دیداری سلێمانی گردبوونه‌وه‌یه‌کی ساڵانه‌یه که هه‌موو ساڵێک له مانگی مارسدا زانکۆی ئه‌مریکیی عیراق له سلێمانی به مه‌به‌ستی گفتگۆ سه‌باره‌ت به پرسه سیاسی و ستراتیژییه‌كانی پێوه‌ندیدار به کورد، عیراق، رۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست و سیاسه‌تی نێوده‌وڵه‌تی به به‌شداریی شرۆڤه‌کارانی ئه‌كادیمی و به‌رپرسانی پایه‌به‌رزی سیاسی له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆ و ده‌ره‌وه رێکی ده‌خا.
له پێنجه‌مین دیداری سلێمانیدا که له رۆژه‌کانی ٨ و ٩ ی مارسی ٢٠١٧ له‌ژێر سه‌ردێری “دوای داعش: رێگاچاره‌ی پایه‌دار بۆ کۆتایی هێنان به شه‌ڕ و کێشه یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كان” به‌ڕێوه چوو، د. ئاسۆ حه‌سه‌ن زاده له‌سه‌ر بانگهێشتی زانکۆی ئه‌مریکیی عیراق له سلێمانی به‌شدار بوو.
له ده‌سپێکی به‌رنامه‌کانی رۆژی یه‌که‌می دیداری سلێمانیدا، سه‌ره‌تا “کریستین ڤان دێن تۆرن” به‌ڕێوه‌به‌ری ئه‌نستیتۆی توێژینه‌وه‌ی ناوچه‌یی و نێونه‌ته‌وه‌یی زانکۆ و “جیل دێربی” سه‌رۆکی کۆمیته‌ی ئه‌میندارانی زانکۆ هه‌ر کامه وته‌یه‌کیان بۆ ده‌سپێکی دیداره‌كه پێشکه‌ش کرد. ئینجا به‌ڕێز دوکتور به‌رهه‌م ساڵح دامه‌زرێنه‌ری زانکۆی ئه‌مریکیی عیراق له سلێمانی قسه‌ی کرد. دوکتور به‌رهه‌م له قسه‌کانی خۆیدا سه‌ره‌تا به‌بۆنه‌ی هه‌شتی مارسی رۆژی جیهانیی ژنه‌وه پیرۆزبایی له ژنانی جیهان و کوردستان به‌تایبه‌تی ژنان پێشمه‌رگه و شه‌رڤان و ژنانی دایک و خوشکی شه‌هیدانی کوردستان کرد و ئه‌و قسه‌یه‌ی دایکی خۆی گێڕایه‌وه که ده‌یگوت ژنان هه‌ر ته‌نیا نیوه‌ی کۆمه‌ڵ نین، به‌ڵكوو دایکی نیوه‌که‌ی تریشن. ناوبراو له‌درێژه‌ی قسه‌كانیدا سه‌باره‌ت به‌و پرس و زه‌رووره‌تانه‌ی ئه‌مڕۆ له مه‌یدانی سیاسیی کوردستان و عیراق و ناوچه‌دا له ئارادان و پێویسته له دیداری سلێمانیدا بیریان لێ بکریته‌وه، کۆمه‌ڵێک را و سه‌رنجی به‌نرخی خسته‌ڕوو.
ئینجا دوکتور حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆک وه‌زیرانی عیراق بانگ کرایه پشتی تریبوون. ناوبراو له قسه‌کانیدا وێڕای ئاماژه به سه‌رکه‌وتنه‌کانی ئۆپه‌راسیۆنی ئازادکردنی موسڵ، روانگه‌کانی خۆی و حکومه‌ته‌که‌ی سه‌باره‌ت به دۆخی ئێستا و ئایندهی عیراق و پێوه‌ندیی نێوان پێکهاته‌کانی ئه‌و وڵاته خسته‌ڕوو.
دواتر، هه‌ر به‌بۆنه‌ی رۆژی جیهانیی ژنه‌وه، خاتوو فه‌ریده عه‌باس که کچێکی ئێزیدیی رزگاربووی ده‌ستی داعشه، ئه‌زموونی تاڵی ده‌ستبه‌سه‌رکران و بردرانی خۆی و ده‌سته خوشکه‌كانی و ئازار و ده‌ستدرێژی کرانه سه‌ریان له‌لایه‌ن چه‌کدارانی داعشه‌وه گێڕایه‌وه. ناوبراو گوتی چیڕۆکی من ته‌نیا یه‌ك له‌و هه‌زاران چیڕۆکه‌یه که به‌سه‌ر کچان و ژنانی ئێزیدی هاتووه و ئه‌و کابووسه هه‌ر ئێستا بۆ دوو هه‌زار و پێنج سه‌د کچ و ژنی ئێزیدی هه‌روا به‌رده‌وامه. قسه‌کانی فه‌ریده به‌شدارانی دیداری سلێمانیی خسته گریان و به‌پێوه بۆ ماوه‌ی چه‌ند خوله‌ک به چه‌پڵه‌لێدانی به‌رده‌وام رێزیان له ئیراده و بوێریی ئه‌و کچه کورده گرت.
ئینجا پانێله‌کانی دیداری سلێمانی ده‌ستیان پێ کرد. له پانێلی یه‌كه‌مدا که بۆ باس له تێچووی ئینسانیی شه‌ڕ ته‌رخان کرابوو و له‌لایه‌ن خاتوو لیز دووسێت رۆژنامه‌وانی هه‌ره به‌ناوبانگی بیبیسییهوه به‌ڕێوه چوو، هه‌ریه‌ک له ده‌یڤید میلیباند وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی پێشووی بریتانیا، کریستۆس ستیلیانیدێس وه‌زیری کاروباری ئینسانیی یه‌كێتیی ئه‌وروپا، ده‌رباز محه‌ممه‌د وه‌زیری کۆچبه‌رانی عیراق، لیس گراند کۆردیناتۆری کاروباری مرۆیی یووئێن له عیراق، و چۆمان هه‌ردی مامۆستا له زانکۆی ئه‌مریکیی سلێمانی قسه‌یان کرد. پانێلی دووه‌م که بۆ باس له ئۆپه‌راسیۆنی موسڵ و تازه‌ترین زانیاری و دووره‌دیمه‌نه‌کانی ئه‌و ئۆپه‌راسیۆنه ته‌رخان کرابوو له‌لایه‌ن مایکل نایتس توێژه‌ر له ئه‌نستیتۆی سیاسه‌تی رۆژهه‌ڵاتی نزیک له واشنگتۆنه‌وه به‌ڕێوه چوو و هه‌ر یه‌ک له جه‌بار یاوه‌ر وته‌بێژی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان، که‌ریم نووری وته‌بێژی حه‌شدی شه‌عبی، حه‌یده‌ر شه‌شۆ فه‌رمانده‌ی هێزه‌کانی پاراستنی ئێزیدیه‌كان قسه‌یان تێدا کرد. پانێلی سێهه‌م که بۆ باس له ململانێی ناوچه‌یی و چوارچێوه‌یه‌ک بۆ جێگیری ته‌رخان کرابوو، له‌لایه‌ن رابین رایت توێژه‌ر له ئه‌نستیتۆی ئاشتیی ئه‌مریکا به‌ڕێوه چوو و هه‌ریه‌ک له فه‌لاح فه‌یاز راوێژکاری ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی عیراق، بهسمهت ئۆزتورک جێگری وه‌زیری به‌رگریی تورکیه، هۆشیار زێباری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی پێشووتری عیراق، و ئێلێنا سوپۆنینا راوێژکاری ئه‌نستیتۆی رووسیی توێژینه‌وه‌ی ستراتژی قسه‌یان تێدا کرد. له پانێلی چواره‌م و کۆتایی رۆژی یه‌كه‌می دیداری سلێمانیدا باس له سه‌حنه‌ی سیاسیی عیراق و نه‌خشه‌ڕێگای چاره‌سه‌ر کرا و لوقمان فه‌یلی باڵیۆزی پێشووی عیراق له ئه‌مریکا هه‌ریه‌ک له سه‌لیم جه‌بووری سه‌رۆکی په‌رلمانی عیراق، ئارام شێخ محه‌ممه‌د جێگری سه‌رۆکی پارلمان، د. فوئاد حوسێن سه‌رۆکی دیوانی سه‌رۆکایه‌تیی هه‌رێمی کوردستان، عادل عه‌بدولمێهدی جێگری پێشووی سه‌رکۆماری عیراق، لویس رافائێل ساکۆ گه‌وره قه‌شه‌ی کهلدانییهکانی عیراقی هێنایه قسه.
سه‌ره‌تای دووه‌م رۆژی دیداری سلێمانی بۆ دوکتور فرانسیس فۆکۆیاما بیرمه‌ندی گه‌وره‌ی ژاپۆنی-ئه‌مریکایی و نووسه‌ری کتێبی “کۆتایی مێژوو” ته‌رخان کرابوو. له‌و گفتگۆیهدا که له‌لایه‌ن دوکتور به‌رهه‌م ساڵحه‌وه به‌ڕێوه ده‌چوو، سه‌ره‌تا فرانسیس فۆکۆیاما بهرداشتهکانی خۆی له‌سه‌ر جیهانی پاش ده‌رچوونی کتێبه‌که‌ی خسته‌ڕوو. ئینجا به‌پێی پرسیاره‌کانی د. به‌رهه‌م، روانگه‌کانی خۆی سه‌باره‌ت ره‌وتی دێموکراتیزاسیۆن له جیهاندا، کاریگه‌ریی ده‌ستێوه‌ردانی سه‌ربازی له‌سه‌ر پرۆسه‌ی ئاشتی و بنیاتنان، لایه‌نه باش و خراپه‌کانی به‌جیهانیبوون، پێوه‌ندیی نێوان هه‌ریه‌ک له سه‌رچاوه سروشتییه‌کان، ئایین، ته‌کنۆلۆژی، ده‌ستڕاگه‌یشتن به زانیاری، و فاکته‌ری متمانه له‌گه‌ڵ دێموکراسی، شی کرده‌وه. ئه‌و هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به گرینگیی هه‌نگاونانی به‌كرده‌وه بۆ جێبه‌جێکردنی ئیدئاله دێموکراتیکهكان و قه‌ناعه‌ت نه‌کردن به رێکاره شکلییهکانی وه‌ك هه‌ڵبژاردن و هۆکاره‌کانی سه‌رکه‌وتنی پۆپۆلیسته‌کان له هه‌ڵبژاردنه‌کانی ساڵانی دوایی هێندێك وڵاتی جیهاندا کرد. دواتر چه‌ند پرسیارێک له‌نێو به‌شداربووان وه‌رگیرا که له‌لایه‌ن فۆکۆیاماوه وڵام درانه‌وه.
ئینجا نۆره گه‌یشته پانێله‌کان. له پانێلی پێنجه‌مدا که بۆ باس له قه‌یرانی حوکمڕانی و پێویستیی ریفۆرم ته‌رخان کرابوو، سه‌ره‌تا قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆکی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان راپۆرته وتارێکی سه‌باره‌ت به ریفۆرمی حوکمڕانی له هه‌رێمی کوردستان پێشکه‌ش کرد. پاشان له‌ژێر به‌ڕێوه‌به‌ریی تامیر غه‌زبان وه‌زیری نه‌وتی پێشووی عیراقدا، کۆمه‌ڵێک کارناس و به‌رپرسیی کورد و عیراقیی پێوه‌ندیدار به دۆسیه‌ی نه‌وت قسه‌یان کرد. پانێلی شه‌شه‌م که تایبه‌ت بوو به گه‌شه‌سه‌ندنی ئابووری و کاردروستکردن، هه‌ریه‌ک له قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆکی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان، عه‌بدولره‌زاق عیسا وه‌زیری خوێندنی باڵای عیراق و دوگلاس سلیمان باڵیۆزی ئه‌مریکا له عیراق قسه‌یان تێدا کرد. له پانێلی حه‌وته‌مدا که بۆ سیاسه‌تی وڵاته یه‌كگرتووه‌کانی ئه‌مریکا له رۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست ته‌رخان کرابوو، هه‌ریه‌ک له نه‌بیل فه‌همی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی پێشووی میسر و پیتێر بێرگێن کارناسی سی‌ئێن‌ئێن و سوزان گلاسه‌ر شڕۆڤه‌کاری سیاسیی نێوده‌وڵه‌تی و جان ئالتهرمان به‌ڕێوه‌به‌ری پرۆگرامی رۆژهه‌ڵاتی نێوه‌راست له ناوه‌ندی ژیئۆستراتژی و ئاسایشی جیهانی، و کێنێت پۆڵاک توێژه‌ر له ناوه‌ندی سیاسه‌تی رۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست قسه‌یان کرد.
له‌سه‌ر بانگهێشتنی زانکۆی ئه‌مریکیی عیراق له سلێمانی، د. ئاسۆ حه‌سه‌ن زاده به هاوڕێیه‌تیی هاوڕێ عه‌لی بداغی ئه‌مساڵیش به‌شداری دیداری سلێمانی بوو. له په‌راوێزی پانێله‌کانی ئه‌م دیداره‌دا د. ئاسۆ حه‌سه‌ن زاده له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌کی به‌رچاو له که‌سانی ئه‌کادیمی و مێدیایی و به‌رپرسانی سیاسیی کورد و عیراق و دیپڵۆماته بیانییه‌کانی به‌شدار له‌م گردبوونه‌وه‌یه‌دا دیدار و گفتگۆی هه‌بوو و سه‌باره‌ت به خه‌باتی حیزبی دێموکڕات و پێویستیی ئاوڕدانه‌وه‌ی زیاتر له پرسی کوردی رۆژهه‌ڵات قسه‌ی له‌گه‌ڵ کردن. ناوبراو هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی عیراقی و ئه‌ندامه کورده‌کانی پارلمانی عیراق سه‌باره‌ت به پیلانی کۆماری ئیسلامی بۆ په‌سندکردنی پرۆژه یاسایه‌ك به‌دژی پارته سیاسییه‌كانی کوردی رۆژهه‌ڵات قسه‌ی کرد و داوای لێ کردن رێگا نه‌ده‌ن وه‌ها نیازێک تێپه‌ڕێ.
هه‌ر له په‌ڕاوێزی دیداری سلێمانیدا کۆبوونه‌وه‌یه‌ک له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ک راوێژکاری ئیداره‌ی نوێی ئه‌مریکا بۆ د. ئاسۆ حه‌سه‌ن زاده رێک خرا و ناوبراو بانگهێشتی کۆبوونه‌وه‌ی کۆمه‌ڵێک شرۆڤه‌کار و ئه‌کادیمیی کورد و بیانییش سه‌باره‌ت به پرسی کورد له پارچه جیاوازه‌کانی کوردستان کرا. کوردستان و کورد ناوه‌رۆکی ئه‌م دوو کۆبوونه‌وه‌یه دواتر له راپۆرتێکی به‌جیادا بڵاو ده‌كاته‌وه.