ئیعتیاد لە نێو ژنانی ئێراندا لە حاڵی بەرزبوونەوە دایەو بەپێی ئامارەكان لە ساڵی ڕابردوو واتە ساڵی له ١٣٩٣ دا ٢٧٩ ژن بە هۆی بهکاهێنانی مادەی هۆشبەرەوە گیانیان لەدەست داوە كە ئەم ڕێژەیە لە چاو ساڵی ١٣٩٢ نزیك بە سەدی ٣٣ زیادی کردوه.
چالاكانی كۆمەڵایەتی دهڵێن ئهوهی هەموو لایەكی نیگەران كردوەو ڕووتێكردنی ژنان بۆلای ماددە سەنعەتییەكانی وەك شیشەیە.
بەوتەی كارناسان، لە ڕابردووشدا كۆمەڵێكی زۆر لە ژنان موعتاد دەبوون، بەڵام جیاوازیی موعتاد بوونی ژنان لە ڕابردوو و ئێستا لە جۆری ماددەی هۆشبەر، ڕێژەی ئەم ماددانە و تەمەنی گیرۆدە بوونی ئەم ژنانەیە. ئهوان دهڵێن ئەگەر لە ڕابردوودا هێندێك لە ژنانی ئێرانی وێڕای مێردەكانیان خەریكی تریاك كێشان بوون، ئێستا كچە مێرمنداڵەكان لەم وڵاتە، بەدوور لە بنەماڵەكانیانو، ئەم جارە ماددەی هۆشبەری لە چەشنی شیشەو ماریجووانا دهکێشن.
بەپێی ئامارە ڕەسمییەكان، ژنان بە گشتی سەدی ١٠ی حهشیمهتی موعتادەكانی ئێران پێك دێنن. ئەم ڕێژەیەش زۆرتر لە قۆناخی تەمەنی نێوان ٢٠ تا ٣٦ ساڵدا بەدی دەكرێو تەمەنی مەترسیدار بۆ تووش بوون بە ماددەی هۆشبەر لە نێو ژناندا ١٥ تا ١٩ ساڵە. جگە لەم ئامارە، زۆر كەس پێیان وایە بەشێكی زۆری ڕێژەی تووشبوونی ژنان بە ماددەی سڕكەر بە شاراوەیی ماوەتەوە. چونكی لەوانەیە ئیعتیادی ژنان بە هۆكارە جۆربەجۆرە كۆمەڵایەتیی و فەرهەنگییەكان ئاشكرا نهکرێ.