە ناوچەی چەم شار و ژاوەرۆی سنە، ئەمساڵ بە شکۆتر لە ساڵان، پێشوازییان لە هاتنی بەهار کردو، شەکاوە بوونی ئاڵاو جامانە، هەڵپەرکێی بە دەور ئاگری نەورۆزیی و دەیان سروود و گورانی شوڕشگێرانە، وەفاداری خەڵکی بە خەباتی ڕەوای کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستانی دەرخست و، خویناوی بوونی سنەی وەبیر دەسەڵات هێناوە.