بەرێوەبەرانی پازدەیەمین خولی فیلم و کۆبوونەوەی مافی مرۆڤی ژنێڤ، ڕێزیان لە فیلمسازی کوردیی بەندکراو “کەیوان کەریمی” گرت.
ئەم فیلمسازە کوردە لە مانگی ڕەزبەری ساڵی ٩٤ لەلایەن لقی ٢٨ی دادگای شۆڕشی تاران بە تۆمهتی بێڕێزی بە باوەڕە بەناو پیرۆزەکانی نیزام و هەروەها چالاکیی بە دژی نیزام، ٦سال زیندان و حوکمی لێدانیی ٢٢٣ قامچیان بەسەردا سەپاندووە.
هەروەها دادگای پێداچوونەوە لە مانگی ڕەشەممەی ١٣٩٤دا حوکمی ناوبراوی لە ٦ساڵەوە بۆ یەک ساڵ زیندان کەم کردەوە، ئێستا کەیوان کەریمی چاوەڕوانی بەڕێوەچوونی حوکمی لێدانی ٢٢٣ قامچییە، لە زیندانی ئێڤین دایه.
کەیوان کەریمی لەدایک بوی ساڵی ١٣٦٤ هەتاوی لە شاری بانەیە و دەرچووی بەشی زانستی پەیوەندیی کۆمەڵایەتی لە زانکۆی تارانە و چالاکی سینەمایی خۆی بە کورتە فیلمێکەوە دەست پێ کردوە و نێوەڕۆکی فیلمەکانی لەسەر بنەمای ڕەخنە لە مرۆڤی دنیای ئەمرۆ و کۆمەڵگایە.