تلویزیۆنی ئینگلیسی زمانی “پرێس تی ڤی” دانپێدانانی زیندانییەکی سیاسیی خەڵکی شاری کامیارانی بڵاوکردەوە، کە بە تۆمەتی کوشتنی چەند کەسێک لە دەستوپێوەندییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەستبەسەر کراوە.
چەند ڕۆژ پێش، دەنگ و ڕەنگی ئینگلیسی زمانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، بە نیشان دانی دێکۆمێنتارێک لهژێر ناوی”رانندە مرگ” بەشێک لە فیلمی دانپێدانانی تلویزیۆنی لە زیندانییەکی سیاسیی خەڵکی شاری کامیاران بڵاوکردەوە.
لەو فیلمە دێکۆمێنتییەدا کە نزیک به ٢٠ خولەک دەبێ، دانپێدانانی بە زۆرەملیی زیندانییەکی سیاسیی خەڵکی کامیاران کە لە هاوینی ئەمساڵەوە هەتاکوو ئێستا بێسەروشوێن بووە، بڵاوکراوەتەوە.
کاناڵی پرێس تی ڤی شوناسی ئەو زیندانییە سیاسیەی بە ناوی”حەیدەر قوربانی” کوڕی عەلی بڵاوکردۆتهوه و تۆمەتی هاوکاری کردن لە کوشتنی چەند کەسێکی سەر بە دەستوپێوەندییەکانی حکوومەت و پێوەندیی لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبهری ڕێژیم داوەتەپاڵی.
لە فیلمی دروستکراوی “رانندە مرگ”دا، کە هێندێک بەڵگەیان بۆ سازکردووە، ئەو زیندانییە سیاسییە لە پێش بنەماڵەی کوژراوەکاندا نیشان دەدا کە گوایە دان بە تاوانەکەیدا دەنێ، کە دەستی لە کوشتنی چەند کەسێکی سەربە حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە شاری کامیاراندا هەبووە.
لە ماوەی ئەمساڵدا دەنگ و ڕەنگی کۆماری ئیسلامی بە بەردەوامی حیزبە ئۆپۆزیسیونەکان بە تاوانی کوشتنی دەستوپێوەندییەکانی حکوومەت تۆمەتبار کردوە.
لە سەرەتای دەسپێکی دەسەڵاتی ئیسلامیی ئێران هەتاکوو ئێستا، دەزگای بەناو قەزایی ڕێژیم و دەنگ و ڕەنگی پاوانکراوی دەسەڵات، بەردەوام لە دانپێندانانی زۆرەملی و بڵاوکردنەوەی ئەو بەناو دانپێندانانە لە تلویزیۆنی و بڵاوکراوە حکوومەتیەکانەوە، بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی خۆیان و سزادانی دەنگە ناڕازییەکان بهکاریان هێناوه.











