بەشێک لە چالاکانی مەدەنی بە نووسینی نامەیەک رووبە وەزارەتی دەرەوەی ئێران خوازیاری ئەوە بوون کە لە زۆترین کات دوو چالاکی ئەدەبی وفەرهەنگیی کورد کە ماوەیەکە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی وڵاتی تورکیەوە دەسبەسەر کراون، بەدواچوونیان بۆ بکرێ.
بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی موکریان دوای دەسبەسەرکرانی دوو هاووڵاتی کورد بە ناوەکانی سەجاد جیهانفەر” و حەسەن بەلەدە، لە وڵاتی تورکیە ، بەشێک لە نووسەران و رۆژنامەنووسان و چالاکانی مەدەنی بە بڵاوکردنەوەی نامەیەک خوازیاری ئازاد کرانی ئەو دوو کەسە بوون.
دەقی ئەو نامەیە کە موکریان بڵاوی کردوتەوە وێڕای ئاماژەدان بە هۆکاری ناروونیی دەسبەسەرکردنی دوو چالاکی کوردی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەن دەوڵەتی تورکیەوە، کە شەپۆلێک نیگەرانی و نارەزایەتی لێکەتووتەوە و سەرەڕای بەدواچوونەوە کردنی بنەماڵە و کەسوکارەکانیان تاکوو ئێستا بەرپرسانی ئەو وڵاتە هیچ وڵامێکیان نەداوەتەوە.
شایانی باسە سەجاد جیهانفەرد ناسراو بە (ژیار) نووسەر و لێکۆڵەری بواری فەرهەنگ و ئەدەب و زمانی کوردییە ،کە خاوەنی چەندین وتار و بەرهەمی زانستییەو لە سیما ناسراوەکانی کۆکردنەوەو توێژینەوەکردنی بواری ئەدەبی فۆلکلۆریکە بەتایبەتی لە ناوچە کەڵهووڕ نشینەکانی کوردستان.
ناوبراو بەمەبەستی کاروباری فەرهەنگی چەند مانگ لەمەوپێش سەردانی باکووری کوردستانی کرد، کە لەلایەن پۆلیسی تورکیەوە دەسبەسەر کرا.
هەروەها ئەندازیار حەسەن بەلەدە ، وەرگێڕ و توێژەرو رۆژنامەنووسی لاوی کورد ئەندامی دەستەی نووسەرانی بڵاڤۆکی هوژان کە بەمەبەستی درێژەدان بەخوێندن لە یەکێک لە زانکۆکانی باکووری کوردستان سەردانی ئەو پارچە لە کوردستانی کردبوو ، دەسبەسەر کراوەو، لەگەڵ سەجاد جیهانفەرد لە گرتووخانەیەک لە شاری ماردین راگیراوە.
٢٤١چالاکانی مەدەنی بە خستەبەرباسی خزمەتی فەرهەنگی و ئەدەبی ئەو دوو نووسەر و ئەدەیبە کوردە و بە نووسینی نامەیەک ، داوایان لە وەزارەتی دەروەی کۆماری ئیسلامیی ئێران کردوە کە بۆ ئازاد کردنیان هەوڵی جیددی بدا.