پاشنیوەرۆی رۆژی ٢٤ی رەشەمە لە یەکێک لە سالۆنەکانی دەفتەری سیاسیی حیزبی دیموکراتی کوردستان، لە رێورەسمێکدا ٧١ەمین ساڵۆەگەریی دامەزرانی یەکیەتیی ژنان دیموکراتی کوردستان بەرز ڕاگیرا.
ئەو ریورەسمە کە بە ئامادەبوونی بەشێکی بەرچاو لە ژنان و پیاوان و کادر وپێشمەرگەو ئەندامانی حیزبی و کۆمەڵێک مێوانی دیکە بەڕێوەچوو، دوای بەخیرهاتنی کردنی خاتوو سۆما حەکیمزادە پێشکەشکاری رێورەسمەکە، بە نواندنی سروودی ئەی رەقیب، و ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ سەرجەم خەباتکارانی گیانبەختکردووی ڕیگای ئازادی ویەکسانخوازیی ، پەیامی یەکیەتیی ژنانی دیموکراتی کوردستان لە لایەن سکرتێری ئەو ڕێکخراوەیە خاتوو سۆهەیلا قادری خوێندرایەوە.
خاتوو سۆهەیلا وێڕای ئاماژەدان بە مێژووی دامەزراندنی یەکیەتیی ژنانی دیموکراتی کوردستان وەکوو دەسکەتێکی بەنرخ لە سەردەمی زێڕینی کۆماری کوردستان و، هەلومەرجی سیاسیی کورد بە گشتی و، بەتایبەتی رۆژهەڵاتی کوردستان، باسی لە رۆڵ و کاریگەریی ژنان کرد لە دەرکەوتن و هاتنە مەیدانیان لە پرس وبوارە جیاجیاکاندا، بۆ دەستبەرکردنی مافی ئازادی ویەکسانی و سەرخستنی گەلەکەیان.
دوای پەیامی یەکیەتیی ژنانی دیموکراتی کوردستان، جێگری سکرتێری گشتیی حیزبی دیموکراتی کوردستان دکتور ئاسۆ حەسەنزادە، پەیامی خۆی و دەفتەری سیاسیی حیزبی بە بۆنەی ٢٤ی رەشەمە پێشکەش بە ئامادەبووان کرد.
ئاسۆحەسەنزادە سەرەتا وێڕای پیرۆزبایی کردنی ئەو بۆنە مودێڕنە لە مێژووی خەباتی گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان کە خاڵێکی وەرچەرخانە لە پرسی ژنانی کورد، باسێکی کورت وپۆختی لەوبارەوە پێشکەش کرد.
ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا بە ئاوردانەوەیەک لە رۆلی ژنان لە بەستێنی سیاسی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی لە روانگەی یاسا و پڕنسیپی نێونەتەوەییەوە، کۆمەلێک لە مافی ژنان بە گشتیی و، بەتایبەتی ژنانی کوردی خستەبەرباس و گوتی : مافی ژنان، بەشێکی بنەڕەتییە لە مافی مرۆڤ و ، بە پێی یاسا و گرێبەستە نێونەتەوەییەکان ، هاوکات کە ژنان یەکەم قوربانی شەڕ و ناکۆکییە سیاسییەکانن، بێگومان دەبێ لە پرۆسەی ئاشتەوایی نێو مرۆڤەکان بەشدار بن، چونکە کاریگەریی پۆزتیڤیان لە سەر ئاسایش و ئەمنی نیونەتەوەییدا هەیە.
ئاسۆحەسەنزادە لە بەشێکی دیکە لە قسەکانیدا پەڕژایە سەر نەخشی ژنانی کورد، وەکوو کاراکتەرێکی شوێندانەرو لێهاتوو، لە هاوکێشە سیاسی و شەڕ و رووداوە خۆش وناخۆشەکان و، هەروەها باسی ئەوەی کرد کە ژنی کورد هەموو کات هەوڵی داوە نموونەیەکی کوردستانی لە بیرۆکەی فمنیزم نیشان بە جیهان بدات و، لەوبارەوە، کارنامەیەکی بەبایەخ و زێڕینیان تۆمار کردوە.
ناوبراو ، بەوەبیرهێنانەوەی وتەی بەنرخی پێشەوا قازی محەممەد کە فەرموویەتی، ژنی ئازا ، رۆڵەی ئازا پەروەردە دەکا و رۆڵەی ئازاش ئازادی دەستبەر دەکا. ئاماژەشی بەوە دا کە پێشەوا قازی محەممەد و دامەزرێنەرانی کۆماری کوردستان وەها بەستێنێکیان پێکهێنا کە کاری ژنانی کورد تەنیا پەروەردەی منداڵی ئازا نەبێ ، بەڵکوو بۆ خۆشی رۆڵەیەکی ئازا بێ بۆ گەلەکەی و، بێگومان مینا خانم خێزانی قازی محەممەد دامەزرێنەری رێکخراوی یەکەتیی ژنانی دیموکراتی کوردستان ، لەو بارەوە نموونەیەکی بەرچاوە.
جێگری سکرتێری گشتیی حیزب، لە کۆتایی قسەکانیدا بە گرینگی دان لە بواری پەروەردە و فەرهەنگسازی نەخشی ژنانی لە بزاڤەکانی کورد و ، بەتایبەتی لە خەباتی حیزبی دیموکرات و، لە داهاتووی کۆمەڵگەدا بەرزنرخاند.
داوتر کۆمەڵێک برووسکە و پەیامی پیرۆزبایی لایەنە سیاسی و سەنفییەکان خوێندرانەوە.
لە بڕگەیەکی دیکەی ئەو ڕێورەسمەدا گرووپی هونەریی کچانی یەکیەتیی ژنان سروودێکی شۆڕشگێرییان پێشکەش بە ئامادەبووان کرد.
پاشان پەیامی یەکیەتیی لاوانی دیموکراتی رۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەن خاتوو شەونم هەمزەیی”یەوە خوێندرایەوە.
لە برگەیەکی دیکەدا، پێشمەرگەی دەنگخۆش بەناوی هێمن کەریمی بە پێشکەش کردنی چەپکە گوڵێک، لە باخچەی ئاواز و گۆرانی کوردی ، ئەو رێورەسمەی ڕازاندەوە و پاشان خاتوو تریفەی فاتحی پەخشانە شێعرێکی پێشکەش کرد.
هەروەها لە بەشێکی دیکەی ئەو رێورەسمەدا، لە لایەن یەکیەتیی ژنانی دیموکراتی کوردستانەوە، رێز لە پاڵپشتی دەفتەری سیاسیی حدک و هەروەها ماندووبوونی چەندین کەسی دیکە لە هاوکاران و خەمخۆرانی یەکیەتیی ژنانی دیموکراتی کوردستان گیرا، لەوحی رێزلێنان لە هاوکاری وپشتیوانی کردنی دەفتەری سیاسیی حیزب، پێشکەش بە هاورێ مستەفا مەولوودی سکرتێری گشتیی حیزبی دیموکراتی کوردستان کرا.
ئەو رێورەسمە بە گۆرانی وتنی رێبوار حسێنی و دەستوپەنجەی هونەرمەندانەی ئارام ئیزەدپەنا و هەڵپەرکێی گشتی کۆتایی پێهات.