بەقسەی وەزیری بێهداشتی كۆماری ئیسلامیی ئێران، هۆكاری نیوەی مردنی خەڵك لەم وڵاتە، بەكار هێنانی زۆری چەوریو خوێ و خواردنە ناسالمەكانەو؛ سەرۆكی ڕێكخراوی “خۆراکو دهرمان”یش دەڵێ ئەم ڕێكخراوە توانای چاوەدێری كردن بەسەر چۆنیەتیی بەرهەمە خۆراكییەكانی نییە.
حەسەن قازیزادە هاشمی، وهزیری بێهداشتی ئێران لە قسهکانی خۆیدا که بەر لە وتاری ڕۆژی هەینی لە تاران کردنی گوتی: زۆربەی خەڵك هیچ ئاگایان لە بڕ و چۆنیەتیی ئەم خواردنو خواردنەوانە نییە كە ڕۆژانه بە كاریان دێننو گوی نەدان بە سڵامەتی و لەشساغی، فشارێكی زۆری خستۆتە سەر بوودجەی دەوڵەتو خەرجی بنەماڵەكان.
وەزیری بێهداشت بەكارهێنانی لە ڕادەبەدەری چەوریو شیرینیی بە یەكێك لە هۆكارەكانی قەڵەوبوونو چوونە سەری كێشی لەشی داناوه و دهڵێ زیاتر لە ٢٥ میلیۆن کهس له ئێران بە دەست قەڵەویو کێشی زیادهوه دەناڵێنن.
وەزیری بێهداشت لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا گوتی بۆ نموونە خەڵكی ئێران ٣ هێندەی تەواوی جیهان خوێ بهکار دێننو هەروەها بەكار هێنانی شەكر و جۆر و ڕێژەی ئەم ڕۆنەی خەڵكی ئێران بەكاری دێنن لەگەڵ زۆربەی وڵاتانی دیكە جیاوازی هەیە كە هەر ئەوەش دەبێتە هۆی نەخۆشیو گیرانی دەمارەكانی لەش و لە ئەنجامیشدا سەكتەی دڵێ دەكەوێتەوە.
قازیزادەی هاشمی، لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا گوتی: دەوری وەزارەتی بێهداشت لە بواری تەندروستی لە سەرتاسەری ئەم وڵاتەدا كەمتر لە سەدی ٢٠ە و سڵامەتی و لەشساغیی خەڵك زۆرتر لە دەستی دامو دەزگا پێوەندیدارەكانی دیکهو لە دەستی خۆیان دایە.
شایانی باسە ڕەسووڵ دیناروەند، سەرۆكی ڕێكخراوی “خۆراکو دهرمان” ڕۆژی ٣ی بانەمەڕ دانی بەوە دانا كە چاوەدێری كردنی ئەم ڕێكخراوە بەسەر بەرهەمە خۆراكییەكاندا زۆر لاوازە، چونكی ئیمكانات و پشكێنەری پێویستییان بۆ ئەم مەسەلە لە بەر دەست دا نییە.