بە پێی هەواڵی گەیشتوو لە شاری بانە، رۆژی ٢٠ی رەشەمە ١٣٩٥ی هەتاوی تێکۆشەری دیرینی حیزبی دێموکراتی کوردستان و سیمایەکی ناسراو و خۆشناوی شاری بانە بە ناوی مێرزا محەممەد خاکی لە تەمەنی ٨٤ ساڵەییدا ماڵاوایی لە ژیان کرد.
مێرزا محەممەد خاکی لە سەرەتای ساڵانی ١٣٣٠ی هەتاوییەوە پەیوەندی بە ڕێکخستنە نهێنییەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستان، لە شاری بانە گرت و، بە هۆی لێهاتوویی و جێمتمانەبوونی لە ناوچەی بانە، کاریگەریی هەبوو لە وشیاربوونی خەڵک و پەیوەست بوون و پاڵپشتی کردنیان لە بزووتنەوەی مافخوازانەی گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان.
ناوبراو بە هۆی چالاکییەکانیەوە دوو جار لە ساڵەکانی ٤٧ و ٥٢ی هەتاوی لە لایەن رێژیمی پاشایەتییەوە دەسبەسەر و بۆ ماوەیەک زۆر لە زیندان ڕاگیرا.
مێرزا محەممەد خاکی هەم ئازاری گرتووخانەو ئەشکەنجەکانی ساواکی لە جەستەدا بوو هەم دوای هێرشی کۆماری ئیسلامیی ئیران بۆ سەر خەڵک وخاکی کوردستان چەکی بەرەنگاربوونەوە لە شان کرد و بەرگریی لە خاکی نیشتمان کرد.
مێرزا محەممەدی تێکۆشەر لە ساڵی ١٣٦٥ی هەتاوی بە هۆی چوونە سەری تەمەنی بە ئیجازە و بڕیاری حیزب گەڕایەوە نێو شاری بانەو هەتا دوایین چرکەی ژیانیشی هەر بە رێبازی پێشەوا قازی وەفادار مایەوە.
کۆمیسیۆنی راگەیاندنی حیزبی دیموکراتی کوردستان وێڕای پێشکەش کردنی پرسەو سەرەخۆشی لە سەرجەم خەڵکی ناوچەی بانە و بەتایبەتی بنەماڵە و کەسوکاری هاوڕێ مێرزا محەممەد خاکی، خۆی لە خەمیان بە شەریک وبەشدار دەزانێ.