رۆژی هەینی ڕێکەوتی ٢٠ی رەشەمە، بە ئامادەبوونی بەشێکی بەرچاو لە ئەدەبدۆستان و قەڵەمبەدەستانی کورد لە گوندی گڵۆڵانی خواروو، یادی مامۆستا عەتری گڵۆڵانی کرایەوە.
ئەندامانی ئەنجومەنی کۆڕی فێرکاری و فەرهەنگی ئەدەب و ئەنجومەنی ژینگە پارێزی وڵات ، بە بەشداریی هۆگرانی وێژە و ئەدەبی کوردی لە گوندی گڵۆڵانی خواروو رێورەسمێکیان بۆ یادکردنەوە لە مامۆستا محەممەد نووری بەڕیوەبرد.
لە سەرەتای ئەورێورەسمە سەرەتا ئەنجومەنی ژینگەپارێزی وڵات، هەڵمەتی نەمام چاندنی لەو گوندە بەڕێوەبرد و، پاشان لە چەند برگەیەکی دیکە ئەو رێورەسمە فەرهەنگییە درێژەی پێدرا.
لەو رێورەسمە سەرەتا عوسمان نووری لە لایەن بنەماڵەی مامۆستا محەممەد نوورییەوە، بەخێرهاتنی مێوانانەکانی کردو سپاسی چالاکانی مەدەنی وئەدەبی کرد بۆ رێکخستنی ئەو رێورەسمە.
پاشان چەند کەس لە قەڵەمبەدەستانی بەشداربوو بابەت و شێعری خۆیانیان پێشکەش کرد.
دواتر گرووپی سروودی کێوی قەرەقا لە سەر شێعر مامۆستا ئەمین گەردیگلانی سروودێكیان لە پێوەندی لەگەڵ کارەساتی کیمیابارانی حەڵەبچە پێشکەش بە ئامدەبووان کرد.
لە بڕگەیەکی دیکەی ئەو ڕێورەسمەدا چەندین بابەتی دیکە خوێندرانەوە.
شایانی باسە مامۆستا محەممەد نووری ناسراو بە عەتری گڵۆڵانەیی لە سیماناسراوەکانی ئەدەبی کوردییە کە مێژوویەکی بەرچاو و زێڕینی هەیە لە خزمەتی بەپیت وبەرەکەت کردنی بە کتێبخانەی کوردی و، هەربۆیە هۆگران و چالاکانی مەدەنی وئەدەبی وەکوو وەفایەک بۆ ئەو ذاتە وەفادارە چەند ساڵیکە لە شوێنی لەدایکبوونی یادی دەکەنەوەو رێزی لێدەگرن.