به‌پێی ئاکامی کۆمه‌ڵێک توێژینه‌وه‌ی زانستی، ده‌رکه‌وتووه که منداڵ له‌رێگای دایک و باوکه‌وه فێرده‌بێ یه‌که‌م وشه‌کان بڵێته‌وه. پسپۆڕانی ئه‌و بواره ده‌ڵێن یه‌که‌م گریانی منداڵ، راست ئه‌و کاته‌ی له دایک ده‌بێ و چاوی به دنیا ده‌پشکوێ، مۆرکی زمانی دایکی پێوه‌یه.
گریانی منداڵ پتر مێلۆدیکه، وه‌ختێک خاوه‌ن زمانێکی تۆنداره و به‌رزی و نزمی پێوه‌دیاره، به‌تایبه‌ت زمانێک که گرێدراوی تۆنهکانییهتی و وشه‌کان به‌یارمه‌تی تۆنه‌کان مانای راسته‌قینه‌ی خۆیان ده‌رده‌خه‌ن. له‌و شێوه زمانانه ده‌توانین ئاماژه به زمانه‌کانی چینی، ڤێتنامی، تایله‌ندی یا زمانی هۆزی ( Nso) له باکووری وڵاتی کامێرۆن بکه‌ین. له‌راستیدا ئه‌و زمانانه پێویستییان به فۆنێتیکی (ده‌نگ / گۆ) به‌هێزتر هه‌یه بۆ ئەوه‌ی خاوێنتر قسهیانپێبکرێت. پسپۆره‌کان هه‌روه‌ها به‌و قه‌ناعه‌ته گه‌یشتوون که کۆرپه ساواکان له‌و کاته‌وه فێری زمانی دایک ده‌بن که هێشتا له منداڵدانی دایکدان و وێده‌چێ هۆکاره‌که‌شی بگه‌ڕێته‌وه بۆ لایه‌نی ژنێتیکی ئه‌و دیارده‌یه.
ئه‌وه که ده‌ڵێ: ” کۆرپه‌کان به زمانی دایکیان ده‌گرین ” بۆچوونی پرۆفێسۆری زمان‌ناس کاتلین فێرمکێ ( Kathleen Fermke) له زانستگای ڤۆرجبورگی ئاڵمانییه. ئه‌و زانایه په‌نجه بۆ جیاوازییه‌ک راده‌کێشێ، که له قیاسی مێلۆدی نێوان زمانه‌کاندا به‌دیده‌کرێت. ئه‌و ده‌ڵێ:
” بۆ توێژینه‌وه‌که‌مان، کاتێک کۆرپه ساواکان له‌برسان ده‌گریان، ئێمه خێرا کۆمه‌ڵێک ده‌نگمان تۆمارکرد.”
کۆڕی توێژه‌رانی ژێرده‌ستی ئه‌و پرۆفێسۆره دوو تاقیکردنه‌وه‌یان به‌ئه‌نجامگه‌یاند. له یه‌که‌م لێکۆڵینه‌وه‌دا، ٤٢ منداڵ تاقیکرانه‌وه. له‌وانه نیوه‌یان منداڵانی ئاڵمانی بوون و نیوهکهیتریش منداڵانی باکووریخۆرههڵاتی کامێرۆن. بۆ دووهه‌م لێکۆڵینه‌وه‌ش، ٥٥ منداڵی ساوای چینی له شاری پێکین تاقیکرانه‌وه.
لێکۆڵینه‌وه‌ی یه‌که‌م که حه‌وت ساڵ پێشتر جێبه‌جێکرابوو، له‌گه‌ڵ لێکۆڵینه‌وه‌ی دوایی هه‌مان ئاکامیان ده‌رخست. واته: ” کۆرپه ساواکان له ئاڵمان ته‌واو جیاواز ده‌گرین له هه‌ڵسه‌نگاندن له‌گه‌ڵ ئه‌و کۆرپهکانهی له فه‌ڕانسه ده‌ژین. مێلۆدی ده‌نگ و گریانیشیان ته‌واو جیاواز ده‌بیسترێ. ئه‌وه‌ش روونبۆوه که کۆرپه‌کانی چینی و کامێرۆنی جیاوازتر له کۆرپه‌کانی ئاڵمانی ده‌گرین، چونکه مه‌ودای به‌ینی به‌رزترین و نزمترین تۆن له ده‌نگیاندا گه‌لێک زۆره.”
به بۆچوونی پرۆفێسۆر کاتلین، جیاوازییه‌کان له زمانی دایکدا ده‌رده‌که‌وتن. وشه‌یه‌ک بۆ وێنه له زمانی ئاڵمانیدا ته‌نیا به یه‌ک بڕگه (سیلابل) دێته گۆ، له‌حاڵێکدا هه‌مان وشه له زمانی چینی یا زمانێکیتردا به چه‌ند بڕگه ده‌گوترێته‌وه. توێژه‌ران به‌و ئاکامه گه‌یشتن که کۆرپه ساواکان ڕاست دوای له‌دایکبوونیان، خێرا له زمانی دایکیان تێده‌گه‌ن. کوردیش به نۆره‌ی خۆی له‌مێژه گوتوویه‌تی: ” منداڵ فرچک به شیری دایک ده‌گرێ ”.
با بزانین گرینگی زمانی دایک له‌کوێدایە. توێژینه‌وه‌کان ده‌رده‌خه‌ن که دوای ته‌مه‌نی نۆ ساڵی، زمانی دایک ته‌نیا ئامرازی دەربڕین و بیرکردنه‌وه‌یه و چه‌شنی ” سیسته‌می به‌رگری ” کاریگه‌ره و وه‌کوو شووره‌یه‌کی ئه‌ستوور له‌به‌رامبه‌ر زمانی بێگانه‌دا کارییه. هه‌ڵبه‌ت ئه‌وه‌ش به‌هه‌ڵکه‌وت نه‌گوتراوه که منداڵان له‌و ته‌مه‌نه به‌ولاوه، له کاتی گوتنه‌وه‌ی وشه‌گه‌لی بیانی تووشی زه‌حمه‌ت ده‌بن، چونکه په‌یامه ده‌نگییه‌کان به زمانی بێگانه ده‌که‌ونه به‌ر ” فیلته‌ر ”ی زمانی دایکیی منداڵ.
به‌پێی بۆچوونی زۆربه‌ی پسپۆرانی بواری په‌روه‌رده‌یی، ته‌مه‌نی گونجاو بۆ فێربوونی زمانی بێگانه، نیوه‌ی دووهه‌می خوێندن له قوتابخانه‌ی سه‌ره‌تاییه. چونکه تا ئه‌و سه‌رده‌مه زمانی دایک ته‌واو جێی‌خۆی گرتووه. منداڵ ئیتر به‌باشی ده‌زانێ به زمانی دایک بدوێ و بنووسێ و له وشه‌کان تێ‌بگا و له یه‌کتریان جیابکاته‌وه. ته‌نیا ئه‌و منداڵانه تووشی گرفت ده‌بن که دایک و باوکیان خۆیان پێوه ماندوو ناکه‌ن و به‌ڕاده‌ی پێویست له‌گه‌ڵیان نادوێن و فه‌رهه‌نگی وشه له مێشکیاندا ده‌وڵه‌مه‌ند نه‌کراوه. به واتایه‌ک زمانی دایکیی منداڵ ئه‌و جۆره‌ی پێویست بووه هێزی وهبهرنهنراوه. زمانی دایک له‌راستیدا ئامراز و بناخه‌یه بۆ زمانه بێگانه‌کانیش. هه‌رچه‌ند ئه‌و وه‌سیله‌یه به‌توانا بێ و بناخه‌ی پته‌وی هه‌بێ، فێربوونی زمانی بیانیش به‌هه‌مان قیاس هاسانتر ده‌بێ.
ئه‌وه‌ی ڕوون و ئاشکرایه که منداڵ له ته‌مه‌نی دوو ساڵییه‌وه تا هه‌شت ساڵی گوێدهگرێ، ده‌بینێ و لاسایی ده‌کاته‌وه و به‌و کارانه‌ی باشتر زمان فێرده‌بێ. بۆیه له‌و فه‌تره زه‌مه‌نییه‌دا گه‌لێک هاسانه منداڵ زمانی دایک به باشترین شێوه و خێرا فێربێ. ئه‌گه‌ر بۆ زمانی دایک ئه‌و وزه‌یه هه‌یه، به‌دڵنیاییه‌وه بۆ فێربوونی زمانی بێگانه‌ش هەروایە، واته پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ی خواستی دایک و باوکه، به‌تایبه‌ت که خوازیاری فێرکردنی زمانی دایک به منداڵ بن. که‌وابوو کاتێک باس له توانایی منداڵ له‌مه‌ر فێربوون ده‌که‌ین، به‌و مانایه نییه له‌جیاتی زمانی دایک، فێری زمانی بیانییان بکه‌ین. دایک و باوک هه‌میشه ” چاوه‌ڕوانی پتر ”یان له منداڵ هه‌یه. به‌رده‌وام بۆیان جێگای پرسیار و خۆزگه‌یه، ئاخۆ که‌ی منداڵه‌که‌یان فێری زمانی بیانی واته زمانی دووهه‌م و سێهه‌م ده‌بێ. به‌پێی ئوسول باشترین فه‌تره و ته‌مه‌نی گونجاو بۆ ئاشنایی منداڵ له‌گه‌ڵ زمانی بیانی، سه‌رده‌می ئاماده‌یی، پێش چوون بۆ قوتابخانه و پۆلی یه‌که‌مه. هه‌ڵبه‌ت ئه‌وه‌ش نه‌ک بۆ فێربوونی زمانه بیانییه‌کان، به‌ڵکوو ته‌نیا پێویسته له چوارچێوه‌ی کۆنتاکت و نیزیککهوتنهوه و ئاشنا بوونی منداڵ به وشه‌گه‌لێک بۆ ده‌وڵه‌مه‌ند کردنی زه‌ینی ئه‌و. زمانی بیانی نابێ هیچکات له‌و ته‌مه‌نه‌دا وه‌کوو ده‌رس و فێربوونی ئیجباری سه‌یربکرێت. چونکه له داهاتوودا ده‌سکه‌وتی باشی بۆ منداڵه‌که لێناکه‌وێته‌وه. ئه‌و ئاشنابوونه‌ش دەبێ ته‌نیا له چوارچێوه‌ی شێعر و گۆرانی و کایه و شتگه‌لێکی هه‌ستبزوێن و عاتیفیدا بمێنێتەوە.
زمانی دایک به‌دڵنیاییه‌وه گرینگی تایبه‌ت به‌خۆی هه‌یه. چ له ئاستی زانستی په‌روه‌رده‌یی و چ له‌باری پاراستنی شوناسی نه‌ته‌وه‌یی. رێکخراوی یۆنسکۆ به تێگه‌یشتن به‌و گرینگییه، ٢١ی فێورییه‌ی هه‌موو ساڵێکی وه‌کوو ”رۆژی جیهانیی زمانی دایک” دیار و په‌سندکردووه. ئه‌وانیش و ئێمه‌ش ئه‌وه‌مان لێڕوون و ئاشکرایه که له‌و چه‌ند ده‌یه‌ی دواییدا زۆربه‌ی زمانه‌کانی دایکیی جێگۆڕکێیان کردووه و ده‌کرێ بڵێین ته‌نیا له به‌شی زمانناسیی خوێندنی باڵادا جێیانگرتووه و بوونه‌ته کهرەستهیهک بۆ توێژینه‌وه، چونکه زمانه‌کانی دیکه، به‌تایبه‌ت ئینگلیزی جێی ئه‌وانه‌ی داگیرکردووه. دیاره ئه‌و ئاڵوگۆڕه پتر ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ چه‌ند هۆیه‌ک که بریتین له: گه‌شه‌ی پێوه‌ندییه نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کان، پێشوه‌چوونی تێکنۆلۆژی و دنیای ئاکادێمی، هه‌روه‌ها پێویستی لێکتێگه‌یشتن له شوێنه‌کانی کار. هاوکات له‌گه‌ڵ ئه‌و ئاڵوگۆڕه، که‌سوکاریش زیاتر له پێشوو منداڵه‌کانیان له قوتابخانه‌گه‌لێک داده‌نێن که زمانی دایک له‌وێ کهڵکیلێوهرناگیرێ. زمان‌ناسان له‌و باوه‌ڕه‌دان ئه‌گه‌ر زمانێک به‌ره‌به‌ره دهکارنهکرێ، له پێشکه‌وتن ده‌وێستێ و چیتر وه‌کوو ئامرازی پێوه‌ندی کاریگه‌ری نامێنێ. ئیتر پاش ماوه‌یه‌ک چه‌شنه کۆمه‌ڵگایه‌کی بێکولتوور و شارستانییه‌ت دروستده‌بێ و له‌ته‌نیشت ئه‌ویش کۆمه‌ڵگایه‌کی یه‌کده‌ست و یه‌کزمان که هیچ پێوه‌ندییه‌کی له‌گه‌ڵ باقی کۆمه‌ڵگا نابێ و ته‌واو بێگانه ده‌نوێنێ و بێبه‌هره له زانست و ئه‌زموونی حه‌شیمه‌تێکی فره له خه‌ڵکی سه‌ر گۆی زه‌وی ده‌بێ، قووتده‌بێته‌وه. پاشه‌کشه‌ی گه‌شه‌ی زمانی دایک یا باشتره بڵێین فه‌وتانی ئه‌و زمانانه، ده‌بنه هۆی خوڵقانی جیاوازیگه‌لێکی کۆمه‌ڵایه‌تی، چونکه زمان که تووشی ئه‌و هه‌موو برین و زامه بوو و له په‌راوێز خرا و ته‌نیا له چوارچێوه‌ی ماڵ، یا له جێژن و بۆنه و پرسه‌کاندا که‌ڵکی لێوه‌رگیرا، له کۆتاییدا ده‌بێته په‌یکه‌رێکی بێڕوحی نێو موزه‌خانه. هه‌روه‌ها ده‌بێ چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ش بکه‌ین که دیارده‌ی زمانی ” به‌رته‌ر / سه‌رتر ” و ” نزمتر ” دێته مه‌یدان، وه‌ک ئه‌مڕۆکه‌ش ئه‌و دیارده‌یه له زۆربه‌ی وڵاتانی جیهان به‌دیده‌کرێت و زمانی یاساغکراو زیاتر ره‌نگ و روخساری زمانی کۆیله‌یی به‌خۆوه‌گرتووه. ئه‌زموونه‌کان ده‌ریانخستووه ئاکامی ره‌وتێکی ئه‌وتۆ کاره‌ساتی لێکه‌وتووه‌ته‌وه. له‌وه‌ش کاره‌ساتتر، په‌روه‌رده‌یه‌کی خه‌راپ و تراژیک و خوڵقانی گرفتی پێوه‌ندی نێوان مرۆڤه‌کان له کۆمه‌ڵگادا که به زه‌قی به‌رچاون. زمانی دایکی هه‌ر گه‌لێک، هه‌ر ته‌نیا ئامرازی پێوه‌ندی و قسه‌کردن نییه، به‌ڵکوو وه‌سیله‌ی گواستنه‌وه‌ی زانیاریی، زانست، باوه‌ڕ و هه‌سته‌کانه. له‌سه‌ر یه‌ک ناسنامه‌ی مرۆڤ و نه‌ته‌وه‌یی بوونیه‌تی. باوه‌ڕ و بایه‌خه‌کانی که به‌درێژایی مێژوو ده‌ستکه‌وتوون، به‌رده‌وام به زمانی دایک تۆمارکراون. پشتگوێ خستنی ئه‌و زمانه، واتای فه‌وتانی هه‌رهه‌مووی ئه‌و ده‌ستکه‌وتانه‌یه. سه‌رجه‌م ده‌توانم بڵێم زمانی دایک، به‌شێک له میراتی شارستانییه‌تی هه‌رکه‌سێکه له کۆمه‌ڵگای خۆیدا.
فره‌ڕه‌نگی هه‌ر ته‌نیا له زمانی دایکدا کورتنابێته‌وه، به‌ڵکوو ئه‌و رهنگاوڕهنگییه دیالێکت و زاراوه‌کان، مێژووی گه‌شه‌سه‌ندن و کولتووری ناوچه‌کانیش ده‌گرێته‌وه. ئه‌وانه هه‌موویان پێکه‌وه قه‌واره‌ی شارستانییه‌تی زمانێک پێکدێنن که ناسراوه به زمانی دایک، یا بهواتایهکیتر زمانی نه‌ته‌وه‌یه‌ک. ئاکام، له هه‌ر شوێنێ کو‌لتوور و شارستانییه‌تی ناوچه‌یی، زاراوه و وێژه‌کان گرینگ‌یان پێدرا، به‌هه‌مان قیاس زمانی دایکیش به‌ها و نرخه‌کانی بۆ ده‌گه‌ڕێته‌وه. مانای فه‌رهه‌نگی زمانیش، ئه‌گه‌ر قبوڵ بکه‌ین که زمان هه‌ر ته‌نیا ئامرازی پێوه‌ندی نییه، به‌ڵکوو ئاوێنه‌ی باڵانوێنی تێفکرین و وێژهریی دنیای هه‌سته‌کانه، ئه‌وسا لێمان روونده‌بێته‌وه که ”کاتێک قسه‌ده‌که‌ین، ده‌رده‌که‌وێ کێین، تا قسه‌مان نه‌کردووه نامۆ هه‌ین ”. له‌و دیالۆگه سۆفیستییهی پلاتۆن (ئه‌فلاتوون)دا ده‌بیستین که کسێنۆس و تێئێتیتۆس له دیالۆگهکهیاندا هاوڕان. ئه‌وان پێیانوایه فکر و زمان له‌بنه‌ڕه‌تدا یه‌ک شتن، زمان به ده‌نگ ده‌رده‌که‌وێ، فکر له زه‌یندا به‌هۆی روح، به‌بێده‌نگی قسه‌ده‌کا. تا بێده‌نگه فکره و که له‌ده‌م هاته‌ده‌ر ده‌بێته زمان.
لێره‌دا پرسیار ئه‌وه‌یه، تا ئه‌و کاته‌ی قسه‌کردنم ته‌نیا ده‌روونی بێ و له‌چوارچێوه‌ی فکردا بمێنێته‌وه و قسهکهرم روح، ئیتر من قسه‌م پێنابێ. به‌ڵام ئه‌گه‌ر ده‌نگم پێبه‌خشی و کردم به زمان، ئا لێره‌دا ده‌رده‌خه‌م که من کێم. تا ئه‌و ساته‌ی هه‌ر به فکر کورد بم و به‌و زمانه نهپهیڤم، ئیتر چۆن کوردبوونم دیاربێ. له‌وه‌ش کاره‌ساتتر ئه‌گه‌ر ئه‌و ده‌نگه، ده‌نگی خۆم، میراتی دایک و باوکم نه‌بێ و بێگانه بێ، به‌دڵنیاییه‌وه ئه‌و کاته خۆیشم هه‌ر بێگانه‌م و زمان و فکریشم بێگانه ده‌مێنێته‌وه.
لە ژماره ٦٩٩ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه