له په‌راوێزی پێنجه‌مین دیداری سلێمانیدا که رۆژه‌کانی ٨ و ٩ ی مارسی ٢٠١٧ له زانکۆی ئه‌مریکیی عیراق له سلێمانی به‌ڕێوه چوو، د. ئاسۆ حه‌سه‌ن زاده جێگری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان له دوو کۆبوونه‌وه‌ی جیاوازدا پاشخان و دۆخی ئێستا و دووره‌دیمه‌نی خه‌باتی حیزبی دێموکڕات و گه‌لی کورد له رۆژهه‌ڵاتی کوردستانی بۆ به‌شدارانی کۆبوونه‌وه‌کان روون کرده‌وه.
له په‌راوێزی کاره‌کانی دیداری سلێمانیدا، به‌یانیی رۆژی ٩ی مارس، کۆبوونه‌وه‌یه‌ک بۆ د. ئاسۆ حه‌سه‌ن زاده له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ک لۆبیگهر و راوێژکاری نزیک له ئیداره‌ی نوێی ئه‌مریکا رێك خرا. له‌و کۆبوونه‌وه‌یه‌دا، د. ئاسۆ حه‌سه‌ن زاده سه‌ره‌تا پاشخانی خه‌باتی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان و پرسی کورد له ئێران و دۆخی ئێستای بزوتنه‌وه‌ی سیاسیی کورد له رۆژهه‌ڵاتی خسته‌ڕوو. ناوبراو ئینجا روانگه‌کانی حیزبی دێموکڕات بۆ چۆنیه‌تیی چاره‌سه‌ری پرسی کورد له ئێران و خه‌باتی هاوبه‌شی هێزه سیاسییه‌کانی کوردی رۆژهه‌ڵات و روانینی ئه‌و حیزبه بۆ شێوازی مامه‌ڵه‌ی کۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی به‌تایبه‌تی وڵاته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریکا له‌گه‌ڵ کۆماری ئیسلامیی روون کرده‌وه.
دواتر ئه‌ندامانی ئه‌م گرووپه له لۆبیگهر و راوێژکارانی ئه‌مریکایی کۆمه‌ڵێک پرسیاریان سه‌باره‌ت به بزوتنه‌وه‌ی کورد له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان و دۆخی ناوخۆی ئێران و سیاسه‌ت و بۆچوونه‌کانی حیزبی دێموکڕات له‌پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ کێشه و ململانه‌کانی ناوچه له ئاسۆ حه‌سه‌ن زاده کرد که له‌لایه‌ن ناوبراوه‌وه وڵام درانه‌وه. له کۆتایی ئه‌م کۆبوونه‌وه‌یه‌دا سه‌باره‌ت به درێژه‌دانی ئه‌م دیدار و پێوه‌ندییانه و چۆنیه‌تیی کاریگه‌ری دانان له‌سه‌ر سیاسه‌تی له‌مه‌ودوای ئیداره‌ی نوێی ئه‌مریکی له‌بواری سه‌رنج پێدان به پرسی کورد له ئێران گفتگۆ و هه‌ماهه‌نگی کرا.
دوانیوه‌ڕۆی هه‌مان رۆژ و هه‌ر له په‌راوێزی دیداری سلێمانیدا، د. ئاسۆ حه‌سه‌ن زاده بانگهێشتی کۆبوونه‌وه‌یه‌ک کرا که بۆ باسکردن له‌سه‌ر دۆخی کورد له هه‌ر کام له پارچه‌کانی کوردستان بۆ کۆمه‌ڵێک رۆژنامه‌وان و شڕۆڤه‌کار و مامۆستای زانکۆ رێک خرابوو. له‌و کۆبوونه‌وه‌یه‌دا د. ئاسۆ حه‌سه‌ن زاده سه‌باره‌ت به پرسی کورد له ئێران قسه‌ی کرد. وته‌کانی ناوبراو تایبه‌ت بوون به هۆکاره‌کانی خستنه په‌راوێزی پرسی کوردی رۆژهه‌ڵات له‌و باس و خواسانه‌دا که له سه‌رده‌می ئێستادا سه‌باره‌ت به فاکته‌ری کوردی له ناوچه‌دا رێک ده‌خرێن. ئه‌مه‌شی بۆ کۆمه‌ڵێک هۆکار گه‌ڕانده‌وه که به‌شێكان هۆکاری پێکهاته‌یین و پێوه‌ندییان به سروشتی پرسی کورد له ئێرانه‌وه هه‌یه. به‌و مانایه که له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا که کوردی رۆژهه‌ڵات دووه‌مین پارچه‌ی گه‌وره‌ی کوردستانه، به‌ڵام دۆخی کورد له ئێران له‌ڕووی باڵانسی دێموگرافی و مه‌وقعییه‌تی سیاسی و حقووقییه‌وه له‌چاو پارچه‌کانی دیکه ئاڵۆزتر و سه‌ختتره. له‌لایه‌کی دیکه‌وه، به‌پێچه‌وانه‌ی سێ ده‌وڵه‌ته‌كه‌ی تری حاكم به‌سه‌ر کوردستاندا که له شکڵی ئێستایاندا پاش شه‌ڕی یه‌که‌می جیهانی شکڵیان گرتووه، کورد له ئێران له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتێكی ناوه‌ندی به‌ره‌وڕوویه که پشت به رابردوویه‌كی زۆر دوورودرێژتر له حوکمڕانی و باڵاده‌ستی ده‌به‌ستێ. به‌پێچه‌وانه‌ی عیراق، ئێران نه ئه‌و پاشخانه ئیستعمارییه‌ی هه‌بووه که هێندێک به‌ڕه‌سمی ناسینی پێکهاته نه‌ته‌وه‌یییه‌کانی لێ که‌وتۆته‌وه و نه ئه‌وه‌نده‌ش کودێتا و ئاڵوگۆڕی سیاسیی تێدا روو داوه که زوو زوو ده‌رفه‌ت بۆ ده‌رخستنی خواسته دێموکراتیک و نه‌ته‌وه‌ییه‌کان بڕه‌خسێ. به‌پێچه‌وانه‌ی تورکیه‌ش، ئێران نه ئه‌و به‌ستێنه نیوه دێموکراتیکه‌ی به‌خۆیه‌وه دیوه که ده‌رفه‌تی کاری سیاسی به که‌مایه‌تییه‌کان ده‌دا و نه له‌گه‌ڵ دنیای ده‌ره‌وه‌ش بۆ نموونه یه‌كێتیی ئه‌ورووپا له پێوه‌ندییه‌کی کارتێکه‌ریی نیهادیدا بووه که به قازانجی مافی مرۆڤ و که‌مینه‌کان شكابایهوه.
ده‌سته‌ی دووه‌می هۆکاره باسکراوه‌کان له دیدی د. ئاسۆ حه‌سه‌ن زاده‌وه بریتی بوون له هه‌لومه‌رج و کانتێکستی خه‌باتێک که کورد له ئێران به‌ڕێوه‌ی ده‌با. له‌و به‌شه‌دا ناوبراو ئیشاره‌ی به‌وه کرد که کۆماری ئیسلامی نه‌ک هه‌ر له ئاستی ناوخۆدا به سه‌رکوت و پاکتاوی سیاسی ده‌ره‌تانی بردنه پێشی دێموکراتیکی پرسی کوردی به‌ستووه، به‌ڵکوو له ئاستی نێوده‌وڵه‌تیشدا گه‌مه‌یه‌کی تێکده‌رانه و فێڵبازانه‌ی بردۆته پێش که ده‌سه‌ڵاته‌کانی ده‌ره‌وه‌ی ناچار کردووه که به پارێزه‌وه مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ بکه‌ن. ئاسۆ حه‌سه‌ن زاده لێره‌دا ره‌خنه‌ی له سیاسه‌تی رۆژئاواییه‌كان گرت که هه‌موو سه‌رنجی خۆیان خستۆته سه‌ر پرسه ئه‌منیه‌تییه‌كان و ئه‌مه‌ش لاوازی و که‌وتنه په‌راوێزی بزاڤه مافخوازاییهكانی خه‌ڵکی ئێران به گرووپه ئێتنیکهكانیشی لێ که‌وتۆته‌وه. به وته‌ی ناوبراو له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا که به‌رپرسایه‌تیی یه‌كه‌می هه‌ستانه‌وه‌ی زیاتری بزوتنه‌وه‌ی کورد له رۆژهه‌ڵات ده‌که‌وێته سه‌ر شانی هێزه سیاسییه‌کانی ئه‌و به‌شه‌ی کوردستان و پێویسته ئه‌وان کۆتایی به په‌رش و بڵاوی و چه‌ند گوتاری و جیاوازیی ئاقاری خه‌بات بێنن، برایانی کوردیش له پارچه‌کانی تری کوردستان ده‌بێ ئاگایان له‌و راستییه بێ که قازانجی کورد به گشتی و کورد له هه‌ر پارچه‌یه‌کی کوردستاندا له‌وه‌دا نیه که پرسی کورد له پارچه‌یه‌کی دیکه‌ی کوردستاندا په‌ڕاوێز بخرێ و کۆمه‌ڵگای نێونه‌ته‌وه‌ییش ده‌بێ به‌و قه‌ناعه‌ته بگا که ته‌نیا کاتێک رێژیمێک له‌سه‌ر ئاستی نێونه‌ته‌وه‌ییدا به‌رپرسیارانه ده‌جوڵێته‌وه که له ئاستی ناوخۆشدا له به‌رامبه‌ر ویست و داواکانی خه‌ڵکی وڵاته‌که‌یدا وڵامده‌ر بێ. لێره‌دایه که ئاوڕدانه‌وه‌ی زیاتر له بزوتنه‌وه‌ی کورد له رۆژهه‌ڵات وه‌ک به‌شێک له فاکته‌ری گشتیی کورد له ناوچه‌دا ده‌توانێ بۆ سنووردارکردنی مه‌یدانی مانۆڕی تێکده‌رانه‌ی کۆماری ئیسلامی به‌سوود و به‌به‌رهه‌م بێ.