4 چالاكی مه‌ده‌نی له به‌ندیخانه‌كانی كامیاران و ورمێ ئازاد كرا و هاوكات چه‌ند كه‌سی دیكه ده‌سبه‌سه‌ركران.
به‌پێی ڕاپۆرتی ناوه‌ندی دێموكراسی و مافی مرۆڤ له كوردستان، شه‌پۆلی ده‌سبه‌سه‌ركرانی چالاكانی مه‌ده‌نی له شاره‌كانی كامیاران ، ورمێ، سه‌قز، پیرانشار و شنۆ به‌رده‌وامه و ٤ كه‌سی دیكه‌ش به‌دانانی بارمته ئازادكران.
ڕۆژی ٢٤ی ڕه‌شه‌ممه هێزه ئه‌منیه‌تییه‌كان له ئاوایی پاڵنگانی سه‌ربه شاری كامیاران، ڕه‌شید شه‌ره‌فیان له ئه‌ندامانی به‌ڕێوه‌به‌ریی نه‌ورۆزی ئه‌و ئاواییه باش ده‌سبه‌سه‌رداگرتنی كه‌لوپه‌لی كه‌سۆكی، ده‌سبه‌سه‌ركرابوو.
پێشتریش كه‌سێك به ناوی محه‌ممه‌ڕه‌زا ئاهه‌نگه‌ر له ئاوایی ئاسنگه‌رانی سه‌ربه كامیاران ده‌سبه‌سه‌ر و بۆ شوێنێكی ناڕوون گواسترابوویه‌وه، له شاری سه‌قزیش كه‌سێك به ناوی هێرش ڕه‌سوڵی به هۆی كڕینی جامان ده‌سبه‌سه‌ركرابوو، له ئاوایی زه‌نگیاوای شاری پیرانشاریش كه‌سێك به ناوی ڕه‌سووڵ سوڵتان‌پوور، ته‌مه‌ن ٥٠ ساڵانه و كه‌سێكی دیكه به ناوی سه‌عید ئه‌حمه‌دی كه وێنه‌گریی هه‌بوو، له‌لایه‌ن هێزه‌كانی ئیتلاعات ده‌سبه‌سه‌ر و بۆ ورمێ گواسترابوونه‌وه.
هه‌روه‌ها له شار شنۆ كه‌سێك به ناوی ئه‌میر وه‌فایی و له شاتری سه‌قز كه‌سێك به ناوی ڕه‌زا سه‌لیمی له كاتی كڕینی جامان ده‌سبه‌سه‌ركرابوون كه ڕه‌زا پاش سێ حه‌وتوو له زیندان ئازاد كرا.
هه‌روه‌ها چه‌ند كه‌سی دیكه به ناوه‌كانی ساسان بابایی مامۆستا و چالاكی مه‌ده‌نیی شاری كامیاران پاش ٤٠ ڕۆژ، كاوه مورادی وه‌رزشكار و یه‌كێك له كارمه‌ندانی ئیداره‌ی ئاگركوژێنه‌وه‌ی هه‌مان شار و هه‌روه‌ها ئومید كه‌مانگه‌ر له خزمانی نزیكی ساسان بابایی كه له‌لایه‌ن ئیداره‌ی ئیتلاعاتی كامیاران ده‌سبه‌سه‌ركرابوون هه‌ر كام به‌دانانی بارمته‌ی ٢٠٠ میلیۆن تمه‌نی له زیندانی سنه ئازاد كران.
هێزه ئه‌منیه‌تییه‌كانی كۆماری ئیسلامیی ئێران، تۆمه‌تی پڕوپاگه‌نده له به‌رژه‌وه‌ندیی حیزبه كوردییه‌كانی به‌رهه‌ڵسكاری كۆماری ئیسلامیی ئێرانیان وه‌پاڵ داون و له لایه‌كی دیكه‌ش هێزه‌كانی ڕێژیم له هه‌موو شاره كوردییه‌كانی ڕۆژهه‌ڵات له هه‌وڵی كۆنتڕۆڵكردن و پێش‌گرتن به كردنه‌وه‌ی ئاگری نه‌ورۆزن و له هه‌موو شتێك زیاتر به ڕێوڕه‌سمی نه‌ورۆزی جامانه تووڕه‌ن.