وڵاتی ڕووسیە دەڵێ قهڵغانی مووشەكییهکهی ئێس ٣٠٠ بەم زووانە بە ئێران نادرێ.
دوو حەوتوو پاش هەڵوەشاندنەوەی قەدەغەكرانی فرۆشتنی قهڵغانی مووشهکیی ئێس٣٠٠بە ئێران لە لایەن ویلادیمیر پۆتینهوه، سێرگئی ریابكۆف جێگری وەزیری دەرەوەی ڕووسیە دەڵێ وانییه که قهڵغانی مووشهکیی ئێس٣٠٠ لە داهاتوویەكی نزیكدا بە ئێران بدرێ.
جێگری وەزیری دەرەوەی ڕووسیە بە هەواڵدەریی ڕووسیی “تاس”ی گوتبوو كە ئهمن پێم وانییه ئهو ڕادهستکردنه بەم زووانە بێ، بهڵام گرینگ ئەوەیە كە بڕیارێكی سیاسیو حقووقی دراوه ڕێگەچارەیەك بۆ وەها هەلێك بكرێتەوە.
لە لایەكی دیكە ئەم بڕیارەی مۆسكۆ لەگەڵ كاردانەوەی جیاجیا بەرەڕوو بۆوەو لە ئێران بە سەرنجدان بە پێشینەی پێوەندیی مۆسكۆ لەگەڵ تاران لە چەند دەیەی ڕابردوودا زۆربەی چاوهدێرانی سیاسی ئەمە بە “یارییەكی دیكەی ڕووسیە بە كارتی ئێران” ناو دهبهن. چاوهدێرانی سیاسی دەڵێن بڕیاری پوتین پێش ئەوەی لە بەرژەوەندیی ئێران دابێ بە شێوەیەكی دیكە به وهرگرتنی ئیمتیاز لە ڕۆژاوا دادهندرێ.
ڕۆژنامەی “شەرق”یش ڕۆژی ڕابردوو نووسویهتی، ئەم جارەش ڕووسەكان توانیان بە كارتی ئێس ٣٠٠ یاری بكەنو، شیمانەی ئەمە دەكرێ كە ڕووسیه ئیمتیازی لە ڕۆژاوا وەرگرتبێو هەر بۆیە قسەی ئەمڕۆی لەگەڵ چەند ڕۆژ لەوەپێش جیاواز بوو.
لە دەرەوەی ئێران بڕیاری ڕووسیە لەگەڵ كاردانەوەی توندی ئیسراییل ڕووبەڕوو بۆوەو هێندێك لە سەرچاوە ناڕەسمییەكان دەڵێن لهوانهیه گۆڕانی هەڵوێستی ڕووسیە پێوەندیی بە هەڕەشەی نتانیاهوو سەبارەت بە ناردنی چەكۆچۆڵ بۆ ئۆكراین بووەو شیمانەی ئەمە دەكرێ كە ڕووسیە لە بەرامبەر هەڕەشەی ئیسراییل پاشەكشەی كردووە.