ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ١١ی رەشەممە مام هەمزە ئەبووبەکری باوکی هاوڕێ کاک حەمە کۆیی پێشمەرگەی دێرین و ئەندامی هەڵسووڕی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە هۆی راوەستانی دڵەوە لە تەمەنی ٩٥ ساڵی دا لە شاری مەهاباد ماڵاوایی لە ژیان کرد.
مام هەمزە ئەبووبەکری، مرۆڤێکی کورد و نیشتمانپەروەر و ئۆگری ئازادی و کوردایەتی بوو، لە راپەرینی چەکدارانەو سیاسی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ساڵەکانی ١٣٤٧ و ١٣٤٦ی هەتاویدا یەکێک لەو کەسە دڵسۆزانە بووە کە سەرەڕای زەبر و زەنگی ساواک و ژاندارمەری و دامودەزگای جاسووسی حەمەڕەزاشای پەهلەوی، مووچە و مەزرا و ماڵی جێگای حاوانە و حەسانەوەی کادر و پێشمەرگەکانی ئەو سەردەم بووە و زۆر دڵسۆزانە خزمەتی پێکردوون و کەسێک بووە کە هەموو جۆرە یارمەتییەکی بەو شۆڕشە و شۆڕشگێرەکانی کردووە.
ناوبراو دوای بەسەر بردنی تەمەنێکی سەربەرزانە بۆ هەتاهەتایە سەری نایەوە
تەرمی مام هەمزە لە نێو ئاپۆرای خەڵکی ناوچەدا، ڕۆژی چوارشەممە لە گۆڕستانی شاری مەهاباد بە خاکی پیرۆزی کوردستان ئەسپاردە کرا.
کۆمیسیۆنی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان وێڕای پێشکەش کردنی پرسەو سەرەخۆشی لەسەرجەم بنەماڵەو کەسوکاری خوالێخۆشبوو، بەتایبەتی کاک حەمە کۆیی، خۆی لە خەمیان بە بەشدار و شەریک دەزانێ.