بە پێی هەواڵی گەیشتوو لە شاری شنۆ، حاجی ڕەسووڵ جەسووری خەڵکی ناوچەی نەڵۆسی شنۆ، باوکی دوو شەهیدی هەردەم زیندووی حیزبی دێموکراتی کوردستان دوای تەمەنێک ژیانی سەرفەرازانە ماڵاوایی لە ژیان کرد.
حاجی رەسووڵ نەڵۆسی باوکی شەهیدان قادر وخالید جەسووری خاوەنی بنەماڵەیەکی نیشتمانپەرەور و دێموکراتدۆست لە ناوچەی نەڵۆسی شنۆن.
دوو کوڕی خوالێخۆشبوو، حاجی رەسووڵ جەسووری لە پێناوی دەستەبەرکردنی مافی گەلەکەیان لە شەڕ و تێکهەڵچوونی نێوان هێزی پێشمەرگەو داگیرکەران گیانیان بەخت کردوو، چونە ریزی نەمرانەوە.
کۆمیسیۆنی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان وێڕای پێشکەش کردنی پرسەو سەرەخۆشی لە بنەماڵەی شۆرشگێڕی حاجی رەسووڵ جەسووری و سەرجەم خەڵکی کوردپەروەری ناوچەی نەڵۆسی شنۆ، خۆی لە خەمیان بەشەریک وبەشدار دەزانێ.