پاشنیوەڕۆی رۆژی یەکشەممە ٢٢ی رەشەمە خولی سەرەتایی پێشمەرگە، دەورەی ٢٢١ کۆتایی هات و بەمجۆرە پۆلێکی دیکە لە لاوانی رۆژهەلاتی کوردستان پەیوەست بوون بە ریزەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانەوە.
لە رێورەسمێک کە بە بۆنەی کۆتایی هاتنی خولی سەرەتایی پێشمەرگە دەورەی ٢٢١، بە هاوکاری فێرگەی سیاسی- نیزامیی و کۆمیسیۆنی ئامووزشی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەڕێوەچوو وێڕای پیرۆزبایی کردن لە لاوانی تازە پەیوەست بوو بە ریزی پێشمەرگایەتی چەندین بڕگەی جیاجیا دیکەش نواندران.
سەرەتا سروودی نەتەوەیی”ئەی رەقیب” لە حەوشەی قەڵا دەنگی دایەوەو، پاشان پێشمەرگەکانی دەورەی ٢٢١ بە رژە و مەشقی نیزامییەوە ئامادەگیی خۆیانیان بۆ تێکۆشان و خەبات لە پێناوی ئازادی وسەروەری نەتەوەکەیان دەربڕی و لە لایەن کادرو پێشمەرگەکانی ئامادەبوو لەو رێورەسمەدا بە چەپڵەرێزانەوە، بە گەرمی پێشوازییان لێکرا.
لە درێژەی ئەو رێورەسمە کە لە یەکێک لە سالۆنەکانی بنکەی سیاسیی حدک بەڕێوەچوو دوای ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ رێزگرتن لە یادوناوی سەرجەم شەهیدانی سوورخەڵات ، بەرپرسی فێرگەی سیاسی –نیزامیی کاک محەممەد شەهرەوان پەیامێکی پێشکەش کرد.
هاوڕێ محەممەد شەهرەوان لە پەیامەکەیدا بە ئاماژەدان بە کۆتایی هاتنی سەرکەوتوانەی دەورەی ٢٢١ی سەرەتایی پێشمەرگە، پەیوەستی بوونی لاوانی خوێن گەرمی رۆژهەڵاتی کوردستانی بە ریزەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستان بۆ ڕەوایی ئەو خەباتە مێژووییە گەڕاندەوەو ، باسی جیگەو پێگەی حیزب لە نیو خەڵکی کوردستان کرد.
ناوبراو لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا بە ئاوردانەوەیەک لە دۆخی سیاسیی ئێران و کەش و نیگای ئەمنیەتی کە بەسەر کوردستاندا زاڵە لەو بارەوە گوتی؛ کۆماری ئیسلامیی ئێران هەموو کات کوردستانی بە مەکۆی مەترسیدار زانیوەو بۆ بەچوک هێنانی گەلی کورد لە هەموو پیلان وئامرازێک کەڵکی وەرگرتوەو بەڵام نەیتوانیوە بەسەر ئیرادەو ویستی خەڵک سەرکەوێ.
خوێندنی چەند گۆرانی کوردی لە لایەن پێشمەرگەکانی دەورەی٢٢١، بە ناوەکانی فەرهاد خەڵیفەزادە، محەممەد ئەمین شێخی وزانا سەعیدی بڕگەیەکی ڕازاوەی ئەو رێورەسمەبوو
دواتر پەیامی پۆلی پێشمەرگەکانی دەورەی تازە لە لایەن ئەمیر کەهریز خوێندرایەوە و لە بڕگەی دیکەش چەند سروودی شۆڕشگێرانە پێشکەش بە بەشداربووان کرا.
بڕگەی کۆتایی ئەوڕێورەسمە دابەشکردنی خەڵات بوو بە سەر سێ کەس لە سەرکەوتووان و بەنەزمترین پێشمەرگەکانی دەورەی٢٢١ بە ناوەکانی ؛
پدرام سەعیدی، شەهاب، نەزەری، موحسێن خودابەندەلوو کە لایەن هاوڕێ خدر پاکدامەن بەرپرسی ناوەندی ٢ی حیزبەوە، پێشکەشیان کرا.