ڕۆژی٢٤ی ڕەشەمەی ئەمساڵ مریەم زادە ڕەسووڵ، هاوسەری پێشمەرگەی شەهیدی دیموکرات، مام رەسووڵ شەعبانی خەڵکی گوندی تاژاندەرێی ناوچەی شنۆ کۆچی دوایی کرد.
مام رەسووڵ پێش ئەوەی ببێ بە پێشمەرگە، وەک ئەندامێکی چالاک لە تەشکیلاتی نهێنیی حیزب دا تێکۆشانی هەبوو. دواتر کە بەکرێگیراوان و کاربەدەستانی ئیدارەی ئیتلاعات لە ناوچەی شنۆ، مام رەسووڵیان وەک ئەندامێکی هەڵسوور و کاریگەری حیزب لەو ناوچەیە شناسایی کرد و کەوتنە هەوڵی گرتنی، ڕیزی تێکۆشەرانی ئاشکرای حیزبی دیموکراتی بۆ تێکۆشانی زیاتر هەڵبژارد. مام رەسووڵ بوو بە هاوکارێکی شارەزا و بە توانای تیمە تەشکیلاتییەکان و پێشمەرگەکانی حیزب لە ناوچەئ شنۆ. سەرئەنجام هاوینی ١٣٧٨ی هەتاوی لە کاتی بەڕێوەبردنی مەئموورییەتی حیزبی، لە تێکهەڵچوونێک دا لە نزیک گوندی شێخانی ناوچەی شنۆ، مام رەسووڵ شەهید بوو. مریەم خانم لە هەموو ساڵانی خەباتی نهێنی و پێشمەرگایەتیی مام رەسووڵ دا، وەک ژنێکی سەربەرز و دایکێکی دلسۆز، سەرپەرستیی مندالەکانی کرد. لە دوای شەهید بوونی مام رەسووڵی هاوسەریشی، ڕووسوورانە مندالەکانی پێ گەیاند و بەو جۆرەی شایانی بنەمالەی شەهیدێکی سەربەرزە، بنەمالەکەیانی بەڕێوە برد.
تەرمی مریەم زادە ڕەسووڵ بە هاوبەشی ژمارەیەکی زۆری خەڵکی ناوچەی شنۆ، لە گوندی تاژاندەرێ بە خاک سپێردرا. بە هۆی خۆشەویستیی ئەو بنەمالە شەهیدە و هەر وەها سەبارەت بە هەموو ئەو فیداکاری و دڵسۆزییانەی ئەو خانمە لە وەفاداری بە ڕێبازی پڕشانازیی هاوسەرە شەهیدەکەی نیشانی دابوو، خەڵکی دڵسۆزی ناوچەی شنۆ، بە گەرمی بەشداری پرسە و هاوخەمی لە گەڵ بنەماڵەی مام رەسووڵ شەعبانی و رەوانشاد مریەم زادە ڕەسووڵ بوون.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دیموکراتی کوردستان، بە بۆنەی کۆچی دوایی مریەم زادە ڕەسووڵ، بە گەرمی سەرەخۆشی لە کوڕو کچەکانی ئەو خانمە و سەرجەم کەسوکار و هۆگرانی ئەو بنەماڵەیە دەکا و خۆی بە هاوخەمیان دەزانێ. گیانی مریەم خانم و گیانی هاوسەرە شەهیدەکەی مام رەسووڵ شەعبانی شاد و، یادیان بەرز و بەڕێز بێ.











