ڕۆژی دووشەممە ریکەوتی ٢٠ی مارسی ٢٠١٧ی زایینی، بە بۆنەی نەورۆز و هاتنی ساڵی نوێی کوردییەوە، ڕێوڕەسمێکی پڕ شکۆ لە باڵەخانەی پارلەمانی یەکێتی ئوروپا و بە بەشداری چەندین ئەندامی پارلەمانی ئوروپا، نوێنەری حیزبە بلژیکی،یەکان و نوێنەرایەتی زۆربەی حیزب و ڕێکخراوە کوردستانییەکان و کۆمەڵێک لە کوردانی نیشتەجێی ئەو وڵاتە بەڕێوە چوو. لەو ڕێورەسمە دا کە لە لایەن نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بلژیک ڕێکخرابوو، هەیئەتێکی کومیتەی حیزبی دیموکراتی کوردستان، پێک هاتوو لە هاوڕێیان حوسێن گوڵاوی بەرپرسی کومیتە حیزب لە بلژیک و هاوڕێیەتی کاک ئەحمەد ساڵحی ئەندامی کومیتە، بەشدار بوون.
سەرەتای ڕێورەسمەکە بە وتەی یەکێک لە ئەندامانی پارلەمانی ئوروپا دەستی پێکرد. ئەو ئەندام پارلەمانە بە بۆنەی نەورۆز و هاتنی ساڵی نوێی کوردییەوە پیرۆزبایی لە سەرجەم گەلی کورد لە هەموو پارچەکانی کوردستان کرد و بە ئاوڕ دانەوە لە بارودۆخی ئێستای باشووری کوردستان، هیوای سەرکەوتن و هاتنە دیی ئامانجەکانی گەلەکەمان خواست.
بە دوای ئەو دا بەڕێز دلاوەر ئاژگەیی نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بلژیک، وتارێکی کورتی پێشکەش کرد و پیرۆزبایی نەورۆز و هاتنی ساڵی نوێی کوردی لە سەرجەم ڕۆڵەکانی گەلەکەمان کرد.
ئەو ڕێوڕەسمە بە شایی و هەڵپەڕکێ و خۆشی بەشدارن تا درەنگانی شەو درێژەی کێشا.