من بەر لە شانزەی سێ،
هەموو بەیانیەک لە خرمە خرمی سێو
لە بۆنی عەتری نێرگزدا دەخنکام
بسکی نەرمی خۆرە تاوم شانە دەکرد
بە بۆنی سێو گیانم پر دەبوو لە لەزەت.
هەموو کات بەر لە شانزەی سێ تەمی پەنجەرەی ژورەکەم
بە دڵۆپە بارانی سەوز
ئاوڕشێن دەکرد.
بۆ بەژنی فێنکی با دەگەرام.
کەچی لە شانزدەی سێ بەولاوە
باوەشم پڕ بوو لە هەناسەی سەرمابردوو
لە ڕوحی هەڵوەریو و ،
لە پێڵاوی جێماو
لە جامی پڕ ئاو.
لە نیگای خنکاویی شار.
بە جانتایەک پر لە بۆنی سێوی ڕزیو
بە ئێوارەیەکی خەم بار
بە ڕەنگی گۆڕاوی خۆرەوە.
کۆڵانە چۆڵەکانی شآرم بە پێی پەتی
بێ ئاوردانە لە دایکم،
لەکەس
لاشەیی ساردی شارم
خستە قەسیدەی شێعرەوە.
من لەو ساوە
پێناسەی مەرگ لە چاوە کزەکانی شانزەی سێدا
دەنووسمەوە
بەسەر پەیژەی شێعری مندا
ژانی گەرمی ئەو باخچە سوتاوە
دەدوێ.
دڵم پرە لە بۆنی پێنج هەزار پەپوولە
لە شانەی جێماوی ژنان لە قژی وەریوی هەر هەموو بەسێکان.
لە دەمی پڕ لە گۆی مەمکی دایکان
لە پیاسەی وەستاو، لە ووشەی نەگوتراو،
لە چاوەروانی گەرانەوەی ماڵ
لە ئاوارە بوونی رۆژ!!!!
هەر وەک جاران.
کوێستان عومەرزادە
15.03.2015