دوێنێ پێنج شەممە ١٩ی ڕەشەمە، شێخ نەجمەدین کوڕی شێخ حەسەنی غەوسابات، پیری تەریقەتی قادری لە تەمەنی ٧٦ ساڵی دا، کۆچی دوایی کرد.
شێخ نەجمەدین هەتا ساڵی ١٣٥٢ بە پیشەی مامۆستایەتی(معلمی)یەوە خەریک بوو. دوای کۆچی دوایی شێخ حەسەنی باوکی کە پیری تەریقەتی قادری بوو، جێگای باوکی گرتەوە. شێخ لە نێو پەیڕەوانی ئەو تەریقەتە کە لە ناوچە جۆراوجۆرەکانی کوردستان دا بڵاو بووەتەوە، ڕێز و نفووزێکی تایبەتی هەبوو. شیخ نەجمەدین خۆی و بنەماڵەکەی بە دۆستی بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد لە هەموو بەشەکان و بە تایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەزانی و لە ڕووی ئایینی و کۆمەڵایەتیی پەیڕەوانی ئەو تەریقەتەی ڕێنوێنی دەکرد کە دۆست و دڵسۆزی جووڵانەوەی حەقخوازانەی کوردستان و تێکۆشەرانی نێو ئەو جووڵانەوەیە بن. شێخ خۆشەویستیی پەیرەوانی تەریقەتەکەی و ڕێز و حورمەتی خەڵکی کوردستان بەرامبەر بە خۆی و بنەماڵەکەی، بە پلە و ئیمتیازی ڕێژیمە دەسەڵاتدارەکان نەگۆڕییەوە و پشتی نەکردە خەڵکو نەتەوەکەی خۆی. هەر بۆیە لای چین و توێژە جۆراوجۆرەکانی خەڵک جێگای ڕیز بوو.
ناوەندی راگەیاندنی حیزبی دیموکراتی کوردستان بە بۆنەی کۆچی دوایی شێخ نەجمەدین بەرزەنجی، بە گەرمی سەرەخۆشی لە بنەمالەی شیخ و خەڵکی غەوسابات و هەموو پەیرەوانی ئەو تەریقەتە دەکا و هیوادارە راسپاردەکانی شیخ لە بارەی پێویستیی دڵسۆزی و هاوپێوەندیی پەیرەوانی لە گەڵ بزووتنەوەی نەتەوەیی و حەقخوازانەیئ خەڵکی کوردستان و حیزبی دیموکرات، هەر وا ڕێنوێنی پەیرەو و مریدەکانی بێ.