تەها ئەمیریان ناسراو بە مام تەهای میراوێ کە تەمەنی خۆی لە خزمەت و تێکۆشان لە پێناوی گەلەکەی دا بە سەر برد، دوا ڕۆژەکانی زستانی ئەمساڵ ماڵاوایی لە ژیان کرد.
مام تەها لە هەڕەتی لاوەتییەوە بووە هۆگرو ئەوینداری ڕێبازی دیموکرات و تا دوایین چرکەی ژیانی، بەم ڕێبازە و خەباتی حیزبی دیموکرات لە پێناوی نەتەوەکەی وەفادار مایەوە. مام تەها لە سۆنگەی کوردایەتی و خزمەت بە حیزبی دیموکرات، هەم تووشی ئازارو ئەشکەنجەی رێژیمی پاشایەتی بوو، هەم سالانێک لە تەمەنی لە سیاچاڵەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دا بەرێ کرد. لە بەندیخانەی کۆماری ئیسلامیدا مام تەها نموونەی خۆڕاگری بوو.دوای رزگار بوونی لە بەندیخانەش وەک پێشوو مام تەها بووە بە پەنا و پشتیوانی کادرە تەشکیلاتییەکان و پێشمەرگەکانی حیزب لە ناوچەی شنۆ. تەها ئەمیریان، نموونەی ئەو مرۆڤە بە بیروباوەرانە بوو کە هەرەشە و گوشاری دامو دەزگا سەرکوتکەرەکان و ئازار و ئەزیەت دیتن بە هۆی سیخوڕ و بەکرێگیراوانی کۆماری ئیسلامییەوە، لە پشتیوانی حیزبی دیموکرات و خەباتی ئازادیخوازیی نەتەوەکەیان، ساردیان ناکاتەوە.
ناوەندی راگەیاندنی حیزبی دیموکراتی کوردستان بە بۆنەی کۆچی دوایی مام تەها ئەمیریان، هاوخەمی و سەرەخۆشی گەرم پێشکەشی بنەمالەی رەوانشاد مام تەها، دانیشتوانی گوندی میراوێ و خەڵکی دیموکراتدۆستی ناوچەی شنۆ، دەکا. خزمەت و وەفا و دڵسۆزیی مام تەها و هەموو دڵسۆزانی چەشنی ئەو، لە یاد و بیرەوەریی درێژەدەرانی ڕیگاکەی دا بە زیندوویی دەمێنێتەوە.