لە باخچەی ساوایانی قوتابخانەی کچانەی شاهید لە شاری بانە هەڵمەتی نەمام چاند بەڕێوەچوو.
بە پێی ڕاپۆرتی مالپەڕی ژینگەوان ڕۆژی دوشەممە ڕێکەوتی ۱٦ی ڕەشەمەی ۹٥ی هەتاوی، پۆلێک لە ئەندامانی ئەنجومەنی “پاژین”ی بانە ، بەشدارییان لە چالاکی نەمام چاندنی منداڵانی باخچەی ساوایانی “ئارسا” لە قوتابخانەی کچانەی بانە کرد.
لەو چالاکییە ژینگەوانییەدا سەرەتا لە لایەن ئەندامانی ئەنجومەنی ژینگەپارێزی پاژین، سەبارەت بە گرینگ پاراستنی ژینگەو گرینگیدان بە دارو دارستانی وڵات باسێک بۆ منداڵان و ئامادەبووان کرا.
لە بەشێکی دیکەی ئەم چالاکییەدا ئەندامانی ژینگەویستی پاژین منداڵانیان وریا کردەوە کە لە بەرەبەری رێورەسمەکانی نەورۆز و دوائەوەش لە بەکار هێنانی تەقەمەنی و ئاگردانی لاستیک کە هەم خەساری بۆ ژینگە هەیە و زۆرجار زیانی جەستەیی لێکەوتووتەوە خۆیان بپارێزن .
دوای خوێندنەوەی شێعرێک لە ژێرناوی “درەخت” کۆمەڵیک نەمام لە لایەن بەشدارابووانەوە چێنرا .
شیاوی باسە ئەنجومەنی ژینگە پارێزی پاژین لەشاری بانە بە مەبەستی پاراستنی ژینگەی ناوچەی بانە پێکهاتووە و، لە دەسپێکەوە تائێستا کۆمەڵێک چالاکیی بەرچاوی لە بواری ژینگەپارێزییەوە لە ناوچەی بانەو شارەکانی دیکەی کوردستان بەڕێوە بردوە.