مرۆڤ وه‌ختێک مێژووی رزگاریخوازیی گه‌لان ده‌خوێنێته‌وه، به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی به‌ئاکام گه‌یشتوون، هه‌ستده‌کا فیلمێک ده‌بینێ یا رۆمانێکی رێئالی سرنجڕاکێشه. له خاڵێکه‌وه ده‌ستپێده‌کا و له نوخته‌یه‌ک کۆتایی پێدێ. کۆمه‌ڵگەیه‌ک راپه‌ڕیوه، سه‌رکردایه‌تییه‌ک رۆڵی رێبه‌ریی بینیوه، له کۆتاییشدا خه‌ڵک له‌خۆشی سه‌رکه‌وتن هه‌ڵپه‌ڕیوه. مێژووی کورد به‌ڵام، رۆمانێکی تراژیک، بێ‌ئاکام، پڕ له ده‌ستپێک و بێ خاڵی کۆتایی! له‌و رۆمانه‌دا، گشت رۆژێک ده‌ستپێکه، کۆتاییش له به‌سه‌رهاتێکی نامۆ ده‌چێ و ره‌هایه و خوێنه‌ر خۆی ده‌بێ خاڵی کۆتایی بدۆزێته‌وه، که‌ی و له‌کوێیه.
ئه‌ده‌بیات به‌هه‌موو توانایه‌وه له خزمه‌ت ئه‌و رۆمانه‌دا بووه. چی وشه و هه‌ستی له هه‌ناوی خۆیدا شکبردووه، پێشکه‌شی ئه‌و مێژووه‌ی کردوه. له‌سه‌ر یه‌کگرتن پتر له شیست وشه له قاموسی کوردی‌دا نووسراوه، بۆ جیایی نیوه‌ی شێستی بۆ داندراوه. چی شێعر و په‌خشانه، چی بابه‌تی توێژینه‌وه و وه‌رگێڕانه، په‌یام و نامه‌ی مرۆڤه‌کانه، گشتیان هاواریان بۆ یه‌کگرتن دێ. به‌ڵام، نه‌ته‌وه، رێبه‌ری و جووڵانه‌وه وه‌ک گاڵتەیان به‌و وشه‌یه بێ، یا تێگه‌یشتنیان هه‌ڵه‌بێ. قه‌ت هه‌وڵیان نه‌داوه رۆمانی رزگاریخوازیی خاوه‌ن کۆتاییی جوان بێ. که ده‌ڵێم کۆتایی، مه‌به‌ستم له سه‌ربه‌ستییه، ئه‌گینا هه‌موو شۆڕشه‌کانی کورد ساحێبی کۆتاییه، مه‌خابن کۆتاییه‌ک که بێ‌ئاکام بووه و ژاراوییه. سه‌یرکه‌ن، به‌قه‌را هه‌موو خه‌به‌ره‌کانی جیهانیی له ده‌زگاکانی راگه‌یاندندا، ئێمه هه‌واڵی دانیشتن و کۆبوونه‌وه ده‌بیستین. وه‌ک به زمانی ته‌نزیشه‌وه زۆرجار گوتراوه تا پرته‌قاڵ و مۆز هه‌بێ، کۆبوونه‌وه‌ی کوردی ته‌واو نابێ. راستییه‌کی تاڵه، خۆ لێگێلکردنیشی وادیاره مه‌حاڵه. له هه‌رهه‌مووی ئه‌و دانیشتن و کۆبوونه‌وانه، چه‌ند وێژه‌یه‌کی سواو له‌سه‌ر زمانه. گه‌یشتینه رێککه‌وتن بۆ یه‌کدوو دانیشتن. گرفته‌کان تاوتوێ‌کران، ئه‌نجامه‌کانیش بۆ دانیشتنی دوایی هه‌ڵپه‌سێردران. له‌وه‌ش سه‌یرتر، تا ژماره‌ی میکرۆفۆنه‌کان پتربن، وته‌بێژ تامه‌زرۆتر، له‌سێ میکرۆفۆن تێپه‌ڕین، کابرا لووتبهرزتر!!!!
باسه‌که‌م هه‌رته‌نیا ڕووی له وشه‌ڕیزکردن نییه، باس له هه‌ستێکی ئینسانییه. که‌ی و چۆن له منی مرۆڤدا ده‌خوڵقێ و ده‌بێته باوه‌ڕ. کازانجاکیس جوانی بۆچووه، به‌ڵام ئه‌وه ئێمه‌ین به‌عام له‌بیرمان کردووه، که ده‌ڵێ: ‹›من ته‌نیا خۆم به قه‌رزداری رزگاریی ده‌زانم، ئه‌گه‌ر رزگار نه‌بووین، هه‌ر خۆم تاوانبارم›› . ئه‌و هه‌نگاوێکیش واوه‌تر ده‌چێ و هۆی گرفته‌که‌ی دیوه‌ته‌وه: ‹›باشترین باوه‌ڕی سیاسی ئه‌وه‌یه نه‌فره‌تت له هیچکه‌س نه‌بێ، له‌جیات ئه‌و باوه‌ڕت به رزگاری و سه‌ربه‌ستی هه‌بێ. تۆ نابێ ته‌نیا باوه‌ڕت به دروشمه‌کان هه‌بێ، به‌ڵکوو گرینگ ئه‌وه‌یه باوه‌ڕت به مرۆڤه‌کانی هه‌ڵگری ئه‌و دروشمانه هه‌بێ.››
سه‌یری کۆمه‌ڵگەی پێشکه‌وتووی خۆرئاوا ده‌که‌م. سه‌ره‌تا با ئه‌وه بڵێم ئه‌گه‌ریش له ئێمه‌ی کورد پتر باوه‌ڕیان به دیموکراسی و پلۆرالیزمه، هێشتا به‌قه‌را پارچه‌یه‌ک له کوردستان خاوه‌ن حیزب و سازمان نین. له‌وه‌ش گرینگتر، خاوه‌ن شه‌ڕ و خۆکوژیش نین. باوه‌ڕه فکری و سیاسییه‌کانیان وه‌کوو هی من و تۆی کورد جیاوازن، به‌ڵام ئه‌وان له په‌روه‌رده کردنی که‌سایه‌تی مرۆڤهکانیاندا شازن. دروشمه‌کانی من و تۆ پڕن له بانگی یه‌کسانی، مافی ئینسانی، به‌ڵام ئێمه‌ی هه‌ڵگری ئه‌و دروشمانه خاوه‌ن بناخه‌یه‌کی پهروردهیین که پڕه له نوقستانی. ئه‌وان له‌نێوان خۆیاندا رۆژگارێک له‌باری فکرییه‌وه ئه‌وه‌نده جیاوازبوون که دیواری بێرلینیان ڕاکێشا. په‌روه‌رده‌ی که‌سایه‌تییان ئه‌وه‌نده هاوشێوه بوو، رووخان و لابردنی ئه‌و دیواره ته‌نیا چه‌ند ساڵێکی کێشا. به‌ڵام من و تۆ ئەوهتی هه‌ین، چ ئه‌و کاته‌ی کۆچه‌ر بووین، چ سه‌رده‌می ئاغاوه‌تی، چ ئێستای حیزبایه‌تی، له‌باری فکرییه‌وه هاوارمان رزگاریی نیشتمانه، به‌ڵام په‌روه‌رده‌ی که‌سایه‌تیمان نوقستانه و بۆیه به‌رده‌وام شه‌ڕمانه.
با لێره‌دا رووی قسه‌م له‌گه‌ڵ تۆ بێ، تۆ گه‌وره‌م، سه‌رکرده‌م، ده‌بینی چی پێنووسی هه‌ن وهگهڕکهوتوون و باسی یه‌کگرتن ده‌نووسن. نووسین بهقهیاسی باڵای مێژوو و به‌قورسایی ده‌ریایه‌ک خوێن. ئه‌وه‌تا هه‌ر نووسه‌رێک ده‌بینی له یه‌کبوون ده‌دوێ و شاعیر له جوتبوون. که‌وابوو، تاکه‌ی هه‌ر خۆت و خۆت بوون. وادیاره جێناوهکانت لێتێکچووه. سه‌باره‌ت به‌و گرفته تیتۆس پاتریکیۆس جوانی بۆچووه:
ده‌ڵێین ئێمه و مه‌به‌ستمان منه.
ده‌ڵێین تۆ و دووباره مه‌به‌ستمان منه.
له‌راستیدا ته‌نیا به من،
ده‌توانین پێناسه‌ی که‌سێکیتر بکه‌ین. ‹›
له‌و نیشتمانه‌دا سه‌یرکه، ئه‌گه‌ر باڵنده‌یه بهچریکه هاواری یه‌کگرتن ده‌کا. ئه‌گه‌ر ده‌ریایه، یه‌کگرتن بۆ ئه‌و وه‌کوو رووباری خوڕێن وایه. بێ رووبار ناژی. ئه‌گه‌ر کانیاوه، دڵی خاکی ده‌وێ، ئه‌گه‌ر سه‌وزه‌یه خۆره‌تاوێ، ئه‌گه‌ر رێبواری تینووشه، ئه‌و یه‌کگرتنه‌ی گه‌ره‌که وه‌کوو چۆره ئاوێ. دڵنیابه گوڵ ده‌توانێ ده‌سپێکی به‌هاربێ، هه‌روه‌ک تنۆک سه‌ره‌تای له‌دایکبوونی ده‌ریایه، بۆیه قه‌ت مه‌ڵێ به گوڵێک به‌هار نایه. ده‌ست بده ده‌ستی هاونیشتمانت، ده‌ستی یه‌کگرتن و په‌یمانت، بزانه چۆن وه‌کوو لهدۆستایهتیدا، بزه ده‌ستپێک و سه‌ره‌تایه. دووباره یه‌خه‌ی کازانجاکیس به‌رناده‌م و گوته‌یه‌کی ئه‌و بۆ تۆ ، بۆ من، بۆ سه‌دانی وه‌ک من و تۆ دێنمه گۆڕێ: ‹› خراپه‌کاری ته‌نیا له سه‌ره‌تادا سه‌رکه‌وتوویه، دڵنیابه له کۆتاییدا دۆڕاندوویه‹›. گه‌ر سه‌یری ژیان بکه‌ی، ژیان ته‌نیا چرکه‌یه‌که، باپێکه‌وه ئه‌به‌دییه‌ت به‌و چرکه‌یه ببه‌خشین. من و تۆ بۆیه هه‌ورین و له ئاسمانین. چونکه هه‌م راسپارده بۆ بارانین و هه‌م بۆ هاوڕه‌گه‌زه‌کانمان سایهوانین. بارانی ئێمه هیوا و خۆزگه‌یه، ئه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌که‌مان به‌درێژایی مێژوو خوێنی بۆ ده‌دا، ئه‌ویش رزگاری و سه‌ربه‌ستی ئه‌و گه‌له‌یه. وه‌ره با له جیهانی بێهیواییدا بجه‌نگین، له ئازادی رۆحمان وه‌کوو کاریگه‌رترین هونه‌ر بۆ ده‌سته‌به‌رکردنی هیوا که‌ڵک وه‌رگرین. وه‌ره با چیتر راوی به‌خته‌وه‌ری نه‌که‌ین، پێمانوابێ باڵنده‌یه و جار له ئاسمانه و جار له‌نێو زه‌ین و خه‌یاڵمان، نه‌خێر ئه‌وه‌تا لێره‌یه، له‌نێو هێلانه‌ی رۆحمان. ته‌نیا خۆمان ئه‌و هێلانه‌یه نابینین. چونکه گیرۆده‌ی ئه‌م و ئه‌وین، خولیای خۆبه‌زلزانی و کۆنه ڕق و کینین. دڵنیابه! پیرۆزترین ئامانج و تیئۆری، مانه‌وه‌مان و پێکه‌وه‌بوونه. راکردن له ده‌ست یه‌کگرتن سه‌رکه‌وتنی بۆ نییه و ئاکامی فه‌وتان و تێداچوونه. ئه‌گه‌ر باوه‌ڕ ناکه‌ی، له مێژوو بپرسه.
سەرچاوە: ڕۆژنامەی کوردستان ژمارە ٧٠٠.